#هیوا قادر# و ماڵی پشیلەکان
#ئەردەلان عەبدوڵڵا#
خۆشبەختانە چەند قەڵەمێکی جوانی کوردی هەن، کە لە بواری ڕۆماندا دەنووسن، کۆمەڵێک کاری جوانیان پێشکەشی خوێنەری کورد کردووە، یەکێک له و قەڵەمە جوانانە (هیوا قادر)ە، بەداخەوە من کەمێک درەنگ چاوم بە کار و بەرهەمەکانی کەوت، کاتێکیش یەکەم ڕۆمانیم خوێندەوە کە ئەویش (ماڵی پشیلەکان)ە، جوانی و داهێنانی زۆرم تێدا بینی. هەر ئەمەش هانیدام کە چەند دێڕێک لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە بنووسم، به و هیوایەی بتوانم تیشکێک بخەمەسەر ئەم ڕۆمانە.
$پەنابەرێکی کورد لە سوید$
سوید یەکێکە له و وڵاتانەی ماوەیەکی زۆرە مافی پەنابەری بە کورد داوە، ئەمەش وایکردووە کە ڕەوەندێکی گەورەی کورد لەم وڵاتە نیشتەجێ بن. یوسفیش پەنابەرێکی کوردە، بەهۆی دەمەقاڵێیەکەوە لەگەڵ تورکێکی ڕەگەزپەرست، تووشی شەڕ و کێشە دەبێت، پاشان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و ماوەی مانگێک کاری زۆرەملێی بۆ دەبڕنەوە، ماوەی مانگێک دەبێت بچێت لە شوێنێکی حکومی کار بکات، دەچێتە ماڵی پشیلەوە مانگێک کار دەکات.
ئێمە لەرێگەی ئەم ڕۆمانەوە دووبارە لەگەڵ ئاژەڵەکان ئاشت دەبینەوە، بەتایبەتی پشیلە، کە یەکێکە لە ئاژەڵە ڕۆح سووکەکان و پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەڵ مرۆڤ هەیە. لەهەمانکاتیشدا ئاشنا دەبین بە جیهانی پشیلەکان و ناو و جۆرەکانی. پاشان لەم ماڵەدا کە (شاشتین) بەڕێوبەریەتی، ژنێکی سەنگین و جددییە، لەگەڵ ئەمیشدا دوو ژنی تر هاوکاری دەکەن ئەوانیش (کارینا و گونێللا) ئەم دوو ژنەی دوایی، هەمیشە کێشەیان هەیە پێکەوە، ڕق و کینە بەسەریاندا زاڵە، لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دوو ژنە دایک و کچن.
ئەم ماوەیەی مانەوەی یوسف لە ماڵی پشیلەکان، ئێمە بەکۆمەڵگەی سویدی ئاشنا دەبین و کێشەکانی هاووڵاتی سویدی دەزانین و کەمێکیش ئاگاداری ژیان و گوزەران و کەسایەتیی و کەشوهەوای سوید دەبین کە تاڕادەیەکی باش نووسەر سەرکەوتووبووە.
سورای شەمەندەفەر دەبیت، زۆرینەی موسافیری بەیانیانی دوو شەممان، لەشبەبار و غەمبارن، کەس کەس نابینێت، کەس قسە لەگەڵ کەس ناکات. ل20
بەڵام لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتە بەتایبەتی ئێوارانی شەممان دیمەنەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە:
موسافیرانی کاتژمێری حەوت و نیوی ئێوارە، زۆرینەیان گەنج بوون، ڕۆژنامەیان نەدەخوێندەوە، هەڵگری ئه و دەموچاوە بەزۆر خۆهێمنکەرەوە، یاخود مۆنەی بەیانیان نەبوون، دەمیان پێش چاویان پڕ لە قسە و دەنگی بەرز و پێکەنین بوو. شەرمنی بەیانیان لە ئێوارەی شەمماندا، وەکو فەخفووری چینی، بۆ هێنانی بەخت و یەکتربینینی نوێ دەدرێت بە ئەرزا و ئەشکێنرێت، مرۆڤەکان تەواو دەکرێنەوە و دەمیان پڕ دەبێت لە قسەی شیرین. ل80
ئەم دیمەنەی سەرەوە گوزارشت لە ژیانی ڕۆتینی بەشێکی زۆری سویدیی و ئەوروپیش دەکات، کە نووسەر زۆر جوان توانیویەتی وەسفی بکات.
