ناونیشانی بابەت: $ڕانانێک بۆ ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا$
بابەت: وتار
نووسین: #ڕەفیق سەعید#
ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیای نووسەر و ڕۆماننووس “بەختیار عەلی” کە نۆ جار بە زمانی کوردی-سۆرانی چاپ کراوە و بۆ زۆربەی زمانە گەورەکانی دونیا وەر گێڕراوە و زۆر لە خوێنەرانی دونیا دەیناسن، با لەوەوە دەست پێ بکەم کە نووسەر دەڵێت(دواهەمین هەناری دونیا، شکایەتی شەخسیی منە لە دنیا، ئەو تێکستەیە کە لەگەڵ خۆمدا بیبەم بۆ ئەو دنیا، ڕەنگە لەوێ ڕوونتر و باشتر لە …حاڵی ئینسان لەسەر ئەم زەوییە تێبگەن).
یەکێکە لە ڕۆمانە دەگمەن و ناوازەکانە فەنتازیایەکی ڕاستەقینەیە نووسەر بە وردی و توانایەکی گەورەی بێسنوورەوە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە ڕێک دەخات و داڕشتنێکی زۆر وردی بۆ دەکات، پێمان دەڵێت لە ناخەوە مرۆڤ ئازاد بێت کۆت و بەند و زیندان ناتوانێت بیبەستێتەوە، بەندکراو ئەوکەسە نییە کە ژیانی لەنێوان چوار دیواردا بەسەر دەبات، لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەست دەکەیت کە چۆن مرۆڤ ئازار دەچێژێت بە دەستی خودی مرۆڤەوە. هەروەها مرۆڤ هەرچەندە ئازا و بەجەرگ بێت ناتوانێت خۆی دەرباز بکات لە کاریگەریی جەنگ، کە دەبێتە وێرانکاری لەسەر هەمووان! نیشانەکانی تا کۆتا بەردەوام دەمێننەوە، پاڵەوانی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە پیاوێکە بە ناوی “موزەفەری سوبحەدەم” بیست و یەک ساڵ لە ناو بیابان زیندان دەبێت خۆی دەکات بە قوربانی بۆ سەرۆکەکەی و ڕزگاری دەکات بە ناوی “یاقووبی سنەوبەر”ەوە.
خۆشی ڕاپێچی زیندانی بیابان دەکرێت دوای ئەو هەموو ساڵانە دوای هاتنەدەرەوەی بە دوای ئەو مەلۆتکەیەی خۆیدا دەگەڕێت، کە دوای ئەوەی دەگیرێت دێتە دنیاوە و ناوی لێ دەنرێت سەریاس، هەر لە هەمان کات و ساتدا چەندین منداڵی تر دێنە دنیاوە هەمان ناویان لێدەنرێت نهێنیی سەریاسەکان و ناوەکانیان بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، لە کۆتاخوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا خوێنەر تێدەگات، هەریەکەیان چارەنووسێکی دەبێت و کەس نازانێت بۆ سەریاسەکان هەموو یەکی هەنارێکی شووشەیان پێیە و هەموو یەک ناویان هەیە هەموویان دەبن بە سەریاسەکەی موزەفەر کە هەرگیز نایانبینێت، تاکە سەریاس کە دەیبینێتەوە سەریاسی چوارەمە، باشتر وایە شێوەی بینینەکەی و هۆی ناوەکانی هەموو سەریاسە کان بۆخوێنەر جێ بهێڵین.
سەریاسی دووەمیش لەو کاتەدا کە موزەفەر دێتە دەرێ و وێڵی دۆزینەوەی کوڕەکەیەتی ئەو لە شوێنێکی دوور زیندان بوو، جێگایەک وەک قەڵایەکی کۆن، شوێنێک لە شوێنی زیندانە دێرینەکان دەچوو ئەو ڕۆژەی موزەفەر لە دەرەوەڕا ئەو قەڵایە دەبینێت ترسێکی گەورەی لێ دەنیشێت تەواو لەو زیندانی بیابانە جیاواز بوو. کە ئەو بیست و یەک ساڵی لێ بەند بوو دەیگووت: بەدترین زیندان ئەو زیندانە نییە زیندانەوانەکانت دڕندە بن، ئەوەیە زەوی و ئاسمانت لێوە دیار نەبێت، سەریاس لەو قەڵایەدا بەند بوو و کاسێتەکانی خۆی بە هۆی یەکێک لە پاسەوانەکان بۆ موزەفەر دەنارد.
لەم شەوەوە بێدەنگ دەبین و هەندێک بەش لە کاسێتەکانی سەریاسی دووەم دەخوێنینەوە، دواهەمین هەناری دونیا ئەو ڕۆمانە گرنگەی دیکۆمێنتاریی شەڕی ناوخۆیە، باسی ژیانی مرۆڤەکان دەکات بە ناوی ئازادییەوە، کە چۆن بە دەستی یەکتر دەبن بە قوربانی، دایکان و ژنان و کچان قوربانیی گەورەن لە هەموویان گەورەتر مناڵانن کە دەبێت قوربانی و باجی هەموو ئەو شەڕانە بدەن، کە حیزبە هاوزمانەکان، هاونیشتمانییەکان هەموو گەل دەکەن بە گژ یەکتردا و کۆیلە بەرهەم دەهێنن و بە یەکتر قڕان و و برسیان دەکەن، دەیانکەن بە کۆیلەی بەختەوەرتر، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاغاکانیان بکەن، خۆشیان بە یەکەوە ئاشتن ڕێز و مەحەبەت لە نێوانیاندا هەیە و میوانداریی یەکتر دەکەن، لە ژێرەوە نامە دەگۆڕنەوە لە نیشتیمانیش لافاوی خوێن هەڵساوە و براکان دەکەن بە گژ یەکتردا و بە یەکتریان بە کوشت دەدەن و خۆشیان ڕێک دەکەون، کە چۆن وڵات تاڵان بکەن، هەریەکەیان لەگەڵ کام وڵاتانی دەرکی ڕێک بکەون تاڵانفرۆشی بکەن، ئازادییش بە خەڵک بفرۆشنەوە و منەت بەسەر هاونیشیمانیاندا بکەن، کە شۆڕشیان کردووە قوربانییان داوە بەڵام خۆیان و کەسوکاریان پاشایانە ژیاون، باشترین زانکۆکانی دنیا بۆ خۆشیی ئەوان بووە و پاشماوەی قوربانییەکانیش بەشێکیان ئاوارە بوون لە نیشتیمان، هەتا دنیا دنیایە ئەو کاریگەرییە لەسەریان کۆتایی نایەت.
لەناوچووەکان و زامدارەکان بەدەر نین لە هەژاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا، پاڵەوانی سەرەکیی ناو ڕۆمانەکە دوای ئەوەی بیست و یەک ساڵ کە لە زیندانی بیابان دێتە دەرەوە، بە دوای سەریاسی کوڕیدا دەگەڕێت، بەڵام گەڕانەکەی ئەو لە یەک سەریاسدا تەواو نابێت، ئەبن بە دووان بە سیان و …هتد. کوڕە سەریاسەکانی ئەو زۆرن لە کۆتاییدا بە لایەوە گرنگ نییە کامەیان سەریاسە ڕاستەقینەکەی خۆیەتی، بۆ ئەو هەموو لەناوچووەکان، هەمووئازارچەشتووەکان و بێ دایکوباوکەکان سەریاسەکەی ئەون.
[1]