دەقی پیرۆزباییەکەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان:
- جەماوەری تێکۆشەرو خۆڕاگری کوردستان...
- کەس و کارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
ئەمڕۆ 27 بیست و حەوت ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی YNDK تێدەپەڕێت، لەم ڕۆژەدا YNDK وەکو ڕێکخستن و هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەریی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لەدایکبوونی خۆی و ڕاگەیاندو بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران، YNDK هەر لەسەرەتای تەمەنیدا توانی بوون و کاریگەری خۆی بسەلمێنێت و، بەهۆی کاری بەردەوامی لەسەر خزمەتکردن و کارکردن بۆ سەربەخۆیی کوردستان کاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسییەکان دروست بکات، YNDK بەردەوام لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بووە و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییە سیاسییەکانی پیلانە نەگریسەکانی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و کوردستانی ئاشکراو ڕیسوا کردووە و ڕووبەڕوویان بۆتەوە، لەهەمان کاتدا YNDK هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە پەروەردەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاشناکردنی تاکی کورد بە ناسنامەکەی و پەیوەستبوونی بە خاک و وڵات و کلتورەکەیەوە بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتی تاکی کورد لەسەر بنەمای باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو شێلگێڕانە ڕووبەڕووی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDKوایکردووە زۆر بەخێرایی بەدیاربکەوێ و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی مەزندا.
ئێمە لەکاتێکدا کەوا یادی (27)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی YNDK دەکەینەوە بەهۆی هەستیاری و ئاڵۆزی ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر کوردستان هەن، وایانکردووە کوردستان بکەوێتە ڕەوشێکی زۆر ناسک و هەستیار، ئەوەتا لەلایەک دەسەڵاتدارانی بەغدا تا ئێستاش دەستبەرداری عەقڵییەتی خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی کورد نەبوون و سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر باشووری کوردستان جێبەجێ دەکەن، لەلایەکی دیکەوە داگیرکەرانی کوردستان لەهەموو لایەکەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، ڕژێمی داگیرکەری تورکیا کە ساڵانی ڕابردوودا بە جۆرەها چەک هێرشی کردە سەر شارو شارۆچکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و خاکەکەی وێران و سوتماک کردو خەڵکەکەشی جینۆساید و ئاوارە کرد، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت، لە باکووری کوردستان ؛ ئەوا دەبینین ڕژێمی تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنی نەتەوەکەمان و هیچ شتێکی پێ ڕەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانی دەکات و دژی بوونی کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ؛ ڕژێمی ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانی گەنج و ئازادیخوازانی کورد، ڕژێمی سوریاش سەرەڕای ڕەوشی نالەباری خۆی ئامادە نییە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا چارەسەربکات، بەڵێ ئەوە ڕەوشی ئێمەی کوردستانییانە، لێرەوە جارێکی دیکە ئەو هەڕەشە و پیلانانەی داگیرکەران بەتوندی ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و وەک هەمیشە دژیان دەوەستینەوە، بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەکان خەباتی گەلی کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە باشوورو باکوورو باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەک هەمیشە پشتیوانی و هاوکاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین.
لەم بارودۆخەو لە ڕەوشێکی وادا ؛ بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکی دیکە جەختدەکەینەوە سەر بەستنی (کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، داڕشتنی بەرنامەیەکی سەردەمیانەی کارو خەبات بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان بەرەچاوکردنی بارودۆخیان بەکارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەشدا ئێمە وەکو YNDK وەک هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت هاوکارو پشتیوان دەبین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەک دەکەین کەوا بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان کاربکەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەوشەدا بکەین، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەبێت.
- جەماوەری دڵسۆزو وڵاتپارێزی کوردستان...
سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای باشووری کوردستان؛ ئێمە وای دەبینینەوە کەوا ناوەندی سیاسی لێکترازاو و پەرش و بڵاوەو پێویستی بە ڕێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستی جەماوەریش گلەیی و گازاندەی زۆر هەن لەو ناعەدالەتییانەی کەوا لە باشووری وڵاتدا هەن، ناعەدالەتی سیاسی و جەماوەری و ئابووری، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری کوردستان زیاتر لەیەکدی نزیکببنەوەو هاوکاری یەکتربن، بۆ ئەم مەبەستە جارێکی دیکە داوای پێکهێنانی (ئەنجوومەنی سیاسیی کوردستان) دەکەین، کە ئەنجوومەنێک بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنی دەزگا و دامەزراوەکانی کوردستان.
لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شکۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و (27)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین و، ڕێزو هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی کوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و بەرخودانی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەرز ڕادەگرین و پشتیوانی خۆمانیان بۆ ڕادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەک هەمیشە لەسەر ڕێبازی شەهیدان، ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی لە پێناو هێنانەدی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکگرتوو دیموکرات درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود)و تەواوی شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- مردن و ڕووڕەشی بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان
- بێتەدی کوردستانێکی سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
1 ی نەورۆزی 2722 ی کوردی - 21 / 3 / 2022 ی زایینی
#هەولێر# - باشووری کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!