بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان
بەبۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان و جیهان
بەبۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران و ڕەنجدەران، ڕۆژی هاوپشتی و پاڵپشتی و پشتگیری جیهانی چینی کرێکاران، کە بووەتە سونبولی یەکێتی تێکۆشانی کریکاران و ڕەنجدەران و گەلانی زوڵملێکراو و بن دەست و زەحمەتکێشانی جیهان و خەباتی نێونەتەوەیی لە پێناو دادپەروەری و دیموکراسی و ئاشتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان و جیهان دەکەین. هەموو لایەکیش دەزانین پێشکەوتنی کۆمەڵگه و بووژاندنەوەی ئابووری و سەرخستنی پرِۆسەی ئاوەدانکردنەوه و پیشەسازیەکی تۆکمه و پێشکەوتوو پێویستی بە هێزو بازوو و توانای عەقلی کرێکاران و زەحمەتکێشان هەیە، بۆیە کرێکاران سەرمایەیەکی لە بن نەهاتووی نیشتمانن، لە ڕِۆژە سەختەکانیشدا ڕِۆڵ و کاریگەریان هەمیشە لەبەرچاو بووه و لەم پێناوەشدا ڕِەنج و ماندووبوونی زۆریان کێشاوە. بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان لەکاتێک بانگ لەچینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و
رەنجدەران دەکات، ڕیزەکانی خۆیان یەکگرتوو بکەن و بەڕێکخراوبوون و تێکۆشان و خەباتی یەکگرتووانەی خۆیان دەتوانن گشت داوا و داخوازی و مافە چینایەتیەکانیان بەدەست بهێنن، بەمەش دەبنە هێزێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو بۆ ئەوەی حکومەت مل بۆ گشت داواکاری و داخوازیەکانیان بدات.
بۆیە دەبێ چینی کرێکاران و تەواوی چین و توێژە بەش مەینەت و هەژارەکان لەیەک بەرەدابن و تێکۆشانی هاوبەش بکەن بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان..، جارێکی تر وێرِای پیرۆزبایی ئەم یادە لەسەرجەم کرێکاران و هەژاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، سەری ڕِێز و نەوازش بۆ ئەم چینە ماندوونەناسە دادەنەوێنین و، دووپاتی دەکەینەوە کە بزوتنەوەی نوێبوونی کوردستان هەردەم پاڵپشتێکی مەزنی چینی کرێکارانه و خۆی بە پاڵپشتی داواکاری و مافە بنەرِەتیەکانیان دەزانێت.
لەیادی ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاراندا ئەو چەند داواکاریە پێشنیار دەکەین :
1- لەگەڵ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی جیهان و سەرجەم هێزە ئاشتیخوازەکانی جیهان، لە پێناو ئاشتی و پێکەوەژیان و نەمانی چەکی ئەتۆمی و، کۆتاییهێنان بە پێشبڕکێی چەکداری و داماڵینی چەک و کۆتایی هێنانی جەنگ.
2- لە پێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەسپاندنی دیموکراسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تواناسازی کۆمەڵایەتی.
3- لەپێناو بیمەی مافی دایکایەتی کریکارانی ئافرەت و دەستەبەرکردنی دایانگاو باخچەی ساوایان بۆ منداڵەکانیان.
4- لە پێناو پیاچوونەوە بە سیاسەتی ئابوری و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و، کۆتاییهێنان بە ئابوری بەرخۆر و، بەشێوەیەک ژیانێکی شایستە بە خاوەن داهاتی سنوردار دەستەبەر بکات.
5- لەپێناو پەرەپێدانی مرۆیی بەردەوام و بنیاتنانی توانای مرۆیی کوردستانی و تواناسازی کۆمەڵایەتیدا.
6- بۆ دەرکردنی یاسایەکی کار و خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی، بەشێوەیەک لەگەڵ لیستی یاسای کاری نێودەوڵەتی بگونجێت.
7- لەپێناو گرنگیدان بە کرێکاری کشتوکاڵی ژن و پیاو لە گوندەکاندا.
8- بۆئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد و دوور لە زاڵبوونی ویستی حزبی لەپێناو پێکهێنانی سەندیکایەک بۆ کرێکاران وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکاران.
9- لە پێناو ئازادی کاری سەندیکایی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
#بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان#
#01-05-2021# زایینی
[1]