هەوڵی عوسمانیەکان، ئینگلیز و ڕووسەکان، ڕەزاشای ئێران، سەدام بۆ سڕینەوەی مێژووی کورد
ئومێد نەجم
زۆرجار گلەیی دەکرێت کە گوایە کورد گرنگی و بایەخی نەداوە بە نوسینەوەی مێژووی خۆی نەداوە، بەڵام مێژوو شتێکی تر دەڵێ، شوێنێکی وەک بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا زۆرترین دەستنووسی کوردستانی لێیە، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەرشیفی کورد دزراوە. دزینی کتێبی و دەستنووسی بەنرخ، فەرهود و تاڵانکردنی ئەرشیفی کورد بەشێکە لەپیلانی سڕینەوەی کورد لەڕووی کەلتورییەوە، تا ئەوەی وەک گەلێکی بێ ناسنامە وێنا بکرێ، خۆیشی مێژووی خۆی نەزانێت و بێ ئاگابێت لەڕابردووی خۆی.
$کوا ئەو هەموو کتێبانە کە هەبوون لەناو کتێبخانەکانی کوردستان لەسەردەمانی کۆن؟$
کورد یەکێکە لەو میللەتانەی زۆرترین گرنگی و بایەخی داوە بە زانست و زانیاری و نوسینەوەی مێژووی خۆی، بوونی ئەو هەموو کتێبخانەیە لە مزکەوت و تەکیە و حوجرەکانی کوردستاندا بەڵگەیەکی ڕوونە کە چەند بایەخ درابوو بە عیلم و زانست لەم وڵاتەدا.
بەرهەمی ئەو مەدرەسانە لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا بەهەزاران نوسەری زانستی پەیدا بوونە لەناو ئەم گەلەدا. ئەم کتێبێکی نوسیوەتەوەو، ئەو کتێبێکی دیکەی نوسیوەتەوە، یەکێکی دی “تەعلیقات” و “تەوجیهات”ی پێشکەش کردووە. لەناو حوجرەی مەلا و فەقێکاندا بەشەوو بەڕۆژ قەڵەمیان لەکاردا بۆوەو، بەرهەمی زانستیان پێشکەش کردووە، ئەم هەر نوسینێکی کردبێ ئەو “شەرح” و “حاشیە” و “قەید”ی بۆ کردووە. هەزاران نوسەری “نحو” و “صەرف” و “مەنتق” و “بەلاغە” و “ئوصولی فقه” و “أصوڵی حەدیس” و “کەلام” و “عەقائد” و “ریازیات” و “حیکمەت” و “تەفسیر” و جۆرەها “علوم” و “فنون”. هەرکەس بەتوانای خۆی هەوڵ و کۆششی داوە بۆ، پتەوکردنی بن و بناغەی زانست لەکوردستاندا، بەدرێژایی ئەو هەموو چەرخانەی ڕابردوومان، تا گەیشتین بەئەمڕۆکە.ئەو هەزاران مەدرەسە و ئەو هەزاران هەزار کتێبە کە هەبوون لەمزگەوت و مەدرەسەکاندا و لەناوچەکاندا لەگوندو شارەکاندا، ئەمانە هەموو ڕەنجی مەلاو زانایانی کورد بوو.
$دەستخەتێکی 1300ساڵە لەسەر مێژووی کورد دیار نییە$
زۆرجار گلەیی دەکرێت کە گوایە کورد گرنگی و بایەخی نەداوە بە نوسینەوەی مێژووی خۆی نەداوە، بەڵام مێژوو شتێکی تر دەڵێ، ئەوەتا دەستخەتی ئەنسابو لئەکراد و تاریخی کوردی دینەوەری کە مێژووەکەی بۆ هەزار و سێ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بەکۆنترین سەرچاوەی نوسراوی مێژووییە لەبارەی مێژووی کوردەوە، تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە و ئەویش وەک ئەوانی شوێنبزر کراوە و کەوتۆتە بەر شاڵاوی تاڵانی. مانەوەی ناوی ئەو کتێبەش بەهۆی ئەوەبوە کە کتێبەکانی داوی ئەوە کە نوسراوە ئاماژەیان بەو کتێبە داوە.
