دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق:
ئەمڕۆ یادی هەڵبژاردنی سەرۆک #مام جەلال#ە بەسەرۆک کۆماری عیراق، ئەم یادە بە پرشنگداری و شانازییەوە لە مێژووی نزیکی عیراقدا دەکرێتەوە.
لەعێراقی نوێی دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام، بۆ یەکەمجار بە هەڵبژاردنی ڕاستەقینە لەنێو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی عیراقدا، ئازادیخوازێکی کورد بوو بە سەرۆک کۆماری عیراق.
ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال لەعیراقدا، سەردەمی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی و کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی عیراق بوو، سەرۆک مام جەلال هەمیشە خاڵی بەیەک گەیاندنی لایەنە ناکۆکەکان و هەوێنی سازان و ڕێککەوتن بووە.
لەئێستادا کە ئەم یادە بەرز ڕادەگرین، عیراق ڕووبەروی چەقبەستنی سیاسی بۆتەوە، لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە کەڵک وەرگرتنە لە ئەزموون و ڕێگا و بیری سەرۆک مام جەلال بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هێنانەدی سازانی نیشتمانی و گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نیشتمانی لایەنە سیاسیەکان.
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر ڕێگا و ڕێبازی سەرۆک مام جەلال دەبین، بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و تەبایی نێوان هەموو پێکهاتەکان و هێزە سیاسیەکانی عیراق و کوردستان.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
6ی نیسانی 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!