زمانی کوردی لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا
#فەرەیدوون سامان#
لە مێژووی هاوچەرخی کورددا سەدوبیستوچوار ساڵ بەسەر دەرچوونی (کوردستان)ی نۆبەرەی ڕۆژنامەگەرییی کوردی تێدەپەڕێت، سەرباری ئەو هەموو هەورازو نشێوانەی بەردەم پێشکەوتن و گەشەکردنی ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی لە کوردستاندا، بەڵام هێشتا ڕۆژنامەگەریی کوردی وەک هەر جومگەیەکی پرۆسەیەکی بە نەتەوەبوون لە ڕەوتی مێژوویی خۆیدا بەردەوام بووە.
لەو سۆنگەیەوە تاچەند ڕۆژنامەگەریی کوردی خزمەتی بە زمانی یەکگرتووی کوردی کردوە و توانیویەتی لەسەر ئاستی پرۆگرامی پەروەردەیی، زاراوەی زانستی، زاراوەی یاسایی، دەڤەرە دوورەدەستەکان، زار و بنزارە کوردییەکان لەیەکتر نزیک بکاتەوە، بە ئەرێنی و نەرێنی ڕوو بەرووی ئەو پرسیارەکمان دەکاتەوە کە لە ئێستادا لەسایەی شۆڕشی تەکنەلۆژی و هەبوونی ئەو هەموو دەسکەوتە زانستییانەی بواری ڕۆژنامەوانی و سۆسیال میدیادا، بەڵام هێشتا مەترسییه سەرەکییەکانی سەر زمانی کوردی لەسەردەمی ئێستەدا نەک هەر لە بەشەکانی تر، تەنانەت لەعیراق و هەرێمی کوردستانیشدا هەن و بێچارەسەر ماونەتەوە، جا چۆن دەتوانین زمانەکەمان لە و مەترسییانەی کەرتبوون و ئاسمیلە بوون دوور بخەینەوە و هاوکاتیش بەرەو گەشەکردن و بەخشینی توانای ڕووبەڕوو بوونەوه لەگەڵ تایبەتمەندییە نوێیەکانی سەردەمی ببەین و له باری فورم و ناوەرۆکەوه دەوڵەمەندتری بکەین؟
$مامەڵەیەکی زانستیی لەگەڵ زمان$
ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەڕابردوودا لەخزمەت بە زماندا نەک هەر لە ژانرە وێژەییەکان. بەڵکو لە ژانرە جیاوازەکانی تریش حاشای لێ ناکرێت، بەڵام کاتی ئەوە هاتووه ئەو زمانە له کۆت و بەندی ئایدیۆلۆژی و ناوچەگەرێتی و فرەزار و بنزارە لۆکاڵییەکان ڕزگار بکرێت، هەرچەند سەختە بەڵام مەحاڵ نییە کە دوور لە دەمارگیری بیر لە زمانێکی ستاندار بکەینەوە، هەڵبەت ئەمه بە واتای ئەوەش نییه که ڕاکێشانی سەرنجی ئاخێوەرانی ئەم زمانه بۆ لای فێربوونی زمان و پاراستنی ناسنامەی خۆیان، به کەڵک وەرگرتن له هەستی نەتەوەیی پێویست نەبێت، به دڵنیایی ئەم ئەرکه تا کاتێکی نادیار هەر له ئەستۆی گوتاری نەتەوەییمانە، بەڵام ئەم گوتاره لێره بەدواوه مافی دەستێوەردانی نییه و دەبێت سنوورەکانی زانستی بوونی زمان بپارێزێت. مامەڵەیەکی زانستیی لەگەڵ زماندا بکات. واته ئیدی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆیان نییه به مەزاجی خۆیان زمانەکە بشێوێنن، یان دەزگا و ڕێکخراوی حیزبی مافی ئەوەیان نییه له ڕقی یەکتر و به بێ هیچ چاو دێرییەکی زانستی به لێشاو چاپەمەنی بێ خوێنەر بڵاو بکەنەوه، هەڵس و کەوتی نازانستیی لەگەڵ زمانەکە بکەن، واته هەر کەس به پێی هەستی کرچ و کاڵی ناوچەیی و له غیابی بونیاده پێویستەکانی خوێندنەوە و خۆ پەروەردەکردنی زانستیدا خۆی به مەرجەعی زمان بزانێ و به وەرگێڕانی سەقەت و نووسینی لاواز و پڕهەڵە دەست بخاته نیو ڕۆحی شەکەتی ئەم زمانەوه.
