زەکریای ڕازی، پزیشک و فەیلەسووف و کیمیاگەری بەرجەستەی ئێران کە هەندێ شاکاری گرانبەهای لە بواری پزیشکی و کیمیا و فەلسەفە وەک یادگارێک پاش خۆی جێ هێشتووە. لە جیهاندا بە گشتی وەک دۆزەرەوەی ئەلکحول(سپیرتۆ) و جەوهەرەی کبریت(ئەسید سولفوریک- ترشی سولفۆریک) ناسراوە.
ناوی ڕاستەقینەی (محمدبن زکریای بن یحیی ڕازی) یە و هەروەها بە (ئەبوبەکر محمد بن زەکریا بن یحیی ڕازی) یش دەناسرێت و جیهان بە زەرکریای ڕازی دەیناسێت. ئەم زانا بلیمەتە لە بنەماڵەیەکی سوننە مەزەب لە دایک بووە، ئەگەر چی لە سەرەتادا موسلمانێکی بڕوادار بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات وخوێندنەوە لێکۆڵینەوە و ئەم زانستەی کە بەدەستی هێنا، گەیشتە ڕاستییەک کە هەموو بیرو باوەڕە پێشووترەکانی خۆی وەلا نا و هەر هەموویانی بە هەڵەیەکی گەورە وەسف کرد.
ڕازی بە هۆی هەڵگەڕانەوەی لە بنەما ئیسلامیەکان، لە لایەن پیاوە مەزەبی و ئایینیەکانی سەردەمی خۆی وەم مولحید و کافر لە قەڵەم درا و تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر هات، بە جۆرێک کە بە هۆی ئەوەی پەرتووک و نووسینەکانیانی بەسەریان دادا بینیایی چاوەکانی لە دەستدا. بەداخەوە تاکو ئێستاش شوێنی ڕاستەقینەی نێژرانی دیار نییە و کەس لەبارەی گۆڕەکەی و شوێنەکەی نازانێت.
ڕازی بڕوای بە خوا هەبوو بەڵام وەحی و پیامبەرایەتیی ڕەت دەکردەوە. ئەو دوو پەرتووکی لە ژێر ناوی نقض الأديان و مخارق الانبياءدا نووسی کە بەدوای یەکتر بە واتای ڕەتکردنەوەی ئایینەکان وفێڵەکانی پەیامبەرەکانن کە وەک کوفریاتی ڕازی باسی لێدەکرێت.
ئەم دوو پەرتووکەی ناوبراو لە ئێستا چیتر بوونیان نییە و لە هیچ شوێنێکی جیهان نایاندۆزییەوە و لە لایەن مەزەبیەکان و تووندڕەوەکانەوە لەناو براون.بەڵام ئەبوو ڕەیحانی بیرونی لە پەرتووکی پێرستی جامع دا کە لە نووسینەکانی خۆیەتی باسی ئەم دوو کتێبەی ڕازی دەکات و ناوی هێناون.
ئەبو ڕەیحان سەبارەت بە هزر و بیرەکانی ڕازی لەبارەی پەیامبەرانەوە دەڵێت: ڕازی لەو باوەڕەدا بوو، هەموو مرۆڤەکان هێز و توانای گەیشتن بە زانین و زانایی و مەعریفەیان هەیە و هیچ جیاوازیشیان لە گەڵ یەکتر نییە.ئەگەر خوا پەیامبەرایەتی بە قەوم و نەتەوەیەک ببەخشێت ئەمە بە واتای ئەوەیە کە ئەوانیان بە گەورەتر لە دیکەی مرۆڤەکان زانیوە و ئەم گەورە بوونە هۆکارێکە بۆ جەنگ و دژایەتی و لە کۆتاییدا مردن و لەناوچوونی مرۆڤەکان کە ئەمەش لەگەڵ حیکمەت و بەزەیە و ڕەحمەتی ئیلاهی سازگار نییە و ناگونجێت.لە ڕوانگەی ڕازی ئایین و مەزەبەکان هۆکاری شەڕ و جەنگ و کێشەکانی مرۆڤن. ئەو لە خراپترین حاڵەتدا پەیامبەرەکانی بە فێڵباز دەزانی و لە باشترین حاڵەتیشدا ئەوان کەسانێک بوون کە هاوسەنگییەکی ڕۆحی و دەروونیان نییە.لە ڕوانکەی ڕازیدا بانگەشەی موعجیزە لە ڕووی مەنتیق و لۆجیکەوە هەڵەیە چونکە تیکدانی یاساکانی خوڵفاندن ئەویش تەنیا بۆ سەلماندنی شەرعییەتی تاکیک و کەسێک جێگای قبوڵ نییە.
پاوڵ کراوس، ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگی ئەوروپی لەبارەی ڕازی دەڵێت:
بێگومان ڕیبازە هزرییەکەی ڕازی گەرمترین و قورسترین موناقشە فەلسەفیانەی لەخۆ دەگرێت کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دروست بووە.!!!
