دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان بە گەرمی لە هەموو موسڵمانان لە کوردستان، عيراق و جيهان پيرۆز دەکەم. هيوای جەژن و پشوويەکی ئارام و ئاسوودە بۆ هەمووان دەخوام.
جەژن لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە دۆخی عيراق و هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی پێويستی بە مانا و بەهاکانی جەژنە لە لێبوردەيی، ئاشتەوايی، بەخۆداچوونەوە و پێکهاتنەوەیە. بۆيە با هەموومان ئەم جەژنە بکەينە دەرفەتێک بۆ هاريکاری و لێکگەيشتن، تا لەسەر ئاستی عيراق و هەرێمی کوردستان دەست لەناو دەست، قەيران و ئاڵۆزييەکان تێپەڕێنين و قۆناغێکی تازەی پێکەوەيی دەستپێ بکەين، دەسکەوتەکان و ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان بپارێزين.
له هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک زياتر پێويستيمان بە پێکەوەيی، تەبايی و يەکڕيزييە . بۆيە داوا لە پارتی و يەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی و هەموو لايەنە کوردستانييەکان دەکەم جەژن بکەنە دەرفەتێک و لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی باڵای گەل و وڵات، هەرچی کێشە و ناکۆکی هەيە بەلاوە بنێن، خۆيان لە هەڵمەت و پەلاماری ميديايی و يەکترشکاندن بپارێزن. پێکەوە، يەکڕيز و تەبا، هاريکار و هاوئاهەنگ بن تا لەسەر ئاستی عيراقيش پێگە و ڕۆڵ و کاريگەرييان هەبێت.
با جەژن بۆ هەمووان لە هەرێمی کوردستان و عيراق ببێتە مايەی خێر و خۆشی و کردنەوەی دەرگايەکی ئاسوودەيی و ئارامی و سەقامگيری. جەژن لە هەمووان پيرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردسان
2022/5/1[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!