سێتاقان و یادەوەرییەکانی مانگی ڕەمەزان، ئابلوقەی ئابووری
نووسینی: مامۆستا کارزان
لەبیرمە لە سالی 1990 بۆ یەکەم جار بەرۆژوو بووم تەمەنم 11 ساڵ بوو ئەو کاتی دڵمان زۆر خۆشتر بوو لە ئێستا بەیەکترمان دەگووت زمانت دەربێنە ئەگەر سەری زمانەکەی سپی و وشک بووایە دەمانگووت ڕاستە تۆ بەرۆژوویت.
سەرەتا پارشێوان بەدەنگی دەهۆڵ کوتین لەخەو هەڵدەستاین ئەگەر نا ئەوەی زوو لەخەو هەستا بووایە لە دەرگای ماڵە دراوسێیەکانی دەدا پلکە گوڵنازی دراوسێمان زۆر جار بەو کارە هەڵدەستا لەدەرەوە دەیگۆت هەستاینە؟ دەبووایە بلێین بەلێ بەلێ هەستاینە لەخەو.
بۆن و بەرامی خواردنی پاش عەسران تام و چێژێکی تایبەتی هەبوو ئەوەی کە هەرگیز لە بیر ناکرێت عارەبانە سپییەکەی کاک سەڵاحی ڕەحمەتی بوو پێش مەغریب دەهاتە کۆڵانەکانی سێتاقان دووجار لەسەریەک دەیگووت پاقڵاوە پاقڵاوە، خۆشترین و جۆرەها شێوەی پاقڵاوە و شیرنەمەنی دەهێنا و لەسەر سفرە دادەنران خودا لێت خۆش بێت، بەڕاستی خۆشەویستی هەمووان بوو، دراوسێیەکان خواردنیان بۆ یەکتری دەنارد هەموو کەس و کاری یەکتر بووین ئەو سەردەمی.
لەساڵی 1991 کاتی کۆڕەوەکە لە 14ەمین ڕۆژی ڕەمەزان دا بووین بەرەو ئێران کۆچمان کرد بەداخەوە خۆشیمان لەو مانگە پیرۆزەی ئەو ساڵی نەبینی لەگەڵ ئەوەش زۆرێک لە کەسانی ئەو کات لە ڕۆژووگرتن بەردەوام بوون تا گەیشتن بە ئێرانیش چونکە ئەو مانگە تایبەتمەندی خۆی هەبوو ئەوەی ڕۆژێکی بچوواندبایە ترسێکی زۆری لێ دەنیشت.
سێتاقان بەدەر نەبوو لەو بارە ئابوورییە خراپەی بەسەر کوردستان داهات لە دوای ڕاپەرینەوە تاکو ساڵانی 1996 هەرچەندە ئەو سەردەمیش جۆرێک لەنەبوونی خۆراک و گرانی بازاڕ هەبوو، کاریگەری تەواوی لەسەر خواردن و کەش و هەوای مانگی ڕەمەزان دروست کرد بوو، سەموون و نانی جۆ، بەچاوی خۆم بینیوومە ساوار کراوەتە دۆڵمە لە جیاتی برنج، ئێسک و پروسکی ئاژەڵ لە قەسابخانەکان فرۆشیاری زۆر بوو تا خواردنەکان تام گۆشتاوێکیان لێ بێت گۆشت نرخی خەیاڵی بوو، کەس نەیدەتوانی بیکڕێت، لەجیاتی شەکر شەکرۆکە و شیرنی منداڵان بە چا دەخورایەوە یان قەندە شەکر هەبوو، هەرچی گیای کوردەوارییە کەنگر و کاردی و تۆڵکە و پەرپێنە و گۆرمزە و لە جیاتی برنج و شفتە و دۆڵمە لەسەر سفرەی بەربانگ دادەنران، خەڵک سەردانی ئاشەکانی دەکرد بۆ دەسکەوتنی ساوار و گەنمە کوتا و ئارد زۆربەی پارشێوان ناو سێرێ (نان ساجی) بەکونجی ئامادە دەکرا وەیان بە تەنەکە هیتەر دروست دەکرا و کولێرەی پێ ئامادە دەکرا، سەرەڕای کارەبای کەمیش، سەردەمی شەڕی نەگریسی ناوخۆش جگە لە ئازار و مەینەتی و نەداری خێرمان لە خۆشی جەژنی ڕەمەزانیش نەدەبینی تەنانەت لایەنگرانی هەردوو حیزب جەژنانەیان لەگەڵ یەکتر نەدەکرد.
پاش کۆتایی هاتنی شەڕ و شۆڕ زستان و ڕەمەزان بەیەکەوە قورس بوون زۆربەی ماڵەکان هیتەری تەلیان بۆ گەرم کردنەوە بەکاردەهێنا یان سۆبەی دار، پارشێوان زۆر سارد بوو، هاتنە مزگەوت بۆ نوێژی عیشا و تەراویح و شەوانی پیرۆزی قەدر و بەیانی زۆر قورس بوو، لە بیرمە لە مزگەوتی سەید غەریب یەک یان دوو هیتەری غازی لێ دانرابوو دەبووایە بازنەیەک بەدەورییان دابکەیت و بچینەوە ناو یەک تا بۆ شەوی قەدر و شەوانی تر دابنیشین!
رێکخراوی یونسێف هەڵە نەبم خواردن و خۆراکی بەسەر مامۆستایان دابەش دەکرد سەرەڕای کەمی و نەبوونی مووچەش.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!