هەروەها لە ڕێگەی دەیڤیدوانەوە، دەمانگەڕێنتەوە بۆ کوردستان بەتایبەتی بۆ شاری وان، لێرەشدا دووبارە عەشقی پشیلە جێگەی خۆی دەگرێتەوە، لەمەشدا دووبارە خۆرهەڵات و خۆرئاوا بەیەک دەگەن.
روبەڕووبونەوە لەگەڵ تورکێک
یەکێکە له و خاڵانەی کە بەلای منەوە مایەی گرنگییە لەم ڕۆمانەدا نووسەر زۆر بە جوانی باسی کردووە، ئەوەیە، ئێمە تەنها لە کوردستان ڕووبەڕووی فاشیزمی تورکی نابینیەوە، بەڵکو کاتێکیش دەچینە دەرەوە ڕووبەڕووی ئەم فاشیزمە دەبینیەوە، من خۆم لەهەر شوێنێک بووم، بەتایبەتی لە ئەڵمانیادا، لە کۆرسی خوێندنی زمان، شوێنی کارکردن، شوێنی گشتی، ڕووبەڕووی ئەم فاشیزمە بوومەتەوە، بۆیە زۆرجار ڕووبەڕووی کێشە و جەنگ و ململانێ دەبینەوە، بۆیە کاک هیوا کارێکی باشی کردووە کە لەم ڕۆمانەدا پانتایی باشی بۆ ئەم مەسەلەیە داناوە.
$چیرۆکی خۆشەویستی$
لەم ڕۆمانەدا خۆشەویستی پانتایی باشی داگیرکردووە و ئەمەش لە ڕێگەی دوو چیرۆکی خۆشەویستی جوانەوە یەکەمیان چیرۆکی خۆشەویستی (یوسف و کارینا)، تێیدا خۆرهەڵات و خۆرئاوا کۆدەکاتەوە، لەمەشدا جیاوازی تێڕوانین و تێگەیشتی کەسی خۆرهەڵاتیی و خۆرئاوایی بۆ خۆشەویستی دەردەخات. لەهەمانکاتیشدا ئەوەمان بۆ دەردەخات خۆشەویستی خاوەنی هێزێکی ئەفسووناوی گەورەیە و هیچ سنوورێکی نییە و دەتوانیت سنووری کەلتورە جیاوازەکان، وڵاتان ببەزێنێت.
چیرۆکێکی تری جوانی خۆشەویستی بەلای منەوە چیرۆکی (پیا و کاللێ (یە، هەردووکیان سویدین. لەم چیرۆکەدا دووبارە هێز و مەزنی خۆشەویستی دەرەدخات، ئەوە خۆشەویستییە کە وا دەکات (پیا و کاللێ) واز لە یەکێک لە ئارەزووە گەورەکانیان بهێن، ئەویش ئارەزووی بەخێوکردنی پشیلەیە، لەبەر خۆشەویستیان بۆ یەکتری. ئەمەش جوانی زیاتری بەم ڕۆمانە بەخشیوە.
$ئەدەبی تاراوگە$
لەناو ئەدەبیاتی عەرەبیدا ژانرێکی تایبەتیان داناوە بەناوی) الادب المهجر) ئه و ئەدەبیاتە دەگرێتەوە کە نووسەرانی عەرەب لە دەرەوەی نیشتمانی عەرەبی نووسیویانە. لەناو کوردیشدا ماوەی چەند ساڵێکە ئەم جۆرە ئەدەبە پەیدا بووە، لەپاش ئەوەی ڕەوەندێکی باشی کورد لە وڵاتانی جیهان پەیدابوون، خۆشبەختانە لەمجۆرە ئەدەبەش وردە وردە پەیدا بووە، ئەم ڕۆمانەی هیوا قادریش دەچێتە قاڵبی ئه و جۆرە ئەدەبەوە، ئێمە لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە، بە ژیانی کوردی تاراوگە ئاشنا دەبین و لە کێشە و گرفتەکانیان ئاگادار دەبین.
