لێی کەوتۆتە کلکان
لە هەولێرێ دەوترێت(لێی کەوتیتە کلکان)، کلک ئەندامێکی به کەڵکی زۆرێک لە ئاژەڵانە و کۆمەڵێک ئەرک و فەرمانیشی هەیە لە ئاژەڵێکەوە بۆ ئاژەڵێکیتر دەکرێت جیاوازی هەبێت، هاوسەنگی و جوانی و ئیما و ئاماژەی جۆراوجۆری تێدایە، بۆ ئاژەڵێکی وەکو بزن دەوترێت(کلکی بادەدا) واتە بەتەگە هاتووە بووە بە ئیدیۆمیش(کلکی بۆ بادەدا) واتە: حەزی پێەتی، بۆ ڕێوی وتراوە: شاهێدی ڕێوی کلکیەتی، بۆ سەگ دەوترێت: کلکی خستۆتە ناوگەلیەوە، بۆ تەوس و تەنز و گاڵتە پێکردنەوە ووتراوە: بەکلکی بارگیرم داڕیا، بەڵام لێرەدا ناوی هیچ ئاژەڵێک نەهاتووە: لێی کەوتۆتە کلکان، بەڵام لەدوور و نزیکەوە پەیوەندی بە سەگەوە هەیە، کاتێک سەگێک بیەوێت پەلاماری سەگێک یان پشیلەیەک یان مرۆڤێکیش بدات سەرەتا بە کلک لێ بادان پەیامەکەی خۆی دەنێرێت و کلکی دەجولێنێت و بەولا و بەم لای دادەدات و دەوترێت: کلکی بادەدات، ئەوە لایەنە ڕاستەقینەکەی ئیدیۆمەکەیە، وەکو ئیدیۆمیش مرۆڤ بەکاری دەهێنێت کاتێک کەسێک بیەوێت بیانویەک لە خت وخۆڕایی بەکەسێک بگرێت، بۆ ئەوەی لەسەر کارێک لایبدات یان دووری بخاتەوە، هەر لەبەر ئەوەی ئه و کەسەی بەدڵ نییە، بە هۆشدارییەوە دەوترێت: بەخوای فڵانە کەس لە فڵانە کەسی کەوتۆتە کلکان هەر لای دەدات، ئه و دیاردەیە لە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی فەرمانبەرایەتی زۆر هەستی پێ دەکرێت، کاتێک بەڕێوەبەرێکی تازە دەست بەکاردەبێت، کۆمەڵێک فەرمانبەر لەسەر کارەکانیان دەگۆڕێت و بەبێ هیچ هۆکارێک تەنها لەبەر ئەوەی بەدڵی خۆی نییە به و حاڵەتە دەوترێت: لێی کەوتۆتە کلکان و هەر لای دەدات.[1]