$چەند جار هەوڵی دزینی قورئانەکەی نگڵ دراوە$
بە یەکێک لە قورئانە ناسراوەکانی جیهان دادەنرێت کە لە گوندی نگڵ ی ڕێگای نێوان سنە و مەریوان دایە. قورئانەکە پارێزاوە کە بە خەتی کوفەی لە سەر پێستی ئاسکدا نوسراوە مێژووی نوسینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان.
ڕەزاشای پەهلەوی بەخێرایی درکیان بە گرنگی ئەم قورئانە بەنرخە کرد، بەوپێیەی مێژووییەکی زۆر کۆنی هەیە، ساڵی1932 قورئانەکەی برد بۆ تاران بەڵام بە هۆی خۆپیشاندانی خەڵکەکەوە توانیان بیگەڕێنەوە. له دوای ئینقلابیشەوە دووجار هەوڵی دزینی دراوە.
$عوسمانیەکان ئاسەوارەکانی قەڵای کەرکووکيان دزی$
لەبارەی سڕینەوەی مێژووی کورد لە شاری کەرکووک لەلایەن عوسمانیەکانەوە مێژوونوسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاسەوارێکی زۆری قەڵای کەرکووک لەلایەن عوسمانیەکانەوە دزرابوون. کە تا ئیستا لە مۆزەخانەی تۆپقاپی لە ئەستەنبوڵە، کە یەکەم شت دایانناوە لەو مۆزەخانەیە قورئانێکە لە نووسینی خۆشنووسی کورد محەمەد قەرەحەساری کە لەسەردەمی سوڵتان سەلیم قانونی نووسیویەتیەوە”.
$بەهەزاران کتێبی کۆن و بەنرخ چۆن کەوتە دەست ئینگلیزەکان؟$
کتێب لە وڵاتەکەماندا یەکجار زۆر هەبوو، بەڵام لە دوای هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و هاتنی دەوڵەتی ئینگلیز بۆ عیراق، ئەوکاتە کۆمەڵ کۆمەڵ لە موبەشیرەکانی ئەوروپایی هاتنە ناو عێراق و کوردستانەوە، دەستیان کرد بە تەبشیر و بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحیەت. بێگومان ئەم کارە بەڕەزامەندی دەوڵەتی عێراقی مەلەکی بوو. ئەمانە هەروەک بیرو باوەڕی ئاینی مەسیحی یان بڵاو ئەکردەوە، بە گەلێک شێوە لەوڵاتەکەدا لە هەموو کاتدا بەشێوەیەکی تایبەتی و نهێنی دەستیان کرد بەکڕینی دەس نووسی کۆن لەهەموو ناوچەکاندا.
جا بۆ ئەم مەبەستەیان، لەهەر شارێک چەند کەسێک بوو بوون بە چاوساغ و بەکرێگیراویان، ئەمانەش هەر ئەژماردران لەڕیزی مەلا چونکە هەر لەبەرگ و شێوەی ئەوانەدا بوون. ئەم کتێبانەیان ئەکڕیی بەنرخێکی زۆر گران، ئەم کارە وای لێ هاتبوو کتێبێک ئەگەر یەک درهەمی (دراوی ئەو سەردەمە) بکردایە ئەوانە بە چەند قات ئەیان کڕیی، ئەم بەکرێ گیراوانەش، وایان دەنواند لەلای خەڵک کە ئەمانە بۆ خۆیان ئەیکڕن، زۆر دڵخۆشن بەئەم جۆرە کتێبانە، لەبەر ئەمە، بەم نرخە بێ ئەندازەیە ئەیکڕن.
لەگەڵ ئەمەشدا خەڵکی کوردیش لەبەر ساویلکەی و نەزانیی هەر کەس کەیفی ئەهاتەوە کاتێ کە کتێبەکانی بە نرخە بێ ئەندازەیە ئەفرۆشت. زۆر کەس کتێبخانەکەی خۆی هەمووی فرۆشت، بە هەزاران کتێبی نایاب فرۆشرا.
