ناونیشانی بابەت: $شار$
بابەت: هۆنراوە
نووسین: #سوارە ئێلخانی زادە#
ئەم هۆنراوەیە لەلایەن هەردوو هونەرمەندی گۆرانبێژ #ناسری ڕەزازی# و #حەسەن دەرزی# یەوە، گراوە بە گۆرانی
شار
گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
ئەڵێم بە جامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم
عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم، لە دەردی ئینتیزارەکەت
وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕە هاڕی ئەو
لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
لە شاری چاو له بەر چرای نیئۆن شەوارەکەت
بڕۆمە دێ کە مانگە شه و بزێتە ناو بزەم
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕ بە دڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە
مەلی ئەوین غەوارەیە
ئەڵێی لە دەوری دەست و پێم
ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە، کەلەپچەیه
ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە
ئەوەی کە دارە تێلە، مەزهەری قەنارەیه
لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵه
کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند
و تیشکی بێ گوناهی خۆرەتاو ئەخاتە بەند
لە هەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕی شینە
دێ بەره و دڵم
دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیگوشم
دەستی چێوییه
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
بە هەر نیگایەک و پەتایەکه
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، هەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕه گوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرشە قۆندەرەی دڕاو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین، بۆ خەفەت هەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی هەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەردەوارەکەی عەشیرەتم
بە دارە تەرمی کووچەکانی شا ڕەکەت
ڕانەهاتووە لەشم
بناری پڕبەهاری دێ
ڕەنگی سوور و شین ئەدا
لە شیعر و عاتیفەی گەشم
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم
[1]