کوردیپێدیا پڕزانیاریترین و فرەزمانترین سەرچاوەی کوردییە!
دەربارەی کوردیپێدیا
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
 گەڕان
 تۆمارکردنی بابەت
 ئامرازەکان
 زمانەکان
 هەژماری من
 گەڕان بەدوای
 ڕووخسار
  دۆخی تاریک
 ڕێکخستنە پێشوەختەکان
 گەڕان
 تۆمارکردنی بابەت
 ئامرازەکان
 زمانەکان
 هەژماری من
        
 kurdipedia.org 2008 - 2025
پەرتووکخانە
 
تۆمارکردنی بابەت
   گەڕانی ورد
پەیوەندی
کوردیی ناوەند
Kurmancî
کرمانجی
هەورامی
English
Français
Deutsch
عربي
فارسی
Türkçe
עברית

 زۆرتر...
 زۆرتر...
 
 دۆخی تاریک
 سلاید باڕ
 قەبارەی فۆنت


 ڕێکخستنە پێشوەختەکان
دەربارەی کوردیپێدیا
بابەت بەهەڵکەوت
ڕێساکانی بەکارهێنان
ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا
بیروڕاکانتان
دڵخوازەکان
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان
 چالاکییەکان - کوردیپێدیا
یارمەتی
 زۆرتر
 ناونامە بۆ منداڵانی کورد
 گەڕان بە کرتە
ئامار
بابەت
  584,075
وێنە
  123,670
پەرتووک PDF
  22,058
فایلی پەیوەندیدار
  125,294
ڤیدیۆ
  2,191
زمان
کوردیی ناوەڕاست - Central Kurdish 
316,291
Kurmancî - Upper Kurdish (Latin) 
95,503
هەورامی - Kurdish Hawrami 
67,692
عربي - Arabic 
43,830
کرمانجی - Upper Kurdish (Arami) 
26,570
فارسی - Farsi 
15,707
English - English 
8,514
Türkçe - Turkish 
3,819
Deutsch - German 
2,029
لوڕی - Kurdish Luri 
1,785
Pусский - Russian 
1,145
Français - French 
359
Nederlands - Dutch 
131
Zazakî - Kurdish Zazaki 
92
Svenska - Swedish 
79
Español - Spanish 
61
Italiano - Italian 
61
Polski - Polish 
60
Հայերեն - Armenian 
57
لەکی - Kurdish Laki 
39
Azərbaycanca - Azerbaijani 
35
日本人 - Japanese 
24
Norsk - Norwegian 
22
中国的 - Chinese 
21
עברית - Hebrew 
20
Ελληνική - Greek 
19
Fins - Finnish 
14
Português - Portuguese 
14
Catalana - Catalana 
14
Esperanto - Esperanto 
10
Ozbek - Uzbek 
9
Тоҷикӣ - Tajik 
9
Srpski - Serbian 
6
ქართველი - Georgian 
6
Čeština - Czech 
5
Lietuvių - Lithuanian 
5
Hrvatski - Croatian 
5
балгарская - Bulgarian 
4
Kiswahili سَوَاحِلي -  
3
हिन्दी - Hindi 
2
Cebuano - Cebuano 
1
қазақ - Kazakh 
1
ترکمانی - Turkman (Arami Script) 
1
پۆل
کوردیی ناوەڕاست
ژیاننامە 
31,939
شوێنەکان 
17,028
پارت و ڕێکخراوەکان 
1,480
بڵاوکراوەکان (گۆڤار، ڕۆژنامە و ...) 
945
وێنە و پێناس 
9,461
کارە هونەرییەکان 
1,522
ڕێکەوت و ڕووداو (کڕۆنۆلۆژیا) 
15,943
نەخشەکان 
277
ناوی کوردی 
2,819
پەند 
13,749
وشە و دەستەواژە 
109,180
شوێنەوار و کۆنینە 
747
خواردنی کوردی 
134
پەرتووکخانە 
27,045
کلتوور - گاڵتەوگەپ 
4,658
کورتەباس 
22,137
شەهیدان 
11,890
کۆمەڵکوژی 
11,364
بەڵگەنامەکان 
8,719
هۆز - تیرە - بنەماڵە 
236
ئامار و ڕاپرسی 
4,629
کلتوور - مەتەڵ 
3,147
یارییە کوردەوارییەکان 
279
زانستە سروشتییەکان 
80
ڤیدیۆ 
2,062
بەرهەمە کوردستانییەکان 
45
کەلوپەلی سەربازیی بەکارهاتوو لە کوردستان 
29
ژینگەی کوردستان 
102
هۆنراوە 
10,637
دۆزی ژن 
58
فەرمانگەکان  
1,121
مۆزەخانە 
56
نەریت 
161
گیانلەبەرانی کوردستان 
734
ڕووه‌كی كورده‌واری (گژوگیا و دار) 
902
گەشتوگوزار 
2
ئیدیۆم 
920
دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوە 
54
کۆگای فایلەکان
MP3 
1,295
PDF 
34,642
MP4 
3,829
IMG 
233,285
∑   تێکڕا 
273,051
گەڕان بەدوای ناوەڕۆکدا
بۆ لەسەرەتای سەدەی بیستەم دەوڵەت بۆ کورد دروست نەکرا؟
پۆل: کورتەباس
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست - Central Kurdish
کوردیپێدیا و هاوکارانی، هەردەم یارمەتیدەردەبن بۆ خوێندکارانی زانکۆ و خوێندنی باڵا بۆ بەدەستخستنی سەرچاوەی پێویست!
