دونیای داوەتە بەر کلکان
لە هەولێرێ دەوترێت(دنیای دایتە بەر کلکان)، کلک ئەندامی دواوەی بەشێک لە ئاژەڵانە و دەکەوێتە سەر قونەجۆرە و کلێنجە و پشتەقوونەوە، لە ئاژەڵێکەوە بۆ ئاژەڵێکیتر جیاوازی هەیە، هاوسەنگی و ڕێکی و پەیامێکی باشی پێ دەگەیەنرێت، کوردیش زۆر ئیدیۆمی لەسەر هێناوەتەوه، وەک : لێی کەوتۆتە کلکان، کلک خوارە، کلکی لێ بادەدا، کلکی بادا، کلکی لێ بڵند کرد، کلک شۆڕ، کلکی ناوەتە گەلیەوە، تەڵەی بەکلکی دەتەقێنێت، بەس کلکی نییە، شاهێدی ڕێوی کلکی بێت، کلکیان لەگەڵ یەک گرێداوە و کلک تێوەردان و...تاد، زۆرجاران ئاژەڵێکی وەکو گوێدرێژ لەناو بژوێندا دەلەوەڕێت وەک پەشێوی مەزن دەفەرموێت:
مێوانی گەورەی سروشتە
نەخێ و نەباری لە پشتە!
بەزەڕە زەڕ، بە غارە غار
دنیای هەموو کردە بەهار
له و بژوێن و لەوەڕگایەدا هێدی هێدی کلکی بەهەردوو بەری پشتەقوون و ڕاست و چەپی داو و تەشکەریدا دەجوڵێنێت، یان کارژۆڵەیەک لەکاتی مژینی گوانی دایکی کلکی زۆر بە خێرایی بادەدات، کلک بادان زیاتر گوزارشتە بۆ هەوەز بازی و کەیفی خۆشی ئاژەڵەکە، ئەوە بووە بە ئیدیۆم و بە کەسێک دەوترێت کە کاروباری دونیای بەگاڵتە و فشەگرتووە و خۆی زۆر پێوەی ماندوو نا کات و هەرچی ڕووبدات لەلای ئاسایی دەبێت، بەتەوس و گاڵتە و فشەپێ کردنەوە دەوترێت: دونیای داوەتە بەر کلکان[1]