ئادار مەشکە لەدار، لێرە یان لە شنگار
دوو بەشی مانگی ئادار دەکەوێتە ناو مانگی (ڕەشەمە-ڕەشەمانگی) ساڵی کوردییەوە، لە سەرەتای ئەو مانگە هیچ قوت و زەخیرە و دانەوێڵەیەک نامێنێ، مانگێکی ڕەشەو لە گۆتە و پەند و بالۆرە و ئیدیۆمی کوردەواری لەسەری وتراوە: ڕەشەمە ڕەشکی ڕووان، بەشەڕ دینی بوک و خەسوان، یان ڕەشەمە بەتاڵ دەبی جواڵ و کەندوو، بەشەڕ دەینی بوک و خەسوو، بەڵام لە دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ئاداریش دەبێتە مانگی (خاکەلێوە) و نەورۆز کە کورد وتەنی دەچێتە نێوبەهار و سەرماوسۆڵەی زستان بارگەی دەپێچێتەوە و گژوگیا مۆڵەت (ئیزن) دەدرێن و پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە، بەمەش گیا و گوڵ نەشونما و باڵا دەکەن و بەرزدەبنەوە و دەبنە لەوەڕێکی پڕ بە زاری مەڕ و ماڵات، ماڵاتیش وەرزی زاوزێی تێپەڕاندووە، بەرخ و کاریلەکانیش وردە وردە فێرە گیاخواردن دەبن و ماست و بەرهەمەکانی زیاد دەبن و وتراویشە: ماستی بواران وەکوو ڕووباران، ئیتر بێرییەکان بە مەنجەڵی گەورە گەورە شیری دۆشراو لە پاوانان و لەوەڕگایان بەسەر سەرەوە دەهێننەوە چ ئاوایی و چ ڕەشماڵان و دەکەونە هەڵبەستنی مەشکە و ژەنینی مەشکە، ئەو هەموو باسکردنە بۆ ئەوەیە بزانرێت: ئادار مەشکە لەدار، لێرە یان لە شنگار، شنگاریش دەڤەرێکی وڵاتی کوردانە، تێکەڵەیەک لە کوردی ئێزدی ئێزدیخان و کوردی موسڵمانی تێدایە هەندێکجار بە (شنگاڵ) و (سنجار) و (شەنگاڵ)یش پێدەوترێت، لە دامێنی چیای (شنگار)ە و تێکەڵ بەدەشتی (نەینەوا) دەبێت و دەشتێکی کاکی بە کاکی بەپیت و بەرەکەتە، ئەو تێکەڵیەش لە ئیدیۆمەکەدا بۆ ئەوەیە بوترێت چ لە گەرمیان و چ لە کوێستان ماست و بەرهەمەکانی زۆر دەبن، ئەوە زیاتر لادێنشینان و ڕەوەند و کۆچەرییە کوردەکان بەکاری دەهێنن. [1]