بەشکردن
Copy Link0
E-Mail0
Facebook0
LinkedIn0
Messenger0
Pinterest0
SMS0
Telegram0
Twitter0
Viber0
WhatsApp0
نرخاندنی بابەت
نایاب
زۆر باشە
باش
خراپ نییە
خراپ
بۆ ناو لیستی دڵخوازەکان
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە
Metadata
RSS
گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
Kurmancî - Upper Kurdish (Latin)0
English - English0
عربي - Arabic0
فارسی - Farsi0
Türkçe - Turkish0
עברית - Hebrew0
Deutsch - German0
Español - Spanish0
Français - French0
Italiano - Italian0
Nederlands - Dutch0
Svenska - Swedish0
Ελληνική - Greek0
Azərbaycanca - Azerbaijani0
Catalana - Catalana0
Čeština - Czech0
Esperanto - Esperanto0
Fins - Finnish0
Hrvatski - Croatian0
Lietuvių - Lithuanian0
Norsk - Norwegian0
Ozbek - Uzbek0
Polski - Polish0
Português - Portuguese0
Pусский - Russian0
Srpski - Serbian0
балгарская - Bulgarian0
қазақ - Kazakh0
Тоҷикӣ - Tajik0
Հայերեն - Armenian0
हिन्दी - Hindi0
ქართველი - Georgian0
中国的 - Chinese0
日本人 - Japanese0
سەباحی غالب
سەباحی غالب
سەباحی غالبسەباحی غالب

ڕۆڵی مەیجەر نۆئێل لە دامەزران و گەشەکردنی حکومەتی کوردستان لە کۆتایی 1918 و سەرەتای 1919

دیارە مێژوو یەکێکە لەو زانستە کۆمەڵایەتییانەی ئاسان نییە ڕێککەوتنی تەواو درووستی بیروباوەڕە جیاوازەکانی لەسەر بکرێت، بەڵام تا زیاتر نهێنییەکانی قۆناغێکی تایبەت و حەقیقەتی ڕووداوەکانی بدۆزرێنەوە و ئاشکرا بکرێن، هاوکات بە سەرنجی زانستانە توێژینەوەیان لەسەر بکرێت، ئەوا دەشێ زۆرترین خەڵکی هۆشیاریی زانستپەروەر بەدەوریدا کۆببنەوە. دوای بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانی، یەکێک لە ڕووداوە هەرە سەرکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە بوو بە دەستپێشکەری دەوڵەتی بەریتانیا، حکومەتێک بۆ کورد دامەزرا، لەو بارەیەوە، مەیجەر ولیەم ئێدۆرد نۆئێل لەسەر دامەزران و گەشەکردنی حکومەتی کوردستان، ڕۆڵ و کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو، ئەم باسە بە گەڕانەوە بۆ قۆناغەکە و خستنەڕووی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نهێنی و بڵاونەکراوە، لە لایەکەوە، هەوڵدەدا بەشێک لەڕاستییەکان و واقیعی ئەو سەردەمە زیاتر ئاشکرا بکات و کەلێنێک لە مێژووی تازەمان پڕبکاتەوە، لە لایەکی دیکەوە، بەو هیوایەی مێژوو نەکرێتە قوربانیی نێوان حەز و ئارەزووی لایەنگران و نالایەنگران.

