فێمینیستەکان ڕکیان لەپیاوان نابێتەوە
#گۆران سەباح#
تا ئێستاش لەوڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا، بەتێڕوانینی پیاو دەڕوانرێتە جیهان (فیگن و دوسی، 2018). جیهانبینی پیاو زاڵە لە بوارەیلی سیاسەت، ئابووری، سەربازی، ئەدەب، فەلسەفە، هتد (جێفریس، 2008). لەبەر هەندێ، بزووتنەوەی فێمینیستی هەس. لەبەر هەندێ، تیۆری ڕەخنەی فێمینیستی هەس لەبواری ئەدەبدا. تا ئێستەیش لە ئەمریکا، مووچەی پیاو و ئافرەت یەکسان نییە. واتە: ئەگەر پیاوێک و ئافرەتێک لە یەک شوێن کار بکەن و هەمان پێگەیان هەبێت، پیاوەکە زیاتر وەردەگرێت (ئەگەر پیاو هەزار دۆلار وەرگرێت، ژن 750 هەندێ جار 550 بۆ هەمان پۆست) (ئۆلیز، 2013). کاتێ دەرمانێک بۆ پیاو و ئافرەت دروست دەکرێ، زۆربەی جار تەنیا لەسەر پیاو تاقی دەکرێتەوە، یان تەنیا ڕای پیاوان وەردەگیرێت (لۆیس، 2018). بۆیە گرنگ نییە بەلایانەوە ئەگەر دەرمانەکە کاریگەریی خراپی هەبێت لەسەر تەندروستیی ئافرەتان. باشە بۆ بیریان بۆ ئەمە نەچووە؟ بیریان بۆ چووە، بەڵام هەموو شتێک لە ڕوانگەی پیاو و ئەزموونی پیاو دێتە نۆڕین (لۆیس، 2018.
بە گشتی، لە ڕۆژئاوا لەهەموو بوارەکانی ژیاندا، ئافرەت دێتە چەوساندنەوە (فیگن و دوسی، 2018). ئامانجی ئەم تیۆرە ئەوەیە ڕەخنە لەڕۆمان، چیرۆک و شیعر بگرێت ئەگەر پرسەکانی ئافرەتیان وەلانا، یان پاڵپشتی چەوساندنەوەی ئافرەتیان کرد، یان نوێنەرایەتیی ئافرەتیان نەکرد.
لە 2017، پڕ فرۆشترین سەت کتێبی منداڵانیان خستە ژێر هاوێنە. زۆربەی ڕۆڵە باشەکان درا بوون بەکارەکتەری کوڕ. کارەکتەری کچ لاوازو چاو لەدەستی کوڕان بوون. سەتا نەوەتی باشترین نووسەرانی دنیا پیاوانن، هێندە مەجال و گرنگی نادەن بەدەنگی ئافرەت. لەسینەما، لەئەدەب، لەهونەر، زانست و کایەکانی تری ژیان، پیاو باڵا دەستە (لۆیس، 2017). ئەوە لەڕۆژئاوا.
لۆیس تایسۆن (2018) دەڵێ ئەو لەپڕۆسەی چاکبوونەوەیە، ئەو هەوڵ دەدات لە ژێر کاریگەریی پیاوسالاری بێتە دەرەوە. لۆیس تایسۆن نووسەر و ڕەخنەگرێکی دیاری ئەدەبی ئەمەریکییە. بە تێڕوانینی من، تەواوی فێمینیستەکان، تەواوی ئافرەتانی خاوەن بۆچوون و پێگە و ئابووری و کیانی سەربەخۆ لەو هەوڵە دان، چونکە ڕەگی پیاوسالاری هێندە ئەستوور و درێژە، بە سی ساڵ قوت ناکرێت. لە هەشتاکانیش، ئافرەت پێی عەیب بووە بڵێ نووسەرە (جێفریس، 2008). ئەوە لە ڕۆژئاوا.