$شێوازی نووسین$
یەکێک لە خاڵە سەرکەوتووەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە نووسەر تاڕادەیەکی زۆرباش ئاگاداری تەکنیکی نووسینی ڕۆمانە، هەوڵیداوە بەپێی پێویست هەموو ڕەگەزەکانی ڕۆمان بەکاربهێنێت بەتایبەتی ڕەگەزەکانی) دیالۆگ، کتوپڕ، دروستکردنی پاڵەوان و ڕووداو، گرێ، چیرۆکی لاوەکی... هتد) لە هەمووی گرنگتر بەلای منەوە، نووسەر خۆی له و زمانە پەخشانئامێزە دوورخستۆتەوە کە بەشێکی زۆری ڕۆماننووسەکانی لای خۆمان بەکاریدەهێنن، کە زیاتر درێژدادڕیی پێوە دیارە، بەڵام هیوا قادر توانیویەتی زمانێکی زۆر جوانی ئەدەبیی و ئاسان بەکاربهێنێت، کە بەلای خوێنەرەوە ئاسان و خۆشە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەرنجێکم لەبارەی ئەم تەکنیکەوە هەیە.
$چەند سەرنجێک$
ئەم ڕۆمانەش وەکو هەموو کارێکی تری ئەدەبی، لەگەڵ ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێک خاڵی جوانە، بەڵام بەدەرەنییە لە کەموکوڕی، جا لە ڕووی فۆرمەوە بێت یان ناوەڕۆک.
لە ڕووی فۆڕمەوە بەلای منەوە ڕاستە بەکارهێنانی ڕەگەزی کتوپڕ مایەی گرنگییە و لەگەڵ ئەوەی کە نووسەر لە زۆر شوێندا بە باشی بەکاریهێناوە، بەڵام نووسەر لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بە شێوەیەکی کتوپڕ زانیارییەک بە خوێنەر دەدات و دەڵێت: (کارینا کچی گونیللایە(، لەکاتێکدا لە تەواوی ڕۆمانەکە ئەم دوو ژنە زۆر دژایەتی یەکتریان دەکرد و ڕقیان لەیەک دەبۆوە. لەلایەکەوە ئەم زانیارییە کتوپرە جوانە، بەڵام دەکرا پێشتر ئەم زانیارییە باس بکرایەوە و هۆکاری ئه و جەنگ و ململانێیەش باس بکرایە بۆ خوێنەر، به و شێوەیە جوانتر دەبوو. چونکە لە کۆتاییدا هیچ زانیارییەک لەبارەی کێشەی ئەم دوانە بە خوێنەر نادات.
بابەتێکی تر کە پەیوەندی بە شەڕی یوسف و تورکە ڕەگەزپەرستەکەوەیە، دیمەنی شەڕەکە بەلای منەوە لە ئەدەبیات و ڕۆمان دەردەچێت و زیاتر لە فیلمی ئەکشن دەچێت، دەکرا بەشێوەیەکی ئەدەبی جوانتر ئەم جەنگە پیشانی خوێنەر بدرایە. بەلای منەوە تەنها دەرخستنی شەڕەکە بەسبوو، پێویستی به و زیادەڕۆییە نەدەکرد، کە زیاتر لە فیلمی ئەکشن دەچوو تاوەکو ڕۆمان.
$دوا قسە$
بەدڵنییایەوە ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەکارە جوانەکانی هیوا قادر و تاڕادەیەکی زۆر باش توانییوەتی وێنەیەکی گشتی ژیانی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بۆ خوێنەران باس بکات، لەهەمانکاتیشدا تیشکێکیش بخاتە سەر شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی سویدییەکان. لە هەمووشی گرنگتر دووبارە لەگەڵ ئاژەڵەکان ئاشتمان دەکاتەوه و زانیاری زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی پشیلە و جۆرەکان.
لە کۆتاییدا هیوای کاری جوانتر و باشتر و لەشساخی بۆ کاک هیوا دەخوازین.[1]
$سەرچاوە$
هیوا قادر، ماڵی پشیلەکان، چاپی دووەم، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەری ئەندێشە، #سلێمانی# 2019