پێشەکی
لەچەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستەم، گەڕان و پشکنینی کوردستانی عوسمانی بەگشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، ناوچەیەکی سەرەکی سەردانی گەڕیدەو گەشتیارانی بەریتانیایی بوو، زۆربەی زۆری ئەوانەش ئەفسەر، شارەزایانی سەربازی، جوگرافیاناس، شوێنەوارناس و پیاوانی کڵێسە بوون. لە سەرەتای چەرخی بیستەمدا، چەندان لەو گەڕیدە ئینگلیزانەی کە سەردانی باشووری کوردستانیان کردبوو، لە دواییدا بوونە بەرپرسیار و کارگێڕ لەئیدارەی بەریتانیا لە ویلایەتەکانی بەسرە، بەغدا و موسڵ. لەناو ئەوانەدا ئەرنۆڵد ویڵسن، مەیجەر سۆن، میس بێڵ و مەیجەر نۆئیل و گەلیکی دیکە هەبوون.
ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵدەدا لەدەور و تەقەڵای یەکێک لەو ئەفسەرە ئینگلیزانە کە ڕاستەوخۆ لە دامەزران، لە فراوانکردن و گەشەکردنی حکومەتی کوردستان لە کۆتایی 1918 و سەرەتای 1919 باس بکات کەکاریگەریی هەرە گرنگ و بەرچاوی هەبوو، ئەویش مەیجەر ئێدۆرد ولیەم نۆئێل بوو.
هەڵبەت لە سەرەتادا، باس لە گەیشتنی سوپای بەریتانیا بۆ باشووری کوردستان و درووستبوونی پەیوەندی لەنێوان شێخ مەحمود و بەریتانیادا دەکرێت، ئەوجا چۆن پێش ئەو پەیوەندییەش، نیازی دامەزرانی کارگێڕی بۆ کورد لەو ناوچانەدا کە بەپێی ڕێککەوتنامەی سایکس پێکۆ بەر بەریتانیا کەوتبوون، هەبوو. دواتر سێر ئەرنۆڵد ویلسن، نوێنەری مەدەنی بەریتانیا لە بەغدا لەو بارەیەوە دەستپێشکەری کردووە و مەیجەر نۆئێل بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو فەرمانە بایەخدارە لە مێژووی کورددا ڕاسپاردووە، ئەویش بەپێی ڕێنمایی ویڵسن و تێکەڵاو بەشارەزایی، دڵسۆزی و سۆزی خۆی بۆ کورد دەستبەکار دەبێت. بەڵام کۆتایییەکەی بەپێی بەرنامە و بەرچاوڕوونی ئەو ناکەوێتەوە.

درووستبوونی پەیوەندی لەنێوان شێخ مەحمودو بەریتانیادا
لەمارتی 1917دا بەغدا لە لایەن هێزەکانی بەریتانیاوە داگیرکرا، هەر لەو کاتانەدا، خەڵکی خانەقین و دەوروبەری لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوون کە چی زووترە ئینگلیز بگاتە ناوچەکانیان و لە دەستی ستەمی سوپای ڕووسیا، برسێتی و نەخۆشی ڕزگاریان بکەن. مستەفا پاشای باجەلان لەپێش هەموو خەڵکی ناوچەکەوە بۆ ئەو مەبەستە چووەتە بەغدا، داوای لە کاربەدەستانی ئینگلیز کردووە کە نوێنەری خۆیان بۆ خانەقین بنێرن و بە فریای کورد و ناوچەکانیان بکەون و لەستەمی ڕووس بیانپارێزن. (1) بە دوای ئەوەدا، لە کۆتایی 1917 خانەقین وەک شارێکی گەورە و ستراتیژی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا (2)، لێرەوە یەکەمین پەیوەندی شێخ مەحمود بەئینگلیزەوە ئەنجام درا. هەڵبەت تا ئەو کاتە هێزەکانی عوسمانی لە ناوچەکانی سلێمانی و سەرووتر، بەشیک لەدەسەڵات و فەرمانڕەواییان بە دەستەوە بوو، ترسیان لەسەر چالاکی و ناڕەڕزایەتییەکان هەبوو، بۆیە درەنگانێک و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 1918دا شێخ مەحمود نامەیەکی بۆ ئەفسەری سیاسیی بەریتانیا لە خانەقین نارد. لەنامەکەدا، شێخ بێ چەندوچوون، ئامادەیی خۆی بۆ خزمەتکردنی بریتانیا دەربڕیبوو، دڵنیاشی کردبوون کە ئەو لەو ڕێگەیەوە دەتوانێت ئاساییش و کاروبار لە سلێمانی و دەوروبەری بەرقەرار و ڕێکبخا. (3) بەڵام دۆخی سەربازیی ئەو کاتە هیی ئەوە نەبوو، ئینگلیز بتوانێت هێز بۆ سلێمانی بنێرێ و پارێزگاری لێ بکا.