ئەقڵییەتی نەریتیی ڕۆڵی جێندەر هێندە ڕەگی داکوتاوە، ئاسان نایەتە هەڵکەندن. ئەو ئەقڵییەتە لە بیری هەموو تاکێکی ڕۆژئاوای چاندووە کە پیاو بەهێزترە، وەستایە، بەرگەگرە، زانایە؛ ئافرەتیش لاوازە، بەسۆزە و بەرگە ناگرێ، زانا نییە، بەڕێوەبەر نییە، هتد. هەندێ جار دەپرسم، تۆ بڵێی مرۆڤ پرۆگرام نەکرا بێت بەو ئەقڵییەتە؟
نێرسالاری هەموو شتێکی ئەرێنی داوەتە پیاو و هەموو شتێکی نەرێنی داوەتە ئافرەت (لۆیس، 2018). باسی هەر شتێک دەکەی، پیاو تێیدا پاڵەوانە و ئافرەتیش یەخسیر. سەیری چیرۆکی ساندرێلا بکە (بەداخەوە شانازی پێوە دەکەین؛ هەیە دەڵێ کچەکەم هێند مەرەقی ساندرێلایە، خەون و خەیاڵی بووەتە ساندرێلا). ساندرێلا جیهانێکە پیاو لە مێشکی کچاندا دەیچەقێنێت: کچ دەبێ ملکەچ بێ، چاوەڕێ بکات هەتا پیاوێک دێ ڕزگاری بکات. کە دەڵێم ڕەگی ئەستوورە، ئەوەیە مەسەلەکە. وەرە سەیری (جوانی و جانەوەر) بکە، دیسان ئافرەتەکە لاوازە، دەبێ ئاژەڵێکی نێرینە بێ ڕزگاری بکە. ئیتر سەتان نموونەی لەم جۆرە هەن لە شیعر و ڕۆمان و چیرۆکدا کە پاڵپشتی نێرسالاری دەکەن.
لۆیس تایسۆن (2017) دەڵێ ئەدەبی نێر هێندە بە شێنەیی بەربووەتە گیانی ئافرەتان، وای لێهاتووە نێرەئەدیب بڵێن، کوا شتی وا نییە. واتە نکووڵی لێ دەکەن. لە فەزای ئەدەب و تەواوی بوارەکانی تر لە کوردستان، زۆر جار، هەمان قسە دەبیستین، کوا غەدر لە ئافرەت دەکرێ، ئەوە نییە هەموو شتێکیان هەیە. ئەوەیە ئەقڵییەتی نێرینە.
خۆشبەختانە کۆمەڵێک ڕۆمان هەن توخمی فێمینیستیان تێدایە و ڕەخنە لە نێرسالاری دەگرن و ڕەتی دەکەنەوە. بۆ نموونە: ڕۆمانی (نیشتمانی سارا)ی میران ئەبڕام، (زەیتوونستان)ی کەریم کاکە، (کچانی دووکەڵ و ئاگر)ی ئاڤا هوما و (مرۆڤی هەرزان)ی بەندە.
