دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
لە یادی سەدو بیست و چوارساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا کە هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی کوردستان کە لە قاهیرە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە بڵاوکرایەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی خوشک و برایانی ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەین.
لەم بۆنەیەدا ئەوە وەبیر دێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە پاڵ خەباتی سیاسی و چەکداریدا، باوەڕی بە ڕەخساندنی هەلو زەمینە هەبوە بۆ برەو پێدانی ڕۆژنامەگەری کوردی، بۆیە لە پاش ڕاپەڕین دەرگای بڵاوکردنەوە و دەرچواندنی زیاتری ڕۆژنامەی ئازاد و ئەهلی کرایەوە و سنوورەکانی دەسەڵاتی (ی. ن. ک) بوو بە پایتەختی ئەو ئازادییەی کە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی بینراو بیستراو ئازاد و سەربەخۆ بەبێ هیچ سانسۆرێک کاری خۆیان بکەن.
زەمینەسازیی هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێچکەیەی کە سەرۆک #مام جەلال# لەگشت وێستگەکاندا بەجۆرێک تەئکیدی لە ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکردەوە کە خۆی بە پارێزەریان دادەنا، ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە گەشەکردنی زیاتری ئەم کاروانەدا.
هەر لەم یادەدا جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردیی ڕاستبێژ و وردبین لە سەرچاوەی هەواڵ و هەقبێژ لە خستنەڕووی ڕاستییەکاندا دووپات دەکەینەوە.
سڵاو بۆ ڕۆحی مقیداد مەدحەت بەدرخانی سەرقافڵە وگشت ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەم بوارەدا خزمەتیان بە گەلەکەیان کردووە و دەکەن.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!