گەیشتنی هێزەکانی بەریتانیا لە بەغداوە بۆ قووڵایی کوردستان لە ساڵێک زیاتری خایاند، لە 7ی مایسی 1918دا، سوپا ئینگلیز بۆ یەکەم جار چوونە ناو شاری کەرکووک و داگیریان کرد. (4) دانیشتووانی ناوچەکانی خانەقین، کەلار، کفری، خورماتوو و کەرکووک بەهاتنی ئینگلیز خۆشحاڵ بوون و زۆرینەی خێڵەکان، هاوکاری خۆیانیان بۆ ڕاگەیاندن. ئەو دەنگوباس و ڕووداوانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر سوپای تورک لە سلێمانی هەبوو، بەزووترین کات کە بۆیان کرا، شاری سلێمانی و دەوروبەریان چۆڵکرد، لەوەوە هیوای ئازادی و ڕزگاربوون لەژێردەستەیی تورک، کەوتە نێو خەڵک و وڵات، زۆر لەخێڵ و کەسایەتییەکان لە دەڤەرە جیاوازەکاندا، شادمانی خۆیان و بەڵێنی هەموو جۆرە یارمەتییەکیان بۆ ئینگلیز دەربڕی. (5)
دۆخی تازەی ناوچەکانی گەرمیان بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی، هاندەربوون بۆ ئەوەی شێخ مەحمود لەگەڵ ئینگلیزەکاندا پەیوەندی دابمەزرێنێتەوە و نامەیەکی دیکەیان بۆ بنووسێ. لەو کاتانەدا نیشانەی وا هەبوون کە شێخ مەحمود لەجۆری بەڕێوەبردن و ڕووداوەکانی جەنگی گەورە، وەک پێویست ئاگادار نەبووبێ، بۆیە دەیەویست لە لایەکەوە پەیوەندی لەگەڵ تورکدا نەپسێنێ، لە لایەکی دیکەوە، مەبەستی بوو لەگەڵ ئینگلیزەکاندا بوارێک هەڵبەستێ. هۆکاری سەرەکی ناردنی نامەکەی سەرەوە ئەوە بوو کە شێخ مەحمود پێیوابوو کەرکووک و خانەقین لەژێردەسەڵاتی بەریتانیادا دەمێننەوە، بەڵام لەبەر هۆکاری سەربازی و گۆڕانکارییەکانی قەوقاز و ئێران بەتایبەتیی ڕۆژاوا و سەرووی ڕۆژاوای ئێران و ناردنی بەشێک لەهێزەکانی بەریتانیا بۆ ئەو ناوچانە، هەروەها چالاکی سوپای ئەڵمان لە ناوچەکانی کرماشان و هەمەدان و دەوروبەریان، هەموو ئەو ڕووداوانە، بەرپرسیارییەتی بەریتانیایان بۆ پاراستنی هێڵی سنوورەکانی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی قورستر کردبوو، سەختی ڕێگەوبان و گواستنەوەش باری سەر باران بوو. (6) ئەو دۆخە تازەیە بە جۆرێک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەریتانیا هەبوو کە نەیدەتوانی لەسەر پێشڕەوییەکانی خۆی وەک نەخشە کێشرا بوو، لە مێسۆپۆتامیا بەردەوام بێ. بۆیە بەدەر لەبەرنامەی بریتانیا و ناحەز بەویستی خەڵکی کورد، بەناچاری سوپای ئینگلیز شاری کەرکووک و هەڵەبجەیان چۆڵکرد و هێزی زیادیان نارد بۆ ئێران.
