ناونیشان: تێروانینێکی لۆژیکیانە لە سەر خەباتی #یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان#
نووسەر: #نەسرین حەسەن#
سیستەمی سیاسیی کوردستان درفەتی بۆ هەموو چین و توێژەکانی کوردستان ڕەخساندووە کە بتوانن بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە سیاسەتی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی؛ ئەوە لە واقیعی ژیانی کوردستانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، هەڵبەتە کۆمەڵگەی کوردەوارییش بە زۆر قۆناغدا تێپەڕیوە تا گەیشتووەتە ئێستا؛ کە خەبات بۆ چەسپاندنی مافی سەربەخۆیی دەکات و، تاوەکو ئێستاش لە پێناو ئەو مافە ڕەوایەدا لە شەڕدایە و، هەزاران قوربانییشی بەخشیوە. هەڵبەتە ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستانیش لەو خەبات و ململانێ سیاسییەدا کەم نەبووە، بگرە ڕۆڵی کارایشی هەبووە لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا و، تەنانەت زۆر جار بووەتە قوربانی. دیارە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتان گرنگی و پێویستییەکی مێژوویییان هەیە.
62 ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی مێژووییدا بە ڕاسپاردەی باوکە ڕۆحییەکەی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر لە #11-12-1952# لە شاری #سلێمانی# بە نهێنی لە ماڵی میرزا غەفوور، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا. بە دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەو ساتەوەختەدا، دیارە سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و، بە تایبەتی بارزانی نەمر، چەندە بە ڕۆڵ و گرنگیی ئافرەتی کورد بایەخیان داوە؛ هەر ئەو بایەخپێدانەش بوو بە هۆکارێک کە ئافرەتی کورد لە ناو کۆمەڵگادا پێگەیەکی بەهێزتر پەیدا بکات و، ناسنامەی ئافرەتبوونی خۆی بدۆزێتەوە و، داکۆکی لە مافی خۆی بکات لە کایەکانی ژیاندا؛ تا بە ئەمڕۆیش هاوشانی ڕێکخراوەکانی تری ئافرەتان لە بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئافرەتدا بەردەوامە.
هەڵبەتە لێرە ناکرێت ئەو دەستکەوتانەی کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە مێژووی خەباتی خۆیدا تۆماری کردوونە، هەمووی باس بکرێت، بەڵام بە سووکەتێروانینێکی دەتوانین ئاماژە بە چەند دەستکەوتی گرنگ بکەین:
توانیویەتی بابەتی جیاوازی ڕەگەزی لەو ڕێگەوە بیکاتە پرسێکی کۆمەڵایەتی و هەستیار و بیسەلمێنێت کە، ئەو بابەتە یەکێکە لە تەوەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە دەچێتە پاڵ بابەتی نەتەوایەتی و چینایەتی و، وەکو ئەو دوو تەوەرە گرنگیی پێ بدرێت و چارەسەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو سێ تەوەرە بنەمای دامەزرانی ژیانی کۆمەڵایەتین.
هەوڵی زیادکردنی ڕێژەی کارکردنی ئافرەتی داوە لە دەرەوە، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە پێی وایە سەرچاوەی ئابووری بۆ ئافرەت بەشێکە لە ڕزگاربوونی لە چەوسانەوە؛ یارمەتیدەری خێزانیشە و، ئابووریی وڵاتیش دەگەشێنێتەوە.
بەکارهێنانی هێزی قەڵەم، لە ناو یەکێتی ئافرەتانی کوردستاندا و ئەو هەموو جموجۆڵ و چالاکییە بەردەوامەی ئافرەتان، سەلماندوویەتی کە ئافرەتیش بوونەوەرێکە کە توانای کار و بەهێزکردنی پێگەی خۆی هەیە لە ناو کۆمەڵگەدا و، داخوازی و بیروڕای تایبەت بە خۆی هەیە و، لەو پێناوەشدا هەموو هەولێکی خۆی دەدەات.
- هەوڵدان لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی شیاوی ئافرەت لە شوێنی بڕیاردا، جا لە ناوەندی سیاسیدا بێ یان حکوومەتی؛ هەروەها گۆڕانکاری لە زۆربەی ئەو یاسایانەی کە مافەکانی ئافرەتیان پێشێل دەکرد.
- هەڵوێستوەرگرتن و ئیدانەکردنی هەر کردەوەیەکی نەخوازراو، لە کاتی هەر گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵاتیدا بە پێی بارودۆخەکان و بە تایبەتی هەر پێشیلکارییەک کە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت.
- گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن و تێکگەیشتن. کە پێی وایە بەختەوەریی خێزان، بەختەوەریی کۆمەڵگایە و، هەر لەسەر ئەو بۆچوونە کار لەسەر تاکی کۆمەڵگا دەکات، بێ جیاوازیی ڕەگەزی تا خێزانێکی ڕێکوپێک و بەختەوەر پێکەوە بنێن.[1]