بەسەوزکردنی پارکێک دڵسۆزانی مامۆستا #ئیبراهیم ئەحمەد# ڕۆحی شەهیدانی چەپۆکی چەپەڵی داعش، شاد دەکەن.
لەمەراسیمێکدا و بۆ بیرەوەری 22هەمین ساڵەی ماڵئاوایی ڕووناکبیر و سیاسەتمەدار و ئەدیبی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەپارکی هەواری شار لەشاری شاران، هەڵمەتی ڕواندنی نەمامی دارستانی یادتان بەخێر بەڕێوەچوو.
لەو مەراسیمەدا کە خاتوو #شاناز ئیبراهیم ئەحمەد# کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 1ی ڕێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک) و ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی و کەسایەتی و هەڤاڵان و دڵسۆزان و وەفادارانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئامادەیبوون، هەڵمەتێکی نەمام ڕواندن بۆ شادکردنی ڕۆحی قوربانیان و شەهیدانی دەستی داعش بەڕێوەچوو.
خاتوو شاناز لەلێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەوپێیەی ساڵیادەکە کەوتۆتە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە و بۆئەوەی کەسانێکی زۆر کە لەدەرەوەی شارەوە دێن و ماندوونەبن بڕیارماندا مەراسیمی تایبەت بەو بیرەوەرییە بخەینە مانگی ئایار، ئەمڕۆش تەنیا بە هەڵمەتی چاندنی نەمام بەشداری بکەین کە لەساڵی 2016 ەوە دەستمان پێکردوە و لەگەڵ گەورەبونی نەمامەکاندا ناوی پیرۆزی شەهیدانی لەسەر دەنوسین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتیشی :بەداخەوە کەشەڕی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و قوربانیەکی زۆرمان داوە بۆیە وەک یادێک و وەک ڕەمزێک بۆ ئەو شەهیدانە دەمانەوێت ئەم پارکە وەک بەشێکی لێبێت کە هەمیشە یادیان بەخێر بکەینەوە.
لەبارەی ئەو مەراسیمەی چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتی: بەردەوام دەبین لەسەر بیروبۆچون و هزری مامۆستا، بۆ ئەمساڵیش وەک چۆن پێشتر بەڵێنمان دابوو، هەموو بەرهەمەکانی کۆکراوەتەوەو لە 15 بەرگدا بەچاپ گەیەنراوە کە دواتر مەراسیمی ناساندنی بۆ بەڕێوەدەچێت لەلایەن ڕێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوەندەیشنەوە.
وتیشی هیوادارم خەڵک زیاتر سوودی لێ ببینێت و زیاتر لە هەست و فکر و بۆچونی باوکم تێبگات.
دواتریش، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەهاوڕێیەتی ژمارەیەک لەئەندامانی خانەوادەکەی، سەردانی مەزاری پیرۆزی مامۆستا و سیاسەتمەداری کۆچکردووی کرد و بەڵێنی بەردەوامبون لەسەر ڕێبازەکەی بۆ خزمەتکردن بەکورد و کوردستان و هێنانەدی ئاوات و ئامانجەکانی دووپاتکردەوە.
PUKmedia
#08-04-2022#
[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!