لە یەکەم هەلەوە بەریتانیا هەستیان بە ناسکی قۆناغەکە و مەترسی کشانەوەیان لە کەرکووک و پەیوەندییان لەگەڵ کورددا کردبوو، دەشیانزانی کە چۆڵکردنی کەرکووک دەبێتە مایەی نیگەرانی لای خەڵکی کورد کە خۆیان بەدۆستی ئینگلیز پیشاندابوو، لە ئەنجامیشدا دەبووە هۆکاری گەڕانەوەی تورک بۆ ئەو ناوچانە. لەبەر ئەوە، بەر لەکشانەوەیان، ئینگلیزەکان کوردیان ئاگادار کردبووەوە کە خۆیان بۆ کارێکی وا ئامادە بکەن. هاوکات پێشیان ڕاگەیاندبوون کە زوو دەگەڕێنەوە و دەشتوانن لە کفری و خورماتووەوە هاوکاری بکرێن. هەر ئەو کاتە ئینگلیزەکان ئامادەبوون کە شێخ مەحمود بکەن بەنوێنەری خۆیان لە کوردستان، بەڵام پێشهاتەکان بوونە کۆسپ. (7)
گۆڕانکارییەکان و هەواڵی پەیوەندی شێخ و نامەی ئەو بۆ ئینگلیزەکان، بە تورکەکان گەیشتبووەوە، بۆیە هەر بەداگیرکردنەوەی کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە لە لایەن تورکەوە، لە سلێمانی شێخ مەحمود دەگرن و بەدیلێتی دەینێرن بۆ کەرکووک. (8) لەوێ فەرمانی خنکاندنی بەسەردا دەدەن، بەڵام بۆ هەڵگرتنی ڕۆژانی تەنگانە و بۆ بەکارهێنانی دواڕۆژ، فەرمانەکە جێبەجێ ناکرێت. لەگەڵ هەموو ئەو پەیوەندییە ناجۆر و سووکایەتییەی تورک بە شێخ مەحمودیان کردبوو، بەدڵدانەوەیەکی عەلیی ئیحسان پاشا، سەر لەشکری ئۆردوی شەشەمی عوسمانی لە ویلایەتی موسڵ، لێخۆشبوون بۆ شێخ دەردەکا، بۆ ئەوەی ناوچەی سلێمانی لەهێزەکانی ئینگلیز بپارێزرێ، 5000 لیرەی ئاڵتون دەداتە شێخ مەحمود، داواش لە فەرماندەی لەشکری تورک لە سلێمانی دەکا، کە هەرچی لەکەرەستەی چەک و تەقەمەنی هەبووە، شێخ مەحمود پێویستی پێیەتی و داوایدەکا، بیداتێ. ئەوجا لە سەرەتای تشرینی دووەمی 1918، تورکەکان شێخ بە ناونیشانی سەر لەشکری مەدەنی، دەگێڕنەوە بۆ سلێمانی و دەیکەنە فەرمانداری شار یا موتەسەریف (9)، ئیدی شێخ مەحمود خۆی لێهەڵدەکات و بۆ ڕێکخستنی ئەو کارانە کە لە لایەن تورکەوە پێیسپێرا بوو، بە ناوی دەوڵەتی عوسمانییەوە، فەرمانڕەوایەتی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆو خۆی بۆ تەرخاندەکا. (10)
لە مانگی تشرینی یەکەمی 1918، سوپای بەریتانیا بە هاوکاری هێزەکانی عەرەب لە ویلایەتەکانی حەڵەب و موسڵ، پێشڕەوییەکی ستراتیژیانەیان کرد، هەموو ویلایەتی حەڵەب لەژێر دەستی هێزی عوسمانی دەردەهێنن، لە 26ی هەمان مانگدا بۆ جاری دووەم شاری کەرکووک داگیردەکەنەوە. (11) لە پەیوەندی پێشینەی ئینگلیزەکان بە تیرە و خێڵە کوردەکانەوە، وا تێگەیشتبوون کە زوربەی کورد دژی تورکن و دۆستی بەریتانیان. (12) هەر لەو کاتانە و لەو ڕوانگەیەوە، لە 30ی تشرینی یەکەمی 1918دا، پێش ئەوەی جارێکی دیکە نێوانی شێخ مەحمود لەگەڵ ئینگلیز پەیدابێتەوە، یا نامەیەک لەشێخ مەحمودەوە بگاتەوە، سێر ئەرنۆڵد ویڵسن، پێشنیازی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی ناوەندی لەسەردارانی کورد لە باشووری کوردستان بۆ حکومەتی لەندەن کردبوو، کە لە سایەی بەریتانیادا دابمەزرێ، لە نامەکەیدا ویڵسن داوای کرد بوو کە ئەگەر شاری موسڵ بەر ئینگلیز بکەوێت ئەوا پێویستە پایتەختی خوارووی کوردستان یا لە موسڵ یا لە هەولێر بێ. بەڵام ئەگەر زیێ بچووک ببێتە سنووری باکووری دەسەڵاتی بەریتانیا، ئەوا چاک وایە ئەنجوومەنەکە لە سلێمانی دابمەزرێ و ئەوێ ببێتە پایتەخت. (13)
بە دوای ئەوەدا، لە 7ی تشرینی دووەمدا 1918، سێر ئەرنۆڵد ویڵسن چووەتە سەردانی موسڵ. لەوێ، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان عەلی ئیحسان پاشا، سەرکردەی هێزەکانی عوسمانی، هەروەها سەرکردەی گشتیی هێزەکانی بەریتانیا و بە ئامادەبوونی ویڵسن خۆی، بڕیاردەدەن کە دەوڵەتی عوسمانی هەموو ویلایەتی موسڵ چۆڵبکا. هاوکات، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ویڵسن پەیوەندیکردنی شێخ مەحمود بەئینگلیزەوە ڕادەگەیەنێ و ئاشکرایدەکات کە مەیجەر نۆئێل بەرەو سلێمانی کەوتووەتە ڕێ. (14)