لێرە زێتر دەپڕژێمە سەر ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ئایدیۆلۆژیای نێرسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا. دەسەڵاتی پاڵەوانیبوون لە پیاو وەردەگرێتەوە و دەیدات بە ئافرەت. لە ڕێگەی کارەکتەرانی وەک شووشە، مێتال، خێزانی سامی سێڵ، خێزانی بێرنی لومۆ، خێزان و کچەکانی ئیمام حەکیم و چەندان ئافرەتی تر، ڕۆمانەکە هێزی هەقیقی ئافرەت پێشان دەدات.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بە تەواوی ئەقڵییەتی کۆنی جێندەری ڕەت دەکاتەوە. پێمان دەڵێ خۆ هەر پیاو فریادڕەس نین، سەرکردەی دەریا و وشکانی نین، نەخێر. شووشە کارەکتەرێکی ئافرەتی گەنجی کەمئەندامە، دەتوانێ ببێتە فریادڕەس، هەموو دنیا چاویان لە دەستی ئەوە، چاویان لە پڕۆژەکەی ئەوە، بەڵام ئەو بە پێچەوانەی پیاو خۆی ناکاتە خاوەنی هەموو شتێک، ڕکی لە پیاوان نابێتەوە. تیمێک پێک دێنێت و لە ڕێگەی کاری تیمەوە پڕۆژەکەی جێبەجێ دەکات. بە پێچەوانەوە، لە ڕۆمانەیلی تر تەواوی هێز و پێگە دەدرێنە یەک پیاو. وەرە سەیری فیلمەکانی هۆلیود بکە، فیلمە هیندییەکان، پیاوێک دەتوانێت هەموو شتێک چاک بکاتەوە، هەر پیاوەکەیە ژنەکە ڕزگار دەکات. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەقڵییەتی نێرینەیە.
مرۆڤی هەرزان تێڕوانین و دیدگەی لەمەڕ پێگەی ئابووری، زانستی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەلسەفی ژن دەگۆڕێت لە نەرێنییەوە بۆ ئەرێنی. ئەقڵییەتی نێرینە پێمان دەڵێ ژن ناتوانێت پڕۆژەیەکی گەورە بەڕێوە ببات، ناتوانێت تیمێکی زانایان بەڕێوە ببات، ناتوانێت بیرۆکەیەکی هەبێت هەمووان پێی سەرسام بن، ناتوانێت مرۆڤ ڕزگار بکات. ئەم ڕۆمانە دەڵێ نەخێر، وا نییە. ئەوەتا شووشە و ئەوانی تر دەتوانن هەموو ئەو کارانە بکەن.
لە سەرووی هەموو ئەوانەوە، مرۆڤی هەرزان تێڕوانینی نێرینە بۆ لایەنی دەروونیی ئافرەت بە تەواوی تێک دەشکێنێت. شووشە زانایە لە بواری دەروونیی تەکنەلۆژیای زیرەک، دەتوانێت دەروونیی مرۆڤ لەو سەردەمە پێشکەوتووەدا چێتر و قووڵتر بخوێنێتەوە لەچاو دەروونناسە پیاوەکانی پێش خۆی. بۆیە دەتوانێت بیرۆکەیەکی بەهادار پێشکێشی مرۆڤایەتی بکات.
ئەقڵییەتی نێرینە تۆوی ئەوەی چاندووە گۆیا ئافرەتی داهێنەر نییە، هەشبێت پیاوێکی لەپشتە. ئەمە ئەوپەڕی کۆلەوارییە. مرۆڤی هەرزان ئافرەتی سەربەخۆ و داهێنەر زەق دەکاتەوە، ئەمەش هەوڵێکی نوێیە لە ئەدەبی کوردیدا. شووشە داهێنەرێکە دنیا سەرسام دەکات لەبوارەیلی زانستی تەکنەلۆژی، فەلسەفەو دەروونناسی و ڕۆحانییەت.
ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان دەیان پرسی تری تێدایە پێوەست بەتیۆری فێمینیستی، هیوادارم ڕەخنەگرانی تر بێن کار لەسەر ئەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریش بکەن کە لەسەرەوە ناوم هێناون.[1]
$سەرچاوەکان$
Feagin, J.R. and Ducey, K., 2018. Racist America: Roots, current realities, and future reparations. Routledge.
Jeffreys, S., 2008. Keeping women down and out: The strip club boom and the reinforcement of male dominance. Signs: Journal of Women in Culture and Society, 34(1), pp.151-173.
Lois Tyson (2018). Critical theory today. New York: Routledge.
Lois Tyson (2017). Critical theory today. New York: Routledge.
Oelz, M., Olney, S. and Tomei, M., 2013. Equal pay: An introductory guide.
گۆران سەباح (2021). مرۆڤی هەرزان. نووسیار:کۆپنهاگن