ئەستووک، ئەستووکی سێر لە قێنە
لە زاری (ئەسعەد ئاغای نەوەی مەحمود ئاغای سارتکی)یەوە وەرم گرتووە کاتی خۆی مام سەعید ناوێک لە گوندی سارتک)ی شارەدێی سێگردکان هەبوو، بەڕەحمەت بێت هەموو جاران دەیوت: کابانەکم دەوێت ئەستوکی سێر لە قێنم بۆ بکات، لە #هەولێر# و #کۆیە# و قەراج و #کەندێناوە# بە ئەستوورکە و ئەستوورک و کولێرەی گەورەی سەر ساج و سێرێ دەوترێت: ئەستووک، کە لەدوو ئەنگوتکە هەویر یان زیاتر کابان و نانکەران درووستیان دەکرد، ناوەکەی لە (ئەستوور)ەوە هاتووە، وەکوو نانی تیری تەنک و جوان نەبوو، بەڵکوو کولێرەیەکی لچ ئەستووری گەورە بوو، زیاتر لە کۆتایی نان کردن ژنان دەیانکرد بۆ بەرچایی و ماست پێ خواردن دەیانبرژاند، ئەو ئەستووکە گەورەیە کە کەیبانوو پانی دەکردەوە دواتر یان بە دەست یان لەسەر تیرۆگەکەوە بەسەر سێرەکەی دادەدا تەپەی لێوە دەهات، ئەو ئاگردانانەی لەسەر کوچک و بەرد دانرابوون سێرەکانیان دەڵەقایەوە و دەیجوڵاندەوە، بەو ئەستوکە دەوترا سێر لەقێن، ئەوە زیاتر گوزارشت بوو لەوەی کە وەرزێر و سەپان و پاڵە و ڕەنجبەر و کرێکار و زەحمەتکێش و جۆوان و کشتیار و جۆتیار بەو کولێرە و ئەستوکەی نەبێت تێر ناخۆن، بۆیە وەکوو ئیدیۆمی لێهاتووە ئەو ڕەنجبەرانەی بەنانی تیری تێریان نەخواردووە وتویانە ئەستووک، ئەستوکی سێر لەقێنە، نەوەک ئەو نانۆکانەی کە سیان و چوار بڕستی برسێتیمان ناشکێنێت.[1]