لەدرێژەی زنجیرە سەردانەکانیدا، لە 13ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، ئەرنۆڵد ویڵسن چووەتە خانەقین و کفری، لەو دوو شارە، خەڵکی بەگشتی لە دۆخی نائارامی و گرانی سلێمانی ئاگادار و نیگەران بوون، دەیانەویست بەریتانیا بەهێزێکی کەمەوە بچێتە ئەوێ و داگیری بکات، بۆ ئەوەی شارەکە و دەوروبەری لەپاشاگەردانی، کە هەڕەشەی لە دانیشتووان دەکرد، ڕزگاربکات، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێیان وا بوو، بەبێ سەرپەرشتی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێزی وەک بەریتانیا ئەو کارە نەدەکرا. هاوکات نوێنەرانی بنەماڵە کوردییەکانیش لە بەغدا و لەدەوروبەری سەردانی ویڵسن دەکەن و لێی دەخوازن کە بوار بە کوردستان بدرێ پێشبکەوێت و بیخەنە ژێر چاودێری خۆیانەوە. لە لایەن سەرۆکی نوێنەرەکانەوە، پێشنیازی کۆنفیدراڵی کورد کرا و زۆر بە جۆشەوە لە هەموو لایەکەوە پێشوازی لێکرا، گشتییان داوایان دەکرد کە پێویستی قۆناغەکەو پێشکەوتنی کوردان دەیسەپێنێ کەهەموو کورد لە کۆنفیدراڵییەکی یەکگرتوودا هاوبەشی بکەن. (15) ویڵسن سەبارەت بە شێخ مەحمود ئاگاداربوو، هاوکات بەگەورەترین کەسایەتییەکی کاریگەریی باشووری کوردستان ناوی دەبا، بۆیە لەو سەردانەشیدا ویڵسن ڕایگەیاند بوو کە لەدواڕۆژێکی نزیکدا، بۆ مەبەستی دامەزراندنی حکومەتی کوردستان، مەیجەر نۆئێل دەچێتە سلێمانی. (16)
ئینگلیزەکان ئاگاداری جێگا و ڕێگەی شێخ مەحمود بوون، بۆیە وەک ئەمری واقیع مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، شێخیان بە پیاوێکی بەدەسەڵات و خاوەن هێز دەناسی، بەڵام هەڵوێستی پێشینەی و پەیوەندی ئەویان لەگەڵ تورک، بەگومانەوە تەماشادەکرد، لەبەر ئەوە بە وریاییەوە کاریان لەگەڵدا دەکرد. لەبەر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی پێشەوە، شێخ مەحمودیش زۆر چاک دەیزانی کە برسێتی و گرانی و نەخۆشی و لە گرێژەنەچوونی ئاساییش لە سلێمانی و دەوروبەری، هەروەها مردنی بەکۆمەڵی خەڵکەکە، کە لاشەکانیان کۆڵانەکانی شاریان پڕکردبوو، بە شێوەیەک بوو زیندووەکان زراویان چووبوو، ئەو دیمەنانە کزەی لەجەرگ دەهێنا و دڵی هەڵدەقرچاند، دڵسۆزی و داوێن پاکیش لەناو زۆربەی خەڵکدا هەڵگیرا بوو، هەموو ئەوانە خەڵکی شاریان بەتەواوەتی تووشی سەرگەردانی و بارێکی یەکجار سەخت کردبوو. (17) چارەسەرکردنی ئەو دۆخە لەوزەی شێخ مەحموددا نەبوو، بۆیە لەوە تێگەیشتبوو کە بێ هاوکاری بەریتانیا، کاری بۆ ناچێتەسەر. بۆ ئەو مەبەستە، پێش ئەوەی ئینگلیزەکان بگەنە سلێمانی، شێخ مەحمود لەگەڵ هەندێک گەورە پیاوی سلێمانی پێکدێ و ڕیکدەکەون کە دیسان پەیوەندی بەئینگلیزەوە بکاتەوە. (18)
سەبارەت پەیوەندییەکەی سەرەوەی شێخ مەحمود، لەنووسراوی ئینگلیزەکاندا هاتووە کە لە 1ی تشرینی دووەمی 1918دا، لە ڕێگەی ئەفسەری سیاسی بریتانیاوە لە کفری، نامەیەکی شێخ مەحمود بۆ سێر ئەرنۆڵد ویڵسن، نوێنەری بەریتانیا لە بەغدا، گەیشتۆتە ئەفسەری سیاسی. لەو بارەیەوە، ویڵسن بەنووسراوێکی تایبەت وەزیری کاروباری هندستان لە لەندەن لەنامەو پەیوەندییەکە ئاگاداردەکات کە (دوو کەسایەتی بە نوێنەرایەتی شێخ مەحمود بەنامەیەکەوە گەیشتوونەتە کفری، لەنامەکەدا بە جددی هاوار بۆ حکومەتی خاوەن شکۆ دەهێنێت کە کوردستان لەلیستی گەلە ئازاد کراوەکان هەڵنەبوێرێ، لەبەر هۆکاری ئەوەی کە لای تورک بەند بووە نەیتوانیوە کارێک بکات، لە ئێستاوە کوردستان ئامادەیە خۆی ڕزگاربکا. ئەو داوای ڕێنمایی دەکات بەتایبەتیی سەبارەت بەبزووتنەوەی دژە تورک.
