بابەت: وتار
نووسین: #وەلید محەمەد سلێمان یوسف#
$ژینگە چییە$؟
ژینگە بریتیە لە گشت ئەو ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندان و هەستی پێدەکەین. وەک گیاندار یان بێگیان و هەروەها لە کۆمەڵێک هێزی کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی و چەند هێزێکی تری سروشتی پێک دێت.
$ژینگە پارێز کێیە$؟
ژینگە پارێز ئەو کەسانەن کەخۆشەویستیان بۆ ژینگە هەیەو، هەوڵی پاراستن و زیاتر پێشەوە بردنی ژینگەی ووڵاتەکەیان دەدەن، جا چ بەڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە یان هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان و هەڵواسینی پوستەر لە شوێنە گەشتیارییەکان و کردنەوەی خولەکانی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی پاراستنی ژینگە و ڕواندنی دارو گولی زیاترو چاودێریکردنیان.
کێ پێویستە ژینگە بپارێزێت؟
لەسەر هەموو تاکێکی جیهان پێویستە ژینگە بپارێزن چۆنکە پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان.
چۆن ژینگە بپارێزین؟
یەکەم: ناشتنی دارو درەخت و سەوزایی لەباخچەکانداو لەدەشت و زەوییەکانداو چاودێری کردنیان و پاراستنیان وەک بیلبیلەی چاومان لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە.
دووەم: پاراستنی ووزە
کەم بەکارهێنانی ووزەی کارەبا کاریگەریەکی زۆر لەسەر پاراستنی ژینگە هەیە، چۆنکە زۆربەی وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا بەسوتاندنی گازو نەوت ئیش دەکەن و دوای سوتاندنیان دۆکەڵ و گازی دوانە ئوکسیدی کاربون بە هەوادا بڵاودەبنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.
سێیەم: پاراستنی ئاو
کەم بوونی ئاو لەسەرچاوە سروشتیەکاندا کاریگەرییەکی زۆر خرابی لێدەکەوێتەوەو دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، بۆیە پێویستە سیستەمی بەکارهێنانی ئاو گۆراکاری تێیدا بکرێت و لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزن و ئاوێکی کەم تر بەکاربهێنن، تا ژینگەکەمان پاک و خاوێنتر ڕابگرین.
چوارەم: نایلون و بۆتڵە شیشەکان
لە زۆر ووڵاتی جیهان کەرەستەیەکی زۆری بەکارهێنان قەدەغەیە. هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاوو هەواو خاک لە کوردستان نایلون و بۆتڵە شیشەکانە، کەتەنها یەک جار بەکاردەهێنرێن و فڕێ دەدرێن. ئەم کیس و بۆتڵانە بەهەزارەها ساڵ لە هەوادا دەمێننەوەو شی نابنەوە. پێویستە بەهیچ جورێک دەفرو کیسی یەکجار بەکارهێنان نەکەینە پێداوێستی ڕۆژانەو بنەبڕکردنیان بکەینە کولتور.
پێنجەم: دروست کردنی کارگەی ڕیسایکلین
پێویستە هەموو ئەو کەرەستانە کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێن و شی نابنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، کارگەی ڕیسایکلینی بۆ دروست بکرێت و دووبارە بەکاربهێنرێنەوە.
شەشەم : یاسای پاراستنی زبڵ و خاشاک
پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بەزبڵ و خاشاک دەربکات بۆ پاراستنی زیاتری ژینگە.
حەوتەم: هۆکارەکانی گواستنەوە
بێ گۆمان زۆر بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوە وەک ئۆتومبێڵ.... دەبنە هۆی زیاتر پیسبوونی ژینگە چۆنکە بە بەنزین و گاز... ئیش دەکەن.
هەشتەم: پرۆگرامەکانی خوێندن
پێویستە ژینگە پارێزی لەپرۆگرامەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردە بکرێتە بابەتێکی سەرەکی و فیرخوازان لەسەر پاراستنی ژینگە ڕابهێنرێن.
نۆیەم: کردنەوەی کولێژی ژینگە
پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەموو زانکۆکانی کوردستان کولێژی ژینگە بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پێگەیاندنی زیاتری کادری ئەکادیمی تایبەت بە پاراستنی ژینگە.
دەیەم: خولە ڕۆشنبیرییەکان
پێویستە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، خولە ڕۆشنبیرییەکانی تایبەت بە پاراستن ی ژینگەو ناشتنی دارو درەخت.. بۆ تەواوی هاونیشتمانیان بکەنەوە.
یازدەهەم : ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان
لەبەرئەوەی ئێستا لە سەرانسەری جیهان ژینگە سات بە سات زیاتر پیس دەبێت، بۆیە پێویستە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێک بهێنرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە لەپیس بوونی ژینگە بگرێت. یان ڕێکەوتنی پاریسی تایبەت بە پاراستنی ژینگە زیاتر کارا بکرێتەوە.
#08-04-2021#
[1]