کتێبی جینۆسایدی ئێزدییەکان گوندی کۆچۆ لە ئامادەکردن و وەرگێڕانی تەها سلێمانە کە لەدووتوێی 364 لاپەر چاپ وبڵاوکراوەتە و کەوتۆتە بەردیدی خوێنەران و کتێبخانەی کوردی.
ئەم کتێبە باس لە جینۆساید کردنی گوندێکی ئێزدی بە ناوی گوندی کۆچۆ دەکات کە گوندێکی جوانە، کە دەکەوێتە باکووری قەزای شەنگال بەدووری 23 کیلۆمەتر سەر بە شارۆچکەی قەیرەوان بلیج-ە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای موسڵ.
گوندی کۆچۆ بە ناشیرین شێوە لەلایەن تیرۆرستانی داعش جینۆساید دەکرێت و سێ چارەکی دانیشتوانەکەی لەدەستداوە. زۆربەیان شەهید و بێسەرشوێن کراون و ئەوانەی کە دەربازیش بوون لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین لە باخچەی قوتابخانەی ڕزگاری لە قەزای زاخۆ.
تەها سلێمان لەپێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە کورد لەچوارپارچەی کوردستان بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی جینۆساید بوەتەوە و زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. بەشێک لەوتاوانانە لەدوای ڕۆخانی سەدام لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆیی و تاوانی جەنگ بڕیاریان لەبارەوە دراوە، وەک تاوانی دژ بە کوردی فەیلی، تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال و تاوانی جینۆسایدی قەڵادزی و سەید سادق ئەمە سەرەڕای دۆسێی چەندین تاوانی تر.
نووسەر سەبارەت بە ئێزدییەکان دەنووسێت: ئێزدییەکان گروپێکی ئایینین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆربەشیان لەنزیک پارێزگای موسڵ و ناوەندی قەزای شنگال و دەورۆبەری ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان لەنێوان سنووری عیراق و کوردستان دەژین و بەشێکی تریان لە باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جۆرجیا و ئەرمینیا دەژین.
ئێزدییەکان لەڕووی ڕەگەزەوە نەتەوەییەوە کوردن و بەهۆی هەڵکەوتەی جۆگرافی و شوێنی نیشتەجێبوونیان هەمیشە کەوتونەتە بەر هێرش. شێوە زاریان کرمانجییە و لەهەمان کاتیشدا بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن بە تایبەتی ئێزدییەکانی باشیک و نزیک پارێزگای موسڵ، بەڵام نوێژ و سروودە ئایینی و کتێبەکەشیان بە زمانی کوردییە و پیرۆزترین شوێنیان مەزاری لالشە و دیارترین کەسایەتییەکانیشیان میر تەحسین بگە لە کوردستان و عیراق و جیهاندا.
بەپێی ئامارەکان ناوەندی قەزای شنگال و دەوروبەری 801 هەزار کەس بووە ڕێژەی کوردی ئێزدی 84% بووە و 12% کوردی موسڵمان و 4% موسڵمانی عەرەب بووە.
دوای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ ئه و ناوچەیە بە هەزاران کەس لە ئێزدییەکان لەماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون و بە هەزاران کەسیش لە ئێزدی و مەسیحی و شەبەک تائێستا چارەنووسیان نادیارە و ژمارەیەکی زۆریش بەشێوەی کۆمەڵ کۆمەڵکوژ کراون و بە سەدان ئافرەتی ئێزدی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
لەم کتێبەدا بەپێی خشتەکان ئاماری ناوی دانیشتوانی گوندی کۆچۆ و تەواوی قوربانی و بێسەرشوێنکراوەکان و دەربازبووەکانی هاتووە.
ئەوە پێویستە بوترێت بەپێی زانیارییەکان ئێزدییەکان بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا 73 جار تووشی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.
لەم کتێبەدا چەندین چیرۆک لەزاری ئه و ژنە ئێزدییەکانە دەبیستی کە لەدەست داعش ڕزگاریان بووە و باس لە تاوانەکانی داعش دەکەن.
کۆمەڵێک بەڵگە و وێنە له و کتێبەدا خراوەنەتە ڕوو و لەبەشی کۆتاییدا بە زمانی ئینگلیزی بابەتێک لەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان خراوەتەڕوو.[1]