بەڵام زۆر کەس لە مەلا تێ گەیشتووە پێ گەیشووەکان خەفەت باربوون لەداخی ئەم کتێب فرۆشتنە چونکە ئەوانە ئەیان زانی، ئەم بەکرێ گیراوانە کە ئەم کتێبانە ئەکڕن بێگومان بۆخۆیان نایکڕن، چونکە عەقڵ ڕێ نادات ئەم مرۆڤانە بتوانن ئەم نرخە بێ ئەندازەیە بدەن بەکڕینی کتێب، بۆ خۆیان، بە عەقڵی خۆیان ئەیان زانست، کە ئەمکارەیان لە ئەنجامدا کتێب نایەڵێت لە وڵاتەکەماندا، بێگومان یەکێک لەهیواکانی داگیرکەرو وڵاتانی ئیستعمار ئەوەیە ئابڵوقەی ئاین و زانین بدا لەوڵاتدا. بەڵام نە ئەو بەکرێ گیراوانە و، نە ئەو کتێب فرۆشانەش گوێچکەیان ڕادەگرت بۆ قسەو ئامۆژگاری ئەم تێ گەیشتووانەی ناو وڵاتەکەمان.
$کڕینەوەی کتێبە بەنرخەکانی لەلایەن ئینگلیزەوە$
مێژوونوسان ئێژن لەنێو قەڵای کەرکووکدا شوێنەواری ساختمانێکی زۆر گەورەی ڕازاوەی هەبوو، مرۆڤ ئەترسا بچێتە ناوی، بە دیوارەکانیەوە خەتی مێخی (بزماری) هەبوو. هەر لەناو قەڵا مزگەوتێکی منارەداری گەورەی تیا کرابوو. لە حەوشی مزگەوتەکەدا مەدرەسەیەکی مەلایانەی زانستی هەبوو، کتێبخانەیەکی پڕ لە کتێبی دەس نووسی تیابوو کە هەزاران کتێبی بە نرخ بوو. لەسەردەمی ئینگلیزدا کابرایەکی کابرایەکی (مەلا صابیری حافز) ناو زۆری دزیبوو، پاشان فرۆشتبووی بە دائیرەی ئاسار.
ئەم جۆرە نامەردیە لەژێرەوە هەر بەردەوام بوو تا ساڵی 1958ی زایینی، ئەوکاتە شۆڕشی 14ی تەموز- گەلاوێژ هات و، هەموو موبەشیرەکانی دەرکرد لە عێراقدا. ئەوسا ئەم بابەت کتێب فرۆشتنە نەما لەوڵاتدا بەڵام لەدوای چی؟ وەک شعرە ناودارەکەی شێخ ڕەزا کە ئەوترێ: (تازە ئەچێ بۆ بەسڕا، بعد خراب البصرە).
لەدوای ئەوەی چەند کتێبخانە فرۆشران و، پەرپووت بوون و، کتێبی وایان تیا نەما کە بایەخ دار بێ، چەند کتێب هەبوون ناویان دابووە، لەبەر باشی و سودبەخشیی کە چەند کەس چوونە بۆ ئەو مەدرەسانەی کە ئەو کتێبانەی تیایە بۆ ئەوەی کە سوودیان لێ وەربگرن، بەڵام کاتێک زانراوە، ئەو کتێبانە نەماون.
$ئەو کتێبانەی بردیانە دەرەوە، چی لێهات؟ $
بێگومان کەس سوراخیانی نەئەزانی، کەس نەیئەوت: ئایا دزراون، یان فرۆشراو؟. هەر ئاوها زۆر کەس کتێبی ئەدزرا لەناو کتێبخانەکەی خۆی کەس نەی ئەزانی کێ دزیی؟ بۆ کوێ برا. بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کتێبانەی هەموو فرۆشران، یا ون بوون و دزراون و نەماون لەناو کتَبخانەکانی کوردستاندا ئەنجامیان بەوەگەیشت:
ئەو کتێبانە هەمووی، ئەو بەکرێ گیراوانە هەر کەس بەتوانای خۆی، لە کردارە چەپەڵەکەیدا، بەچەند قات، بە قازانج ئەیانی فرۆشتەوە، بە موبەشیرەکان، ئەوانیش هەر کەس ئەو کتێبانەی ئەنارد بۆ وڵاتەکەی خۆی. ئێستا هەموو ئەو کتێبانە وا دانراوان لەناو کتێبخانەکانی ئەوروپا لە ئینگلتەرا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ڤاتیکان و ئەم وڵاتانە.
