گا بەدەنگی ناڕوات
گا، ڕەشەوڵاغی نێرە کە پێی نابێتە ساڵی سێیەمی تەمەنیەوە، ئەوەندە خورت و بەهێز و بە هەرەکەتە، زۆر زەحمەت و گران بار دەهێنرێت، پێویستی بە گاوان و گاکوژ و جوتیارێکی توند وتۆڵ و گورج و گۆڵ هەیە کە خێرا بەرزەفتی بکات لەگەڵ گرتنی هەردوو شاخی بتوانێت ملی بسوڕێنێت و ملهوڕی نەهێڵێت و لە زەوی بدات وەکو چۆن(گاکوژەکان) لە کاتی سەربڕینی ئه و شێوازە دەگرنەبەر، لەگەڵ ئەمانەش گا هێمای هەبوونی و ڕسق و ڕۆژوو و داهاتی ماڵە جوتیارانی کورد بووە وەکو تراکتۆری زەمانە بووە، هەموو زەوییە کشتیارییەکانی پێ کێڵراوە و کاروبارەکانی کێڵگەی پێ ڕاییکراوە بۆیە وتراویشە: گا دەیکا و کەر دەیخوا، هەر له بەر گرنگی و پڕبایەخی گا و ڕۆڵی لە ژیانی کشتیاری و لادێ نشینانی کورد چەندین ئیدیۆم لەسەری گوتراوە وەکو:(کەڵەگا، گای بووغە، گای بنە، گای پیر، گای قەش، گاجووتە، گای ناو گۆلکان، گام له و جووتەی نییە، سواری گای هابووە، گای گوی نەکات، گای بەگونی دەناسێت، گای شێت، گای حەوت ئاخوڕە، گای گەڵناغاج و تاد).
لەبەر سەر شێتی و ملهوڕی گا، وەرزێرەکان و خاوەن گایەکان بەتایبەت ئەوانەی گایەکانیان ڕاداوە و دابەستاوە بۆ جووت کردن، دارێکی درێژکۆڵە و نەقیزەداریان بەدەستەوە بووە لەکاتی غەزرین و پێداگری و نەڕۆیشتن دەیسرەوێنە گایەکە و بەهۆیەوە دەڕوات، هەندێجار به و دارە وتراوە: گاڕان واتە گا پێ لێخوڕین یان پێ ڕادانی گا، زیاتر جوتیارەکان لەکاتی کێڵانی زەویدا بەکاریانهێناوە و گایەکانیان پێ لێ خوڕیووە، ئینجا ئه و کەسەی بێ توانا و بێ هێز و بێ شینگ و بێ تاقەت بێت ناتوانێت کار بەگایەکان بکات و گایەکانیش هەر بەدەنگدان ناڕۆن و بڕی جوتیارەکەیان تاقیکردۆتەوە و لە شوێنی خۆیاندا دەچەقن، ئەمە خستنە ڕووی ناوەڕۆکی ئیدیۆمەکەیە، وەکو خوازراوی ئیدیۆمەکە بەکەسێکی پەککەوتە و بێ دەسەڵات و دەست کورت و بێ هێز کە کەس گوێی لێ ناگرێت و بەقسەی ناکەن بە گاڵتە و پەلار و هەندێک جار بەتەوسەوە پێی دەوترێت: گا بە دەنگی ناڕوات.[1]