ناونیشان: باشترین چارەسەر بەهەرێمکردنی پارێزگای #کەرکووک#ە
نووسەر: #بەیار عومەر عەبدوڵڵا#
پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بێزارن لە دەسەڵاتی کوردی، چجای پارێزگای کەرکووک کە ڕێژەیەکی زۆر عەرەب و تورکمان و مەسیحی تێدا دەژین.
ململانێی حزبی بۆ تاڵانکردنی بیرە نەوتەکان و چەوساندنەوەی خەلکەکەی و موزایەدەی سیاسی و موئامەرەی ئیقلیمی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە کەرکووکی لە هەرێمی کوردستان دابڕی.
باشترین چارەسەر بۆ دۆخی کەرکووک لە ئێستادا، گۆڕینیەتی بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ کە تیایدا هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لە کایەی سیاسی و ئابوریدا.
کەرکووک دوای بەسرە، دەوڵەمەندترین پارێزگای عێراقە، کێڵگەکانی بابەگوڕگوڕ، هاڤانا، بای حەسەن، جەمبور، و خەباز خاوەنی 13 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتن. ناکرێت کەرکووک نیوەی عێراق بەخێوبکات بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکەی هەژار بن.
گەڕەکە کوردنشینەکانی (ڕەحیم ئاوا، ئازادی، مامۆستایان، شۆرجە، ئیسکان، بلاخ، قۆرییەشکاو، حەسیرەکە، تەپەی مەلا عەبدوڵڵا، ئیمام قاسم، شۆراو، ئەحمەد ئاغا، خەبات، شەهیدان، و حیسابات) لە سەردەمی بەعسدا پشتگوێخرابوون؛ لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیشدا بەپێی پێویست خزمەت و قەرەبوو نەکرانەوە.
کەرکووک لە توانایاندایە ڕۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات. ئەگەر لە پارەی پەترۆدۆلار، لە هەر بەرمیلێک نەوت، 5 دۆلار بگەڕێندرێتەوە بۆ پەرەپێدانی کەرکووک، ساڵی نزیکەی 2 ملیار دۆلار دەکات؛ لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا کەرکووک دەبێتە دەوڵەمەندترین و خۆشگوزەرانترین پارێزگای عێراق.
پارێزگاکە بە شاری کەرکووک و قەزاکانی (داقوق و دبس و حەویجە) و ناحیەکانی (قەرەحەسەن-لەیلان، قەرەهەنجیر، شوان، تازەخورماتوو، ئاڵتون کۆپری، مەلا عەبدوڵا، بایجی، سەرگران، تازە، ڕەشاد، ڕیاز، عەباسی، و زاب) نزیکەی 1.5 ملیۆن هاوڵاتی تێیدا نیشتەجێن. کەمی دانیشتوان و داهاتی زۆر خزمەت بە دەەوڵەمەندبوونی خێرای پارێزگای کەرکووک دەکەن.
ڕژێمی بەعس لە پاڵ تەعریبدا، قەزاکانی چەمچەماڵ و کفری و دوزخورماتووی لە پارێزگای کەرکووک دابڕی، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لەو پارێزگایە؛ ئەو قەزایانەی دابەشکرد بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە و سەلاحەدیندا.
هەر کات دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، گۆڕا بەرەو دیموکراسیەت و باری ئابوری بوژایەوە و تاکی کورد هەستی بە ئاسودەیی کرد، ئەوکات عەرەب و تورکمانە میانڕەوەکانیش لایان ئاسایی دەێت لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدرالی دیموکراسی و دەەوڵەمەندا بژین.
ئەگەر لە ئایندەشدا یەکگرتنەوە ڕویدا، عەقلیەتی مەرکەزی ناتوانێت کەرکووک و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرێت. باشترین چارەسەر ئەوەیە هاوشێوەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئیمارات؛ پارێزگاکانی کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، و دهۆک ببن بە پێنج پارێزگای فیدرالی و سەربەخۆیی تەواویان هەبێت لە ڕوی ئیداری و ئابوریەوە. لە پاڵ ئەوەدا هەموو پارێزگاکان سیاسەتێکی دەرەوەی هاوبەش و سوپایەکی یەکگرتویان هەبێت و پێکەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرن.[1]