شێخ مەحمود شێخێکی سەرەکییە لە سلێمانی، بەو دواییانە کە تورک ناوچەکەی چۆڵکردووە، کردویانە بە (فەرماندار موتەسەریف)ی ئەوێ. ئەو قورساییەکی گەورەی هەیە، ڕەنگە بتوانێت نوێنەرایەتی سەرۆک خێڵەکانی باشووری کوردستان بکا.) (19) ئەو بۆچوونەی نوێنەری بەریتانیا لە بەغدا، ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان و بایەخدان بووە بەرانبەر بە شێخ مەحمود، بە کەسێکی بە دەسەڵات و کاریگەر ناساندوویەتی، هاو کات سەبارەت بە دەوری ئەو گومانی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی زانیووە پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێ.
ڕەفیق حیلمی لە یادداشتەکانیدا بۆمان باس دەکات کە شێخ مەحمود لە نامەکەیدا کە بۆ ویڵسنی ناردبوو، داوای لەئینگلیز کردبوو کە بڕیاربدەن بە پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی لە ناوچەی سلێمانی لەگەڵ هەندێک قەول و بەخشیش بۆخۆی. ڕازیش بوو بەوەی کە بە ناوی ئینگلیزەوە و لەژێر چاودێری ئەواندا، سەرۆکایەتی ئەو حکومەتە بکا. (20)
ڕەفیق حیلمی زۆر بەووردی، دڵ و نیازی شێخ مەحمود دەخوێنێتەوە و دەنووسێت: (شێخ مەحمود) بیر لەوە دەکاتەوە کە بەرانبەر بە هەندێک بەڵێن و ماڵ و بەرات، سلێمانی تەسلیم بە ئینگلیزەکان بکا. هاوکات، ئینگلیزەکان، کە لەپەیوەندی و نێوانی عەلیی ئیحسان پاشا لەگەڵ شێخ مەحمود ئاگاداربوون، ئەمەیان لێ ڕانەدەپەرموو، بە تەما نەبوون کە تاکاتی خۆی نەبێت، بێنە سلێمانییەوە.) (21) ئەو نامەیەی سەرەوە، دەبێتەوە بە سەکۆیەکی دیکەی پەیوەندی بریتانیا و کورد. ئەگەرچی ساغ نەبوونەوەی هەڵوێستی شێخ مەحمود لەنێوان تورک و ئینگلیزدا، بۆ خۆی کێشەیەکی گەورە بوو، بەڵام ئینگلیزەکان پێیان وابوو، بۆ کەڵکی دەوڵەتی برەیتانیا و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی کورد، هەر دەبوایە جارێکی دیکە لەگەڵ شێخ مەحمود دا، بکەونەوە تاقیکردنەوەیەکی دیکە.