ئیدارەکردنی فەرمیی زمان لەلایەن کەسایەتیی و دەزگا زانستیی و به ئەزموون و پێوەندیدارەکان و بەرێوبردنی بڕیارەکانیان، واته موتوربەکردنی ڕاستەوخۆی زمان له زانست و دەسکەوته پۆزەتیڤەکانی شۆرشه زمانناسییه مەزنەکانی مێژوو و کردنەوەی هەموو لقە زانستییەکانی پێوەندیدار به زمانەوه لە ڕۆحی زمانی کوردیدا و هەروەها کردنەوەی دەروازەکانی ئەم زمانه به ڕووی هەموو زمانه زیندووەکانی دونیادا، به دوور له هەر چەشنه کینەیەک و تەنیا به مەبەستی دانوستان و گەشەی پێوەندییه ئینسانییەکان و دەوڵەمەند کردنی زمانەکەمان بێت.
$لە خەمی مردن ڕەخساوه$
ئەگەرچی زمانی کوردی به چەند قۆناغی گرینگی مێژوویی و سیاسیدا تێپەڕیوه و هەر کام له و قۆناغانەش به پێودانگی زانستیی و سیاسیی خۆیان توانیویانه ببن به خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی و ئەم زمانه له مەترسیی نەمان ڕزگار بکەن و له وروژمی شەپۆلی سیاسەتی پاکتاوی کولتووریی دەوڵەتانی پێوەندیدار به کێشەی کوردەوه بیپەڕێننەوه و بیگەیێننه کەنارێکی هێمن. ئێستا زمانی کوردی دوای زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی، یەکێکه لەو زمانه زیندوانەی ڕۆژهەڵات و کاریگەرەکانی ناوچەکه و که تەنانەت له غیابی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیشدا ڕووبەرێکی سیاسی و کولتووریی بەرین و بەرفراوانی هەیه و ناکرێت نکۆڵی لە هەبوونی کرێت. بەڵام ئەمه به واتای سەقامگیریی هەمیشەیی و کۆتایی قەیرانەکانی ئەم زمانه نەبووه و نییه. بەم پێیه ئەگەرچی ئێستاکه زمانی کوردی لە عیراق و باشووری کوردستاندا لە خەمی مردن ڕەخساوه، بەڵام هێشتا لەبەشەکانی تری نیشتمان هەرەشەکانی ئاسمیلەبوون بەردەوامن، مخابن نەبوونی زمانێکی ستاندارد پاشاگەردانییەکی له ڕادەبە دەری پێوە دیاره، ئەم دۆخه بووه به ئاوێنەی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوەرەکانی و هەروەها بیر و هزرە بەرهەم هێنراوەکەش.
$توانستە کانی ئەم زمانه$
چونکە زمان یەکێکه له هەستیارترین دیاردەکانی ناسنامەی هەر نەتەوەیەک، بەتایبەتیش بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەک کورد، کاتێک لەم سۆنگەیەوه مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت دەروازەکانی به ڕووی نوێگەری و زانست و هەروەها زمان و کولتوورەکانی تریشدا دادەخرێت و ئاخێوەرەکانی بەرانبەر به دونیای دەرەوەی خۆیان ڕاڕا دەبینن. بێگومان ئەم ڕوانینه نووسینی خراپ، وەرگێرانی خراپ و له ئەنجامدا هزر ینی خراپیش بەرهەم دەهێنێت.
