بە خەندەی زۆری من دێوانە ئەگری
بە گریانی کەمم فەرزانە ئەگری
بە تاریکی دەروونم گەر بزانی
هەتا ڕۆژ وەک چرا پەروانە ئەگری
لە بێ شیری ویساڵی یارە، شەو، دڵ
لە بێشکەی سینەدا تیفلانە ئەگری
دوو دیدەی نێرگسینی پڕ لە لالەم
لە دەوری لێوی ئەو چاوجوانە ئەگری
لە نەشئەی پێکەنینی ساقی ئیمشەو
لە بەزما پیری من مەستانە ئەگری
شتێکت دیوە ئەی دڵ هەر لە مەجنوون
کە ڕێی ئەو بێ سەر و سامانە ئەگری
وەسیلەی گەینە شارت کێیە بێخود
کە چەشنی حەڵقە بەردەرگانە ئەگری[1]
#بێخود#