دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لقی حەڤدەی #شنگال#ی #پارتی دیموکراتی کوردستان#:
لەبارەی بارودۆخی شنگال و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵکی خۆشەویستی شنگالدا هاتووە، لە لایەن هەندێ لایەنی نابەرپرس دیسان موزایەدات لەدژی پارتی دووبارە دەبێتەوە.
لێرەدا بە بیر هەموو لایەک دەهێنینەوە کە خەڵکی شنگال خۆیان شاهیدی ئەوەن کێ بۆ شنگال قوربانی و خوێنی داوە. لەکاتی پەلاماری تیرۆریستانی #داعش# بۆسەر شنگال هەموو ئەو هێز و لایەنانەی موزایەدات دەکەن بە یەکێتی و پەکەکە و حکوومەتی عێراقیشەوە لە شنگال بوون، کەسیان بەرگرییان لە شنگال نەکرد و، تەنیا پارتی بەرگری کرد و خوێنی دا. لە پڕۆسەی ئازادکردنی چیای شنگال و ڕێگەکانی شنگال لە مانگی کانوونی یەکەمی 2014 و لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی شنگال لە تشرینی دووەمی 2015 ئەوە پارتی و پێشمەرگەکانی پارتی بوون بە تەنیا و بە خوێنی خۆیان شنگالیان ئازادکرد و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش کردەوە.
دوای پیلانی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017ش پێشمەرگەکانی پارتی لەسەر داوای خەڵکی شنگال و بۆ ئەوەی شەڕ نەکەوێتە شنگال و لەنێوان شنگالییەکاندا گرفت دروست نەبێت، لە شنگال پاشەکشەیان کرد بەو مەرجەی کە خەڵکی شنگال خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن و ئامانجی پارتیش ئەوە بوو دەرفەت بدرێتە دانیشتوانی شنگال کە خۆیان حوکمی خۆیان بکەن.
بەڵام ئەوە حکوومەتی عێراقی بوو بەڵێنەکانی پێشێلکرد و شنگالی دایە دەستی قەدەر و حوکمی چەکدارانی پەکەکە و میلیشیای نایاسایی کە کاریان تەنیا قاچاخ و موخەدەرات و ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و یاریکردن بە چارەنووسی شنگال بووە.
هەموو لایەک ئەو ڕاستییە باش دەزانن بەهۆی داوا و ویستی خەڵکی شنگال، پارتی لە شنگال پاشەکشەی کرد ئەگینا چۆن پارتی لە پردێ و سحێلا لووتی چەکدار و میلیشیاکانی شکاند ئەوەهاش دەیتوانی لووتی دەستدرێژیکاران و چەکدارە قاچاقچیەکان لە شنگال بشکێنێت.
بەلای پارتییەوە چارەنووسی خەڵکی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان و جێگیربوونی ژیان و سەقامگیری بۆ خەڵکی مەزلوومی شنگال ئەولەوییەتی سەرەکییە، ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە دروستەیە کە بەرژەوەندیی شنگالیەکانی دەوێت و خەڵکی خۆشەویستی شنگالیش زۆر باش لەو سیاسەتەی پارتی تێدەگەن و پشتیوانی لێ دەکەن.
بەڵگەش لەسەر ئەوە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ڕابردووی عێراق بوو خەڵکی شنگال تەنیا دەنگیان بە پارتیدا و ئەوە پارتی بوو کورسییەکانی شنگالی بردەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە دەبێ دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە و هێزی نایاسایی و قاچاقچی و میلیشیا لەوێ دەربچن و واز لە خەڵکی شنگال بهێنن.
پێویستە هەرچی زووتر زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بڕەخسێندرێت و شنگال بۆ خەڵکی ڕەسەنی شنگال بگەڕێتەوە.
پارتی ناشتوانێت چیتر چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵکی شنگال لەژێر هەڕەشە و کۆڵەمەرگی و ئاوارەییدا بژیێت و یاری بە چارەنووسیان بکرێت.
لقی حەڤدەی پارتی دیموکراتی کوردستان
3ی ئایاری 2022[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!