ئێستا چۆن دەتوانین توانستە کانی ئەم زمانه بۆ ڕووبەڕوو بوونەوه لەگەڵ زانست و دیارده مودێرنەکاندا فراوانتر بکەین و (له دۆخی لۆکاڵی و ئایدیۆلۆژیکەوه بەره و دۆخی زانستیی) زمانی نەتەوە ببەین؟
ئەوەی لێرەدا جێگەی نیگەرانییه ئەوەیه که دەرکەوتە ئایدیۆلۆژیکە کەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، هێشتا قەناعەتی بە م وەرچەرخانه مێژووییه نەهێناوه و هەر له ڕەهەندی دووانەی مردن و ژیانەوه تەماشای زمانی کوردی دەکات نموونەش داواکاری (101) پەرلەمانتاری کوردستان بۆ بە فەرمیکردنی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستاندا، بەم پێیەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەگەر و دۆخە کانی گەشەی زانستیی لێ وەر گرتۆتەوه و ڕێگە ی بۆ هەر چەشنه دەستێوەردانێکی نازانستیی خۆش کردووه، ئه و دەستێوەردانانەی که به دروشمی ڕەسەنایەتی و پاراستن و دەوڵەمەند کردنی زمان و کتێبخانەی کوردی پاساو دەدرێن. به گشتیی دوو گرووپ خاوەندارێتی ئەم دەستیێوەردانه نازانستییه دەکەن:
یەکەم ئەوانەی تا ئێستەش ئاگاداری ئەم ڕاستییه نین و به شێوازەکانی ڕابردوو هێشتا هەر پاراستنی زمان به ئەرکی خۆیان دەزانن، دووهەمیش ئەوانەی به تەواوی ئاگادارن، بەڵام ئەم دۆخەیان پێخۆشتره و نائاگا لەبایەخی ناسنامەی زمان به ئاسانی ڕادەستی پرۆسەی به ستانداردبوون و زانستیی کردنەوەی زمانی کوردی ناکەن. بەداخەوه نموونەیان کەم نییه ئەوانە ی که هێشتا گرفتی سەرەکییان له ئاخاوتن و نووسینی کوردیدا هەیه، کردەوەیەک که ئەگەرچی ڕواڵەتی خۆی به بیری نەتەوەیی میکیاج دەکات، بەڵام له ئەنجامدا گەورەترین زیان هەر له و زمانەدا دە دات که سەرەکیترین کۆڵەگەی ناسنامەی نەتەوەییه.
هەستی ناوچەگەرێتی و ئایدیۆلۆژیی یەکێکه له و مەترسییانەی دەتوانێت پێوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان هزر و زمان تووشی دابڕان بکات. ئایدیۆلۆژی وەکو دەزگایەکی هزریی/ سیاسیی پێشتر داڕێژراو و به پیرۆزکراو، ئاراستەی گەشەی زانستیی زمان دەگۆڕێت و سیستەمێکی چەقبەستوو و قەتیسکراو له نیشانەکان بەرهەم دەهێنێت، که دەروازەکانی زمان له سەر گەشەکردن و نوێبوونەوە دادەخات.
$دەقی نەزۆک$
لەساتەوەختێکدا به دووپات بوونەوەی دروشمگەلی وەکوو (هەرچی بێت با هەر زارێکی کوردی بێت) زمان دەبێته بەستێنی تەراتێنی ناشارەزایی و له ئەنجامدا دەقی نەزۆک بەرهەم دەهێنێت. بۆ نموونه دوای ڕاپەڕین و له ژێر کاریگەریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگیی نێوان حیزبەکانی کوردستان، که بوو به هۆی هەڵتۆقانی دەیان دەزگا و ڕێکخراوی سەیر و سەمەڕه بۆ زمان و ئەدەب و وەرگێڕانی کوردی، وەرگێڕانێکی به لێشاو هەموو ڕووبەری زمان کوردستانی داگیرکرد، که به داخەوه له غیابی میکانیزمی زانستیی و چاوەدێریی پێویستدا تا ئێستەش بەردەوامە، ڕاستییەکی تاڵ که بووەته هۆی زمان بێزیی بەشێکی بەرچاو له خوێنەران و هۆگرانی زمانی کوردی.
لەم هەڵسەنگاندنە خێرایەدا بۆ یادەوەریی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەبێت لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی ئەو کەناڵە گرنگە لەبەرچاو بگرین لە هەمبەر پرسی زمان و ناسنامەی نەتەوەکەمان. گەرەکە بزانین ئێمەش وەک گەلانی سەر ڕووی زەوی دەتوانین لەو کەناڵەوە خزمەت بە زمانی یەکگرتووی کوردی بکەین.[1]