بابەت: وتار
نووسین: #وەلید محەمەد سلێمان یوسف#
$چەند پەیڤێک لە یەکی ئایاردا$
ساڵانە بە بۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و پشتگیری چینی کرێکارانی جیهان، لایەنە چەپەکانی هەرێمی کوردستان، بەیاننامە بڵاودەکەنەوەو باس لە خەبات و تێکۆشانی کرێکاران دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ باشکردنی بژێوی کرێکاران و ڕەنجدەر و هەژارانی کوردستان دووپات دەکەنەوە و خۆیان بە پێشەنگی ئەو خەباتە دەزانن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی سەرکردەی ئەو حزبانە بۆ خۆیان ژیانێکی شاهانەیان هەیە، منداڵەکانیان لە هیچیان کەم نییە و لە کۆشک و تەلاری ڕازاوەدا دەژین، کەچی فرمێسکی تیمساحاوی هەڵدەڕێژن. ڕاستییەکەی هیچ پێویست ناکات کە ئەو لایەنانە بەیاننامە بڵاوبکەنەوە و ڕۆژی هاوپشتی کرێکاران بە جەژن وێنا بکەن و خۆیان لەپێش کامێراکان نمایش بکەن، چونکە یەکی ئایار جەژن نییە و ڕۆژی هاوخەباتی و پشتگیری خەباتی چینایەتییە، ئەو بەناو سەرکردانە لە ڕۆژی یەکی ئایاردا باس لە خەباتی چینی کرێکاران و بژێوی ستەمدیدە و هەژارانی کوردستان دەکەن کەچی خۆیان و منداڵەکانیان لەخۆشترین ژیاندا دەژین و تەنها ئەم ڕۆژە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و پارێزگاریکردن لەژیانی شاهانەیان بەکاریدەهێنن، واتە ئەوان خۆیان بەشێکن لەو ستەم و زۆردارییەی کە بەرانبەر چینی کرێکار و هەژارانی کوردستان دەکرێ.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە هۆپ لەو لایەن و سەرکردانە بکرێ و داوایان لێ بکرێ یان بگەڕێنەوە ڕیزی چینایەتی و بەکردەوە پشتگیری کرێکاران و ڕەنجدەران بکەن یان چیتر چەواشەکاری نەکەن و خۆیان وەک پێشەنگ و ڕێبەری خەباتی چینایەتی پێشان نەدەن.
وەلید محەمەد
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,017 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!