ناونیشانی بابەت: خەونی من
بابەت: هەڵبەست
نووسین: #ناڵە حەسەن#
1
تۆ دەڵێی
لە نیو منداڵدانی مانگەوە لە دایکبووی
بۆیە پڕاوپری
لە مراز و میلۆدییەکانی جوانی
یان دەڵێی
لە بەهەشتی مێیینە مەستە مۆدێرنەکانەوە
بە مەبەست
نێردراوی بۆ سەر زەوی
2
تۆ /
ڕەنگی پێست و
ڕەنگی چاو و
ڕەنگی لێوت
هەزار هێمای لە پشتەوەیە
ناز و نیگات
بەژن و باڵات
ملوانکە و مەمکۆڵەکانیشت
مێژووی
هەزار جەنگ و
هەزار داستان و
هەزار ئەفسانەی بەدواوەیە
3
تاو تاو تاو
تۆز تۆز تۆز
تەم تەم تەم
هەتاو و تۆز و غوبار و تەمی تەنیایی تۆ
تەلیسم و تاوێر و تەلاری
تەمەنی منی داپۆشیوە
4
ڕێ ڕێ ڕێ
هاودەم و ڕێبواری ڕێگام بە / بۆ تا ئەبەد
خاچ خاچ خاچ
لەنێو مەمکۆڵەکانت لە خاچمدە / بۆ تا ئەبەد
کات کات کات
بمکە بە کاتژمێری دەستی خۆت / بۆ تا ئەبەد
5
مس و
ماسی و
مۆم
لەبیرمایە کاتێک
لەناو تەشتێکی ژێر بە تەنی
مسیان لەسەر سەرمدا تاواندەوە
دەمودەست
شێوەی چەند وردە ماسییەک بەدەرکەوتن
ڕوخساریان لە تۆی دەکرد
وردە ماسییەکان / سپی سپی سپی
وەکو مۆمێکی گەش
لەنێو تاریکایی شەودا دەدرەوشانەوە
6
(کەسک و سۆر)
تۆ / ئەی خەونی من
وەک قەڵاو
وەک نافوورە کەسک و سۆرەکەی هەولێرم
لەنێو یادەوەری و بیروخەیاڵم
بووی بە تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ
مانایەکی نوێت
بە بوون و بە غوربەت و بە شیعرەکانم / بەخشیوە
7
(شین و مۆر)
ئیتر تۆ / چیتر
ئەو پەپوولە شینە شەبەنگییەی
نێو شەباهەنگە شل شلەکانی شەوەکانم نیت
تۆ ئێستا / مێروولەیەکی مۆریت
با بتبا
ئاو بتبا
گەردەلوول بتبا
یاغر یاغر و دەم دەم / دەگەڕێیتەوە
بەرەو شانە خۆڵاوییەکەی
نێو شیعر و دیوانەکانم
8
(ڕەش و بۆر)
قژ و گوارەکەت
پێشتر خەنەیی و ئێستاش ڕەش
ژێرکراس و ستیانەکەت
پێشتر پەمەیی و ئێستاش ڕەش
کراس و سوخمەکەت
پێشتر سەوز و ئیستاش ڕەش
تۆقە و کیفکی مۆبایلەکەت
پێشتر زەرد و ئێستاش ڕەش
جانتای شانیشت
پێشتر و ئێستاش
هەر ڕەش و هەر ڕەش و هەر ڕەش
ئێستا تۆ پەیکەرێکی ڕەش ڕەشیت
لەنێو ڕووناکی تاریکییەکان دەبریسکێیەوە
چەند وەرزێکیشە لەنێو ڕەشماڵێکی ڕەش دا
خۆت شاردۆتەوە
نەوەک / گورگە بۆرە کەڵب درێژەکانی دۆزەخ
بێن و بتبەن
بتبەن و لەمن دوورت خەنەوە
9
ئەستێرە و
ئەندێشە و
ئەوین
تۆ / ئەستێرەیەکی پرشنگی
لەنێو ئەندێشە غەمگینەکانی ئەوین
وەک هەوێردەیەکی نیگەران
بە نێو هەورە سپییەکانی ئومێد
هەردەڕۆیت و دوور دەکەویتەوە
جار جارەش فرمێسکەکانت
دەبنە نەرمە بارانێکی بەهاری
لێوی پنجە گیا و
درەختە وشکەکان تەڕ دەکەیتەوە
10
خۆرەتاو و
خۆزگە و
خەون
خۆزگەکانت پڕن لە تاریکی
خۆشت بووی بە خۆرەتاو
هەمیشە ڕووناکی دەبەخشیت
تۆ بەم ئەدگارە ئیرۆسییەوە
بەم قەد و باڵا سنەوبەرییەوە
بەم خەونە خۆڵەمێشییەتەوەش
لە ئاسکۆڵەیەکی برینداری
نێو ئەفسانەکانی عەشق دەچیت
کە قرچە قرچی سووتانی قەسەری خەمەکانیشت
لە چرکە چرکی کاتژمێرێکی بێداری
زەمەنێکی ڕوو زەرد دەچیت
11
تۆ
تۆ تۆ
تۆ تۆ تۆ
تۆ تۆ تۆ تۆ
تۆ تۆ تۆ تۆ تۆ تۆ
بەنێو پایزی هەموو زەمەنەکانی
نێو شیعرەکانم و
بەنێو / دۆڵ و دەوەنی دەمارەکانی
عاتیفەمدا تێپەڕیت
پەڕ پەڕی کتێبەکانی غەریبیت خوێندمەوە
ئیدی (فرۆید)ییانە توانیت
نەوڕەسە نائومێدەکە و
شەهێنە شەیتانییە شەڕانگێزەکەی
نێو ناخم دەستەمۆ کەیت و ببیت
بە قورینگی نێو دەریا قووڵەکانی قەدەری من و
ببیت / بە خاڵخاڵۆکە خرپنەکەی نێو خەونەکانم
ئەی / خەونی من...!
ئەپریلی 2022
[1]