ناوی شەیتان لەچەند ئیدیۆمێکدا
شەیتان لە زۆربەی ئاین و کلتورە جیاوازەکاندا، وەک هێمایەک بۆ شەڕ و خراپەکاری و بەدخوییی ئاماژەی پێکراوە، بەهێزی شەڕ و پێچەوانەی هێزی خێر و چاکەکاری ناوی هاتووە، ئەم تێڕوانین و بیرکردنەوەیەش لە زماندا دەربڕینی بۆ کراوە و چۆتە ناو قسەپێکەرانی کۆمەڵگاوە، هەر بۆیەش لە زمانی کوردیدا، چۆتە ناو پێکهاتەی چەند ئیدیۆمێکەوە، لەبەرئەوەی ئیدیۆم ئاوێنەی کلتور و نەتەوەیە و هەر بیروبۆچونێک لەلای گەل و نەتەوەیەکدا هەبێت، لە ئیدیۆمەکانیاندا، ڕەنگدانەوەی دەبێت، لێرەدا، ئاماژە بە هەندێک له و ئیدیۆمانە دەکەین:
دەڵێی شەیتان دەرسی داوە:
ئەم ئیدیۆمە بۆ کەسێک بەکاردێت، کە زۆر فێڵباز و زۆرزان و زیرەک بێت، بتوانێت بە قسە و ڕەفتارەکانی خەڵک هەڵبخەڵەتێنێت و لە خشتەیان ببات، گومانیش لەوەدا نییە، کە شەیتان به و جۆرە ناسراوە.
شەیتانی بەشەری بەشەرە:
مەبەست لەوەیە، کە کەسانێک هەن، کارەکانیان وەک کاری شەیتانە و بیر لە چاکەی خەڵکی ناکەنەوە و بەڵکو هەتا پێیان بکرێت، خراپەکاری دەکەن و نێوانی خەڵکی تێک دەدەن و فیتنەبازی دەکەن، ئینجا له و حاڵەت و بارو دۆخەدا دەگوترێت: (کەس شەیتانی بەچاوی خۆی نەبینیوە، بەڵکو شەیتانی مرۆڤی مرۆڤەکان خۆیانن).
دەڵێی شەیتان ڕاوی دەنێت.
ئەم ئیدیۆمەش بە کەسێک دەگوترێت: کە زۆر بە گوڕ و بەخێرایی هەڵبێت و ڕابکات، لێرەدا ناگوترێت: وەک ڕاوی بنێیت وایە، بەڵکو ناوی شەیتان دێت، بۆئەوەی ترس بدرێتە پاڵ ئه و ڕاکردنە، چونکە شەیتان ئەوەندە ناپەسەند و سامناکە، ئه و کەسە بەجۆرێک ڕادەکات کە هەرگیز شەیتان نایگاتێ.
کورتان بۆ شەیتانی دەدووریت : ئەم ئیدیۆمەش بۆ کەسێک بەکاردێت، کە ساختەچی و کلاوچی بێت و فێڵ لە خەڵکی بکات.
هەروەها وشەی (شەیتان) بەتەنیاش بەکاردێت، کاتێک کە بەکەسێک دەگوترێت: (فڵانە کەس شەیتانە)، واتە: فێڵباز و خراپەکارە.
هەندێکجار وشەی (شەیتان)، بۆ ئاماژەکردن بە زیرەکیش بەکاردێت، بێجگە لە فێڵبازی و لە خشتە بردن. [1]