بابەت: ئاین وئاتەیزم
نووسین: یونس ڕاوی
$حیجاب و نیقاب لە بنەڕەت کلتورێکی بیابانی (سینا)یە$
حیجاب و نیقاب لە بنەڕەت کلتورێکی بیابانی (سینا)یە، عەرەبی جاهیلیش لەوانیان سەندووە، لە (یەسریب)ی کۆن لاساییان کردوونەتەوە، دواجار (موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان) دەیخاتە نێو دینی ئەمەوی، ئیمام (مالیکی کوڕی ئەنەس)یش ڕایدەگێنێت: هەموو داب و نەریتێکی عەرەب، بەشێکە لە دینی ئیسلام، پاڵپشت بە ئایەتی (199)ی سوڕەتی (ئەلئەعڕاف).
بەڵام ئەمانە هەمووی بوهتانە بۆ خودا و پەیامهێن (دروودی لەسەر)، نیقاب نەک شەریعەتی موحەممەد نیە، بەڵکو بەشێکە لە شەریعەتی شەیتان –ئیسلامی سیاسی-، ئەوان بۆ گەیشتن بە مەرامی سیاسی، بەرژەوەندی ئابووری و دەسەڵات، ئامادەن بازرگانی بە گیانی کیژانی کورد بکەن، کاهینەکان نانیان بەستراوەتەوە بە درۆ کردن بەناوی خودا.
سوڕەتی (ئەلئەعراف)، ئایەتی (26)، دەربارەی پۆشاکی پیاو و ژن دەفەموێت: ئەی نەوەکانی ئادەم ئێمە جلمان بۆ دابەزاندوون تا شوێن شەرمتان داپۆشێت لەگەڵ پەڕ و جلی لەخواترسان... فوقەهاکانی (موعتەزیلە) شوێن شەرمی ژن لە سینەوە بۆ ئەژنۆ پۆشین پێناس دەکەن.
نیقاب سوکایەتیە بە ژن، وەسف کردنیەتی بەوەی ئەم جگە لە پارچەیەک شەهوەت و عەوڕەت شتێکی دیکە نیە، ئاخر شاردنەوە ڕووخسار، واتە سڕینەوەی کەسایەتی، نەناسینەوەی لەلایەن دام و دەزگای دەوڵەت و خەڵک و تەنانەت کەس و کاری خۆیشی.
نیقاب تانە دانە لە ئەخلاقی پیاو، بەوە ناتوانێ چاو بپۆشێ لە ئاستی ڕەگەزی بەرامبەر، بێ تەربیەتیەکەیشی گەیشتۆتە ئەم ئاستە، بە بینینی تاڵێک مووی پرچی ژنێک تووشی بەڵا و موێیبەتی دونیا و قیامەت ببێتەوە.
دەبیستم زۆرجار کاهینانی (حەشەوییەت) ژنی مونەقیبە، بە چوکڵاتی داخراو، یان مەێاێەی پێچراو دەشوبهێنن، ئەمە دوو مانای هەیە، یەکەم: گاڵتە جارییە بۆ ئاستی عەقڵییان. دوومیش: ژن بە خواردن تێگەیشتوون!.
ئەمانەی دەڵێن نیقاب دینە، دووبارە دەنگی فەقیهەکانی یەمەن و سۆدانی موتەخەلیفن، کە دەیانگوت: ژن نابێت بخوێنێت و فێربێت، زانست و زانین تەنها بۆ پیاوانە، ژن دەبێ لە قوژبنی ماڵ خەریکی خزمەتی شەهوەتی پیاو، منداڵنانەوە، پاکردنەوە بێت.
بۆیە پێویستە وەزیری پەروەردە و فێرکردن، لە ڕێگای گشتاندنی فەرمانێکی وەزاری، ڕێنمایی دەربکات، بە یەک ڕەنگ پۆشی بۆ سەرجەم قوتابیان، قەدەخەکردنی نیقاب بەشێوەیەکی ڕەها –مامۆستا و قوتابی-، ئینجا قەدەخەکردنی حیجاب بۆقوتابیانی مناڵی خوار پانزە ساڵ، چونکە سەپاندنی کلتورێکی وەها، دژی ئازادی و مافی منداڵ و کلتووری کوردە.
#24-06-2019#
[1]