ناو: عەبدولقادر
نازناو: قادری سەیاحی
ناوی باوک: سەید محێدین سەیاحی
ساڵی لەدایکبوون: 1943
شوێنی لەدایکبوون: شاری #مەهاباد#
شوێنی کۆچی دوایی: مەهاباد
ساڵی کۆچی دوایی: #17-04-2022#
$ژیاننامە$
عەبدولقادر سەیاحی کوڕی سەید محێدین سەیاحی یە و ساڵی 1322ی هەتاوی دەکاتە 1943ی زاینی لە شاری مەهاباد لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە مەهاباد دەسپێکرد وە و تا وەرگرتنی دیپڵۆم هەر لەو شارە خوێندوویەتی. پێش دەسپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران وەک سەرپەرەشتی ئۆرکێستری ئەڕتەش دادەمەزرێ و هەر لەو ماوەدا بۆ ماوەی شەش مانگ دەچێتە شاری باکۆ لە ئازەربایجان بۆ دیتنی دەورەیەکی مۆسیقی. ساڵەکانی 1368هەتاوی (1989ز) تا کۆتاییەکانی 1379 (2000ز) لە بەشی مۆسیقای ناوەندی سەلاحەددین لە ورمێ چالاک بووە و خەباتی هونەری کردووە.
سەیاحی ئاوازدانەرێکی بە توانا بوو و خاوەنی چەندین ئاوازی نەمرە کە هەم میلۆدیەکەکان و هەم شیعرەکانی ئەو ئاوازانە بۆ خۆی خوڵقاندوونی و دایناون. ئێمە تا ئێستا یەک ئەلبوومی قادر سەیاحیمان بیستووە کە ساڵی 1351ی هەتاوی (1972ی زاینی) لە ڕادیۆ مەهاباد بە هاوکاریی ئۆرکێستری مووزیکی ڕادیۆ مەهاباد تۆمار و بڵاوکراوەتەوە. ئەم بەرهەمە بریتییە لەم گۆرانیانەی خوارەوەیە:
$بەرهەمەکانی$
ئامین ئامین ئامینێ
تۆی نازەنینم
یارەکەم مریەمی ناو بوو
هەر تۆی قسەی ئیشقم
خۆشم دەوێی ئەی یاری جوان
گوڵی مەهابادی
یاری بێوەفاکەم
مەقام و غەزاڵ غەزاڵێ
پاییزی دووریت
قیبلەکەی ئیشقم جەمیلە
دوعا دەکەم شەوو ڕۆژ ئەمن
یارەکەم چاوی شینە
هونەرمەند سەیاحی چەندان بەرهەمی هونەری لەگەڵ هونەرمەندانی تر تۆمار کردووە. لەو بەرهەمانەدا زیاتر وەک ژەنیاری کلارنێت و ئاوازدانەر یا وەک دابەشکاری مووزیک کاری کردووە و جێ پەنجەی دیارە. بۆ نموونە بەشێکی بەرچاو لە گۆرانیەکانی شەهید جەماڵی موفتی کاری نەمر قادری سەیاحین و لەگەڵ هونەرمەندانی تریش وەک عەزیز شاڕوخ، ئەحمەد لاوە و عەلی زەندی کاری کردووە.
زۆر لە گۆرانیبێژانی کوردستان گۆرانییەکانی قادر سەیاحییان کوتۆتەوە. هونەرمەند موراد کاوە یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە سێ گۆرانی قادر سەیاحی کوتۆتەوە و دەڵێ: ئەو بەرهەمانەی هونەرمەند قادر سەیاحی پێشکەشی مووزیکی کوردی کردوون، شتی جوان و دڵنشین و بەنرخن. بێجگە لە دەنگخۆشی و هونەری ئاوازدانان، لە لێدانی سازە بادییەکان شارەزاییەکی باشی هەبوو بە تایبەتی لە ژەنینی ئامێری کلارینێت دا. قەت ئەو شانسەم نەبوو لە نزیکەوە بەخزمەتی بگەم، بەڵام هەر لە منداڵییەو دەنگیم پێخۆش بووە و حەزم لە کارەکانی کردووە گوێم لە بەرهەمەکانی ڕاگرتووە. دواتر سێ دانە لە گۆرانیەکانیم کوتۆتەوە کە بریتین لە گوڵی مەهابادی، یارەکەم مریەمی ناو بوو و یارەکەم چاوی شینە… بەداخەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر ژیان و چالاکیە هونەرییەکان و بەرهەمە بڵاوکراوەکانی هونەرمەند قادر سەیاحی نەکراوە و هەروەها تا ئێستا کاناڵ و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کوردستان کەمتر ئاوڕێیان لێداوەتەوە
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران هونەرمەند قادر سەیاحی ماوەیەک ئەندامی کۆڕی موسیقای سروە بووە و بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئامێری کلارنێت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کۆنسێرتی گێڕاوە و چالاک بووە. هاوکات کاری ئاواز دانان و دابەشکردنی موسیقای بۆ کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی کورد کردووە. هەروەها لە فیلمی بووکی هەڵەبجەدا بە گۆرانی و مۆسیقا بەشداربووە و بەشێک لە مووزیکی ئەو فیلمەی ئامادە کردووە.
ساڵی 1378هەتاوی بەرانبەر 1999ی زاینی سەردانی شاری #هەولێر#ی کردووە و لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی تەلەفویزیۆنیدا بە مووزیک و گۆرانی بەشدار بوو. شایەنی باسە کە تا ئەمساڵانەی دوایەش لە باشووری کوردستان بەرهەمەکانی قادر سەیاحی هەر بە ناوی سەعید قەندی ناسراون.
دواساڵەکانی تەمەنی بەهۆی بێ دەرەتانی و هەندێک کێشەی فیزیکی وەک گوێ گران بوون، چالاکییەکی هونەری ئەوتۆی نەبوو.
ژیانی لە شارەکانی مەهاباد، ورمێو خۆیە بەسەر بردووە و هەر لە شاری خۆی کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای ورمێ، شەوی یەکشەممە 28ی خاکەلێوەی 1401ی هەتاوی بەرانبەر 2022 لە تەمەنی 79 ساڵیدا بەهۆی سەکتەی دڵ بۆ هەمیشە کۆچی دوایی کرد و هۆگران و ئەویندارانی خۆی خەمبار و تاسەبار کرد.
تەرمی پیرۆزی نەمر قادری سیاحی لە ناو ئاپۆرای ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستانی کورد، لە گردی شاعیرانی شاری مەهاباد تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کراو بە گوتنەوەی گۆرانیی هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە وەفا و خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرە دووپات کردەوە. [1][2]