دەقی پەیامەکەی غەفوور #مەخموور#ی، سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان:
- جەماوەری خۆڕاگرو وڵاتپارێزی کوردستان...
- کەس و کارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
- حزب و لایەنە سیاسییە تێکۆشەرەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی...
جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆزبێت...
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی کوردییەوە جوانترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و گەریلا و #شەڕڤان#ان و زیندانیانی سیاسی نێو زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستان و ئێوەی خۆشەویست دەکەم و، هیڤیدارم ئەم نەورۆزە ببێتە نەورۆزی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان و ڕزگاربوونی نەتەوەکەمان لەژێردەستی داگیرکەران.
بێگومان نەورۆز سیمبوڵی نوێبوونەوەو دەستپێکردنی ژیانێکی نوێیە، ئومێد دەکەين ئێمەی کوردیش وەکو نەورۆز دەست بە ژیانێکی نوێتر بکەین و کارنامەو بەرنامەیەکی نوێ بۆ داهاتوومان دابڕێژین و بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنێین، ئەمەیش بە ڕێکخستنەوەی ناوەندی سیاسی کوردستان و یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دێتەدی، بۆئەمەش پێویستە بە زووترین کات (ئەنجوومەنی سیاسیی کوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنەساسییەکانی کوردستان پێکبهێنرێت، بێگومان ئەمەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز، لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستی نەتەوەیی پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکبوونی کوردان و بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بکەین کە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی مەزن بگرێتەخۆ، ئەمەش ئەڕکێکی بەپەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەم قۆناخەی خەباتی گەلی کوردستانە، لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کار بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی بکەین، لەبەرئەوەی تەنها به یەکڕیزی و یەکدەنگی دەگەین بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
- جەماوەری تێکۆشەرو خۆڕاگری کوردستان...
نەورۆزی ئەمساڵمان لەگەڵ نەورۆزی ساڵانی ڕابردوو جیاوازە، لە لایەک ڕژێمی عێراق کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 ەوە #کەرکووک# و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توز#خورماتوو#ی داگیرکردۆتەوە لەو کاتەوە تا ئێستا ڕەوشی ئەو ناوچانەی داگیری کردوونەتەوە ئاسایی نەکراونەتەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامن لە جێبەجێکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن و بەرسیکردنی گەلی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە ڕژێمی داگیرکەری تورکیا سەرەڕای دژایەتی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان، بەردەوام شەڕ بە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستانیش دەفرۆشێت، ئەوەبوو لە ساڵی 2018 تورکیای فاشی هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و، دوای بەرخودانێکی بێوێنەی شەڕڤانان و گەلەکەمان لە هەمبەر هێرشی ڕژێمی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕژێمی تورکیای فاشی و خوێنڕێژ لە 18 / 3 / 2018 ەوە عفرینی قەڵای بەرخودانی داگیرکردووەو لەو کاتەوە تا ئێستا دەستی بە وێرانکردنی شارەکە و ئاوارەکردن و جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی کردووە و لەهەمان کاتدا ڕژێمی تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانی چالاکوانان و گەنجانی نەتەوەکەمان، بێگومان تێکڕای ئەم تاوانانەش بە بەرچاوی هەموو دونیاوە ئەنجامدەدرێن و، وڵاتانی زلهێزی ویژدان مردوو بێدەنگن و ئارەقەی شەرمەزاریان لێدەتکێت، لێرەوە جارێکی دیکە زۆر بەتوندی داگیرکردنی کەرکووک و عفرین و گرتن و لە سێدارەنی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستان دژ بە گەلی کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، لەهەمان کاتدا سڵاوو ڕێزو خۆشەویستیمان بۆ خەڵکی خۆڕاگری گەلەکەمان لە کەرکووک و عفرین و مەخموور و شنگاڵ و زوممار و توزخورماتوو هەیە و، پێیاندەڵێین کەوا ئەو داگیرکارییە تا سەر نابێت و، پێشهاتەکان پێماندەڵێن داگیرکەران باجی قورسی ئەو سەرەڕۆییانەی خۆیان دەدەن و دەچنە زبڵدانی مێژووەوە.
لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستی و پیرۆزبایی دووبارەمان بۆ هەموو لایەک.
هەر بژین و سەرکەوتووبن و سەربەخۆیی کوردستان ببینن.
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
ئێوارەی 20 / 3 / 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!