$فەرهودکردنی کتێبخانەی مەدرەسەی بیارە$
بیارە کە لەناوچەی هەورامانە لەپارێزگای سولەیمانی، هەموو کات مەدرەسەکەی جێگەی مەلا و فەقێیان بوە. هەردەم لەم چاوگەیەدا سەد تا سەدو پەنجا فەقێ دەیانخوێند. بنەماڵەی شێخانی بیارە کتێبخانەیەکی یەکجار زۆر دەوڵەمەندو گرنگ و بێ هاوتایان لەناو ئەم مەدرەسەیەدا پێک هێنا بوو. هەموو بابەتە کتێبێکی تا کۆ کرابوەو، ئەمەش بەدرێژایی چەند پشت بەم جۆرە هاتبوە خوارەوە. بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 1958 باری سیاسی وڵات تێک چوو، ئەوکاتە کتێبخانەکەش هەموو فەرهودکرا لەلایەن ئاژاوەچییەکانەوە.
$یەک ملیۆن وێنەی مێژوویی کەرکووک تاڵانکرا$
شێخ ڕەزا، دیوانەکەی بە زەعفەران بە دەست وخەتی خۆی نووسیبووی، لەناوچو.
شێخ پیرۆت تاڵەبانی لە بەشێک لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەرشیف وبەڵگەنامە وزیاتر لە یەک ملیۆن وێنەی ڕەش وسپی ڕووداو وکەسایەتی ویانە ودیمەنەکانی کەرکووک دەکات, کە لە ڕاپەرینی بەهاری (1991) دا, بەعس تاڵانی کردن وسوتاندنی، شێخ پیرۆت دەربارەی ئەرشیفەکەیان دەڵێ :
یەکێک لەو دەستنووسە دەگەمەنانەی لە ناوچوو، دەستنووسێکی دەگمەن وپڕ بایەخی شێخ ڕەزای تاڵەبانی بوو, ئەو دەستنووسە دوو بەش بوو, بەشێکیان (36) لاپەڕە بوو, شێخ ڕەزا بە زەعفەران بە دەست وخەتی خۆی نووسیبووی, بەشەکەی تر سێ دەفتەر شیعر بوو, کە بە خەتی کاکە حوسین سەید ئەحمەد خانەقا نووسرابوو, سەید ئەحمەد خانەقا و کاکە حوسێن گرنگی زۆریان بە شیعرەکانی شێخ ڕەزا داوە.
$مام جەلال ئاگاداری ئەم دەستنووسانە بوو$
مام جەلال ئاگاداری ئەم دەستنووسانە بوو, هەر دوای ڕاپەڕین کە چاوی بە شێخ پیرۆت کەوتبوو, پرسیاری ئەو دەستنووسانەی کرد بوو, جگە لەو دەسنووسانە دەیان بەڵگەو دەسنووسی تر سوتێنران، یان تاڵان کران، لە وانە (802) لاپەڕەی بیرەوەری خودی شێخ پیرۆت لە بەندیخانەو زیاتر لە یەک ملێون وێنەی سەردەمە جیاجیاکانی کەرکووک, کە بەشێک بوون لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و وەرزشی ورووناکبیری کەرکووک. کە وێنانە بەڵگەیەکی گرنگ بون بۆ کوردستانێتی کەرکووک
بە پێی قسەی هەندێک لە شایەتحاڵکان تا زیاتر لە نۆ ڕۆژ تاڵانکردن لە ماڵی شێخ پیرۆت کۆتایی نەهاتووە. لە ناو کەل وپەلە تاڵانکراوەکاندا دوو (دەوری فەخفوری) کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی (1172)ی زاینیی، کە قەت لە بیر شێخ پیرۆت ناچێتەوە.
$بەعس چاوی بڕیە کتێبە دەستنووسەکانی کورد$
یەکێک لەو کارەساتانەی بەسەر کتێبخانەی گشتی کەرکووک هات، بردنی سەدان کتێب و دەستنوسی دانسقەو گرنگ و تایبەت بە مێژووی کەرکووک و کورد و کوردستان لەلایەن بەعسەوە. حکومەتی بەعس چەند ساڵ جارێک دەکەوتە گیان کتێبخانەی کەرکووک و بەشێکی گرنگی ڕۆشنبیری کەرکووکی دەدزی و دەیبرد بۆ بەغدا، کتێبخانەی کەرکووک کتێبخانەیەکی ئێجگار دەوڵەمەند بوو.
