ئەخلاق لەگەڵ شیری دێ و لەگەڵ مەرگی دەڕوا
ئەخلاق ئاکار و خووی مرۆڤ دەگرێتەوە، بەگوێرەی کۆمەڵگا و جیاوازی شارستانیەتەوه، پێناسە و چەمکەکەی دەگۆڕێت، لە کوردەواریدا ڕەوشتی چاک و کردەوەی باش و مێخاسی و مێرخاسی و جوامێری و نابدەیی و سەخاوەت و خاوەن هەڵوێست و قسە و گوفتار و بوێر و شاهێدی بە حەقدان و درۆ نەکردن و داوێن پاکی و پاکیزەیی...تاد، هەموو ئەوانەی هەڵگری ئه و خاسیەتانەن بە ئاکار بەرز و بە ئەخلاق ناودەبرێن، لەبەر ئەوەی دایک قوتابخانەی یەکەمی گۆشکردنی مرۆڤە و لەگەڵ لەدایکبوون و فرچک گرتن و شیر پێدانی کۆرپەڵە ئه و خوونەریت و ڕەفتارانە وردە وردە نەش و نما دەکات و بۆ هەر کارێکی باش دەوترێت: ڕەحمەت لەشیرت یان شیری پاکی خواردووە، هەندێجاریش دایک بۆ خراپی هەڵس و کەوتی مناڵەکانی بە توڕەییەوە دەڵێت: ئه و شیرەتان لێ حەڕام بێت، بەمەبەستی دوور کەوتنەوە لەکاری خراپە و نابەجێ، بەشێوەیەکی تریش وتراوە: خویەک بیگری بەشیری تەرکی ناکەی تاپیری، لێرەدا شیری دایک بووە بە بنەمای پەروەردە و دروستبوونی کەسایەتی مناڵ و مرۆڤ، چونکە ئه و خووەی لە مناڵیەوە فێری بیت تا مردن و مەرگ ناتوانرێت وازی لێ بهێنرێت، بۆیە بە ڕێنوینی و بۆ ناساندن دەوترێت: ئەخلاق لەگەڵ شیری دێ و لەگەڵ مەرگی دەڕوا.[1]