بە گوێرەی ئەبوو ڕەیحانی بیرونیڕازی نەک تەنیا ئیسلام بگرە هەموو ئایینەکان بەلایەوە قەبیح و ناشیرین بوون. ئەو هەموو ئەو کەسانەی کە لە سەرەتادا بانگەشەی پەیامبەرایەتییان کردبوو وەک ئیبلیس و شەیتان وفێڵبازێک دەزانی کە لە باشترین حاڵەتدا نەخۆشیی دەروونیان هەبووە.هەروەها ڕازی قورئان بە کۆمەڵە ئەفسانەیەک دەزانی کە هیچ زانیارییەکی سوودبخش و ئەوتوویان تێێدا نییە.
یەکێک لە فێرکارییەکانی ئەوە بوو کە هەموو مرۆڤەکان پشکیان لە زانایی و زانیندا هەیە تاکو بتوانن ڕاوبۆچوونی ڕاست و دروست لەبارەی بابەتە زانستی و تیوریەکان بەدەست بێنن، مرۆڤەکان بۆ ڕێنمایی بوون و هیدایەت بوون پێویستیان بە لیدەر و ڕێبەرە ئایینیەکانی نییە، لە ڕاستیدا ئایین و مەزەب زیانبخەشە و هۆکارە گەلی ڕق و کینە و شەڕ و جەنگە.سەبارەت بە هەموو پلە و پۆستەکان و گەورەکان و هەموو وەڵاتەکان گومانی هەبوو.
ڕازی سەبارەت بە قورئان دەڵێت:
تۆ کە بانگەواز و بانگەشەی ئەوە دەکەی کە ئەو موعجیزەیەی کە وا (پەیامبەرایەتی موحەمەد دەیسەلمێنێ) ئامادە و لە بەردەستە، واتە قورئان. تۆ دەڵێی هەر کەس ڕەتی دەکاتەوە با یەکیکی هاوشێوەی بێنێت. لە ڕاستیدا ئێمە دەتوانین بەهەزاران هاوشێوەیەی بۆ بێنینەوە ئەویش لە شاکاری گووتە بێژەکان و قسە زانەکان و شاعیرەکان کە زۆر باشتر و جوانتر لە قورئان ڕەستە بەند کراون و تیگەیشتن و چەمکەکانیشیان پڕتره و باشتر خەڵک تێدەگەیینن. ئەوان واتا و مانایەکی باشتر دەگەییننو کێش و وەزنی شیعیریان باشتره. سوێند بە خوا کە ئەو شتەی تۆ دەڵێی تووشی سەرسووڕمانمان دەکات. تۆ سەبارەت بە پەرتووکێک قسە دەکەی کە (مست)ێک ئەفسانەی کۆنە کە دەیگێڕێتەوە لەگەڵ ئەوەی کە پڕە لە جیاوازی کەمووکوڕی و هیچ زانیاری یا شرؤڤە و شی کردنەوەیەکی سوودبەخش و ئەوتووی تێیدا نییە، ئینجا تۆ دەڵێی شتێکی وەکو ئەو و هاوشێوەی ئەو بێنە؟!!
ڕازی پیاوێکی خۆش ڕۆ و خۆش ڕەفتار و لە خوێندنەوە بەپەرۆش بوو و خۆی ماندوو دەکرد. ئەو گرنگییەکی تایبەت بە نەخۆشەکانی دەدا و تا ئەو کاتەی کە لە نەخۆشی و هۆکاری نەخۆشی دڵنیا نەبووبا و نەیزانیبا وازی نەدەهێنا و سەبارەت بە هەژار و دەستکورتەکانیش زۆر میهرەبان و بە بەزەیی بوو. ڕازی پیچەوانەی زۆربەی پزیشکەکان، کە زیاتر حەزیان لە چارەسەرکردنی پاشاکان و گەورەکان و دەسەڵاتداران بوو، زیاتر لە گەڵ خەڵکی ئاسایی و سروشتی سەروکاری هەبوو.ئیبن ئەلنەدیم لە پەرتووکی ئەلفهرستی خۆیدا دەڵێت: بەزەیی و میهرەبانی بە هەموو کەس و بە تایبەت بە هەژار و دەستکورت و نەخۆشەکانی دەهاتەوە، لە حاڵ و بارودۆخیان دەپرسی و سەردانیانی دەکردو مووچە و پارەیەکی باشیان بۆ تەرخان کردبوو.ڕازی، لە پەرتووکێکدا بەناوی سیفاتی نەخۆشخانە، ئەم بیروڕایەی خۆی ڕادەگەیێنێت کە هەر کەسێک شیاوی کاری پزیشکی نییە و پزیشک دەبێت هەندێ سیفات و پیناسە و تایبەتمەندیی تایبەتی هەبێت.ڕازی سەبارەت بە نەزانی خۆ بە زانا دەرخەر(نەزانی خۆ بە عالیم زان)هەندێ ئاشکرا کردنەکانی جۆراوجۆری هەیە و لەگەڵ کەڵک و ئەو کەسە کەم خویندەوارانەی کە خۆیان بە پزیشک دەزانن و هەروەها کەسوکاری نەخۆش کە خۆیان لە کارو باری پزیشکی هەڵدەقوڕتاند بەتووندی دژایەتی دەکرد و هەر بۆیەش هەندێ دژبەری هەبوو.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!