هەروەها لەکارەساتی ئەنفالی ساڵی 1988 پاش ڕووخاندنی 4500 گوندی کوردستان، ڕژێمی بەعس هەموو دەستنووسە ئاینی و ئەدەبیەکانی گەلی کوردی بردە (دار مخگوگات صدام) لەبەغدا و پاش ڕووخاندنی ڕژێم لە 2003 کەس نازانێ ئەو دەستنووسانە ماون یان فەوتاون و تاڵان کران.
$فەرهود و تاڵانکردنی ئەرشیفی بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخ$
جل و بەرگ و سەعات و شتوومەکی تایبەتی کاک ئەحمەدی شێخ و نەوەکانی تا ساڵانێکی زۆریش لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پارێزراو بو، هەروەها جلەکانی کاک ئەحمەد و جلە ڕەسمیەکانی شێخ مەحمودی حەفید، بەڵام لەساڵی 1992دا چەند کەسانێکی چوونە سەر ماڵی (شێخ حەسەنی شێخ ڕەئوفی حەفید) ئەو قاسەیەی کە پڕ بوو لە کەلەپوور و بەڵگەنامەی بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخ و نەوەکانی و جل و بەرگی شێخ هەموویان بە تاڵانبرد.
وە جارێکی تریش لە ڕووداوە ناخۆشەکانی 31ی ئابی 1996دا ماڵی شێخ جەلالی حەفید تاڵان کرا، کە ئەو ماڵە سێ قاسەی پۆڵاینی تیابوو تایبەت بوو بە شتی تایبەتی شێخ مەحمود و شێخ سەعیدی باوکی و کاک ئەحمەدی شێخ و یادگارێکی مەحمود خانی دزڵی و شێخ حەسەن قەرەچێوار و کەلەپور و شتومەکی بەنرخ. ئەوەی جێ داخە لەهەموو بەسەرهاتە ناخۆش و ڕەوکردن بۆ ئێران لەساڵی 1920دا تا ئەو ساڵە و حەپسی و دەربەدەری کە بەسەر ئەو بنەماڵەیەدا هاتووە، توانرابوو ئەو شتومەکانە بپارێزن لە دەست دوژمن، بەڵام لە شەڕی براکوژی دا ئەویش ڕزگاری نەبوو بە تاڵان برا.
$گرنگی کتێب و دەستنووس و بەڵگەنامەکان بەلای کوردەوە$
لە سەردەمی کۆنەوە بگرە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش، ئەرشیفخانەی نیشتمانیی ئەو وڵاتانە (بەڕیتانیان، فەڕەنسا، ڕووسەکان، عوسمانلی، ئەڵمانیا) پڕیەتی لەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە. بۆیە گەڕان بە دوای ئەو دەستنووس و کتێبانە و دۆزینەوەیان و پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەریان و ساخکردنەوەیان، بایەخێکی زۆری مێژوویی، سیاسی، تەنانەت کۆمەڵایەتی و کولتووریشیان بۆ کورد لە ئێستا و ئاییندەدا هەیە.
قسە بەناوبانگەکەی (چەرچڵ) کە دەڵێ: “ مێژوو بخوێنە، لەوێدا نهێنییەکان شاردراونەتەوە”.
ئەرشیفخانە نیشتمانییەکانی (مۆسکۆ، لەندەن، پاریس، تاران، ئەنقەرە و قاهیرە) پڕن لە بەڵگەی گرنگیی مێژوویی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەوە هەیە.
ئەگەر ساخ بکرانایەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرایە، هەنووکە پەرتووکخانەی کوردی پێویستییەکی زۆری خوێنەری کوردی پڕ دەکردەوە و خاوەنی گەنجینەیەکی باشی سەرچاوە و ژێدەری مێژوویی دەبووین.[1]
$سەرچاوە$
1-بووژانەوەی مێژووی زانایانی کورد: مەلا موحەمەد عەلی قەرەداخی
2-جارانی کەرکووک: زاهیر شکور
3-حەپسەخانی نەقیب: درەخشان شێخ جەلا حەفید