$برینەکانی ئەنفال بە دادگەییکردنی تاوانباران سووکتر دەبێ$
خەڵکی نیشتمانپەروەری کورستان!
بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان!
لە #14-4-2022# جارێکی دیکە #بەرەی گەل# بە داخباریەوە لەبەردەم گەورەیی گیانی ئەنفالکراواندا ڕادەوەستێ و ئەفسوس دەخوات کە دوای تێپەڕبوونی سی و چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە سامناکە، کەچی هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تاوانباران و ئەنفالچیان بە بەرچاوی بنەماڵەی قوربانیانەوە ئازادانە دەسوڕێنەوە و لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە داڵدەدرێن و دەپارێزرێن. بێگومان برینەکانی تاوانی ئەنفال ئەوەندە پڕ زامن کە بە ئاسانی ساڕێژ نابن، بەڵام بە دەستگیرکردن و دادگەییکردنی ئەوانەی کە لە شاڵاوی ئەنفالدا هاودەستی ڕژێمی بەعس بوون، کەمێک لە خەم و ئازاری بنەماڵەی قوربانیان کەم دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی سی و چوار ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالکردن، هێشتا برینەکانی ئەنفال بە جەستەی کوردستانیانەوە دیارە و خوێنی لێدەچۆڕێتەوە، هێشتا بە بەرچاوی جیهانی بەناو دیموکراسی و پارێزەری مافی مرۆڤەوە، داگیرکارانی کوردستان درێژە بە ڕەشەکوژی و قڕکردنی کوردستانیان دەدەن و گوشارەکانیان بۆ سەر گەلی کورد قورستر دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی سی و چوار ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالی ڕەشدا، هێشتا بنەماڵەی قوربانیان لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوانن، بۆیە بەرەی گەل داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد دەکات کە چیتر خۆ نەگنخێنن و بە زووترین کات کار بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیانی ئەنفال بکەن تا لە زێدی خۆیاندا بە شکۆوە بە خاک بسپێردرێن. لە هەمان کاتدا دەخوازێ کە حکومەتی بەغداد قەرەبووی بنەماڵەی ئەنفالکراوان لە ئەستۆ بگرێ و شوێنی ژیانیشیان بۆ نۆژەن بکاتەوە.
ئەمڕۆ لە 14ی نیساندا لەکاتێکدا کە بەرەی گەل هاوشانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازانی گەلەکەمان بە خەمناکیەوە یادی ئەنفالکراون دەکاتەوە و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەنێرێ، لەهەمان کاتدا سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات و ڕێز لە خەمخۆری و قوربانیدانیان دەگرێ.
سڵاو بۆ گیانی ئەنفالکراوان کە شەهیدی ڕاستەقینەی نیشتمانن.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێی ئازادی و وەکهەڤی.
نەفرەت لە داگیرکار، نەفرەت لە بەعسزادە و ناپاکانی گەل و نیشتمان.
بەرەی گەل
14-04-2022
[1]