دەڵێی پێ بە هێلکەدا دەنێت
هێلکە بەهۆی پێکهاتەکەیەوە سودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی باش لە ڤیتامین و پرۆتین و کانزاکان، کە بۆ تەندروستی بەسودن. دەبێتە هۆی بەهێزکردنی مێشک و ئێسک و ڕێگریشە لە کەمخوێنی.
پێکهاتەی هێلکە وایە، کە توێکڵەکەی لە کالسیۆم پێکهاتووە و زۆر ناسکە، بۆیە ئەم ئیدیۆمە بە یەکێک دەگوترێت، کە زۆر لەسەرخۆ و بە سەبری بڕوات و مرۆڤ چەندە بە ترسەوە بەسەر شتێکدا بڕوات، ئەوەندە نەرم و لەسەرخۆتر دەبێت، ئەم ئیدیۆمەش بەهۆی ئەزمون و تاقیکردنەوەوە دروستبووە، کە زانراوە لە هێلکە ناسکتر نییە، بۆیە ئەم مەبەستە بەکارهێنراوە، هەروەها دەشگوترێت:(دەڵێی بەسەر هێلکەدا دەڕوات).
هەروەها هێلکە زۆر جار لە ئاخاوتندا بە واتای پاکی و خاوێنی و سپیەتیش بەکاردێت و لەوە دەچێت وشەی (خاوێن) یش هەر لەسەر بنەمای واتای هێلکەوە هاتبێت.
(خا) لە هەندێ شێوەزاردا، بە واتای هێلکە دێت، (وێن) یش لە (وێنە) ەوە هاتووە، بە واتای پاکە وەک (هێلکە).
خا + وێنە > خاوێنە > خاوێن.
هەروەها ئیدیۆمیشی دیکەش لەسەر هێلکە هەیە، وەک: (مریشک هێلکەی قازی بکات، قونی دەدڕێت). ئەمەش بۆ بارودۆخێک بەکاردێت، کە یەکێک کارێک لە توانای خۆی زیاتر بکات و دەسەڵاتی بەسەریدا نەشکێت و لە ئەنجامیشدا هەرەس بهێنێت و سەرکەوتوو نەبێت.
بەهەمان شێوە، چیرۆکی (هێلکە) ی نامێش هەیە، بەهەمان شێوە بەرانبەر ناسکی و نەمیین و ناکامی بەکاردێت، کە دەگوترێت: (دەڵێی هێلکەی نامێیە).
هەروەها دەشگوترێت: (هێلکەی کەسک و سۆری پێکرد)، واتە دەردی زۆر پێدا و دڵی شکاندووە.
ئیدیۆمێکیی دیکەش هەیە، دەڵێت: (هێلکە پینەکەرە)، واتە: زۆر دەست بە ماڵی خۆیەوە دەگرێت.
ئیدیۆمی (هێلکە و ڕۆن خۆر)، بۆ کەسێک بەکاردێت، کە کاربەدەستی کەسێک بێت و خۆراکی باش بێت و لە زۆرانبازیش بدۆرێت. [1]