تایبەتمەندییەکانی ڕەنگی مۆر
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
ڕەنگەکان بە شێوەیەکی بەردەوام لە چوار دەوری مرۆڤەکانن، یەکەیەکی گەیاندنی بێگفتوگۆیە لە نێوانیاندا، کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوانیان هەیە، ئەو ڕەنگانەی کە پەسەندە لای مرۆڤەکان و لە ناو ژیانی ڕۆژانەیاندا بە کاری دەهێنن، وەک ڕەنگی جلوبەرگ و دیکۆراتی ناو ماڵ و خۆراک، پەیوەندی بە کەسایەتییانەوە هەیە و هەر لە منداڵییەوە ئەو خەسڵەتەیان تێدا دەبینرێت و گرینگی پێدەدەن.
ڕەنگەکان زۆرن، یەکێک لەو ڕەنگە سەرنج ڕاکێشانە ڕەنگی مۆرە.
ڕەنگی مۆر ڕەنگێکی ڕوحانی و پەرستن و ڕێز گرتنە لە خودی خۆت، زۆر نزیک بوونەوە لەم ڕەنگە، وا لە مرۆڤ دەکات کە هەوڵ بدات بە قوڵی بیربکاتەوە، ئەم ڕەنگە ڕەنگێکی پەسەندە لای ئەو کەسانەی کە داهێنەرن وەک نووسەر و شاعیر و موزیک ژەنەکان، هەروەها ڕەنگی مرۆڤدۆستیشە.
ئەو کەسانەی ئەم ڕەنگەیان لا پەسەندە بە گشتی کەسانێکی هەست ناسکن، شتی شاراوەیان زۆرە، هەمیشە دوودڵ و ڕاڕان لە بڕیارداندا.
ئەم ڕەنگە هێمایە بۆ عاشقەکان، چونکە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خەیال بوروژێنێت و بانگێشت بۆ دەربڕینی سۆز بکات.
ڕەنگی مۆر، تێکەڵەیە لە هەردوو ڕەنگی سوور و شینی ئاسمانی، ئەم ڕەنگە واتای زۆر دەگەیەنێت لەوانە: هێمنی، ڕۆمانسیەت، خەیاڵ، ڕوحانییەت، داهێنان، هەستکردن بە گەورەیی و هێز.
کاتێک مرۆڤ توشی حاڵەتی ڕاڕایی و نا ئارامی دەبێتەوە، زانایانی دەروونناسی ئامۆژگاری دەکەن بەوەی کە لەم ڕەنگە نزیک ببێتەوە و بەکاری بهێنێت، لە هەمان کاتدا زۆر بەکارهێنانی ئەم ڕەنگە دەبێتە هۆی خەمۆکی، بۆیە ئامۆژگاری ئەو کەسانەش دەکەن کە نەخۆشی دەروونی و خەمۆکیان هەیە یان توشی خورپەی مێشک دەبن، یان کەسێکی ئازیز لە دەست دەدەن، ئەوا خۆیان لەم ڕەنگە بە دووربگرن، چونکە ڕادەی هەستکردن بە خەمۆکی و بێتاقەتی زیاد دەکات.[1]