وەک خاڵی گۆنە هێندە خەتابار و ڕووڕەشم
وەک پەرچەمی بە شانە نەکردوو، موشەووەشم
گەه سینەچاکی غەمزەیی خووبانی بێوەفام
گاهێ کەتانی پەڕتەوی ڕوخساری مەهوەشم
وا سارد و گەرمی زوهد و گوناهم کە تێئەگەم
مەحروومی ئاوی کەوسەر و مەحکوومی ئاتەشم
من چۆن نما ئەکەم کە وەکوو گیسکەکەی هەیاس
هاوشانی گورگی دێو و سەگی نەفسی سەرکەشم
ئەی ناخودایی بەحری کەرەم وەختی ڕەحمە پێم
کەشتی هەموو شکاوم و دەریا لە باوەشم
من سائیلی شەفاعەت و تۆ ساحەبی مەقام
لەو خوانی نیعمەتەت بدە سا لوقمەیێ بەشم
من دەردەداری دەردی مەعاسیم و تۆ تەبیب
دەردم دەوا کە تۆ بی خودا داوەشا لەشم
تا شاد نەبم بە مەرحەمەتی کیمیایی تۆ
بوونی بە زەڕ مەحاڵە مسی قەڵبی، پڕ غەشم
هەرچەند ئەکەم خەیاڵی نەسیمی شەفاعەتت
وەک غونچەیی کراوە سەراپا وەها گەشم
شایی تکایی تۆیە، منیش بۆیە وا بە شەوق
سازندەیێکی شایەر و عەبدێکی چاوەشم
بێخود بە کردەوە و قسە، خاکم بەسەر، وەهام
هەر وەک دەم و جنێوی بوتان نیشم و هەشم[1]
#بێخود#