دامەزرانی حکومەتی کوردستان
لەبەر ڕووناکی ڕووداوەکانی سەرەوە، دوای سازبوونی زەمینەیەکی گونجاو بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتی بەریتانیا و میللەتێکی چەوساوە و پەرت پەرت کراو و نیشتمان داگیرکراوی چەند سەدەیەک، لەو هەلومەرجەدا ئینگلیزەکان بۆ جاری دووەم پێشوازییان لەنامە و داواکانی شێخ مەحمود کرد، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بڕیاریاندا، مەیجەر ئێدوارد ولیەم نۆئێل بنێرن بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی سەرەتای دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێ. هەڵبژاردنی نۆئێل کارێکی سەرپێی نەبوو، ئەو ئەفسەرە ئینگلیزە، شارەزاییەکی چاکی لە زمانی کوردی و فارسی و دابوونەریتی کوردەواری-دا هەبوو، بەخرۆشەوە پشتیوانیشی لەدۆزی کورد دەکرد. لە 30ی تشرینی یەکەمی 1918 واتا دوای 4 ڕۆژ لەداگیرکردنەوەی کەرکووک لە لایەن بەریتانیاوە، سێر ئەرنۆڵد ویڵسن، نوێنەری مەدەنی بەریتانیا لە بەغدا، بە نامەیەکی تایبەت بەرپرسیارییەتی دامەزرانی حکومەتی کوردستان، دەخاتە ئەستۆی مەیجەر نۆئێل، بەم شێوەیەی خوارەوە بەرنامەی ئەو ئەرکەی بۆ دیاری دەکات و دەنووسێت:
(لەبەرەبەیانیی 1ی تشرینی دووەمەوە، ئێوە بەئەفسەری سیاسیی ناوچەی کەرکووک دامەزراون. ناوچەی کەرکووک لەزێی پچووکەوە تا دیالە درێژدەبێتەوە، لەوێشەوە بۆ سەرووی ڕۆژهەڵاتی سنووری عوسمانی ئێرانی. ئەو ناوچەیە بەشێکە لە ویلایەتی موسڵ کە ئەوپەڕی گرنگی بۆ حکومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا هەیە. لە ئێستادا دەبێت بزانرێت کە ئەوێ ناوچەی داگیرکراوی سەربازیی و کارگێڕییە و لەژێر دەسەڵاتی سوپادایە، پێویستە لەو ڕوانگەیەوە مامەڵە لەگەڵ سەر خێڵی ناوچەکەدا بکەن، لەبیرتان بێ کە کاری نەکردەیەو هەرگیز ناشێ دەسەڵاتی سەربازی بۆ هەمیشە بنێرێتە سلێمانی یا هەر شوێنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ئەو هێڵە سەربازییەی کە ئەمڕۆ هەیە. ئامانجی ئێوە ئەوەیە، کە لەگەڵ سەردارانی ناوچەکە، باری ڕێکخستن و کارگێڕیی ڕێکبخەن، لەو شوێنانەشدا، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هێزەکانماندان، پارێزگاری لەئاساییش بکەن، هاوکات پێویستە بۆ قەدەغەکردنی چالاکی سیخوڕانی دوژمن و بەربەستکردنیان لە کاردابن، دەبێت بۆ ئازوقە و کەلوپەل ناردن بۆ سەربازانمان، ئیشی پێویست بکەن. ئێوە دەسەڵاتتان پێ دراوە کە بە گوێرەی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی پێشووی تورک کردویانە، خەرج و باجی پێویست کۆبکەنەوە، مەرجە بەڕوونی لەسەردارانی ناوچەکە بگەیەنن کە هەر کاروبارێکی ئێوە ڕێکیدەخەن کاتییە و دەکرێت لە هەر کاتێک-دا گۆڕانکارییان تێدا بکرێ. ئێوە دەسەڵاتتان پێ دراوە کە شێخ مەحمود بکەن بە نوێنەری خۆمان لە سلێمانی، دەشتوانن بەپێی ویست و تێگەیشتنی خۆتان و بە هەمان شێوە نوێنەر لە هەڵەبجە و چەمچەماڵیش دابنێن.
مەرجە ئێوە بۆ ئەو سەرۆک خێڵانەی کە لەگەڵیاندا دۆستایەتی دەبەستن، ئەوە ڕوون بکەنەوە، کە بەریتانیا نیازی نییە حکومەتێکی بێگانە، بە پێچەوانەی ئارەزوویان ئەوان، بەسەریاندا بسەپێنرێ. دەبێت سەرۆک خێڵەکان هانبدرێن کە بۆ کاروباری ڕۆژانەی خۆیان، لەژێر چاوەدێری ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیایی-دا کۆنفیدراڵییەک پێکبهێنن. پێویستە ئەوان بەپێی قانوون، بۆ مەبەستی پێویست و پارێزگاریکردنی قانوون و بۆ گەشەکردنی وڵاتەکەیان، لەپێشکەشکردنی باج بەو جۆرەی کە لەوە پێش داویانە بەدەسەڵاتدارانی تورک، بەردەوام بن.) (22)
ئەو نامەیەی سەرەوە بە هەموو پێوەرێکی دەستووری، قانوونی و نێودەوڵەتی، بەڵگەنامەیەکی یەکجار بایەخداربووە بۆ سەلماندنی سەرەتایەکی گونجاوی مافەکانی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد، کە لە لایەن بەهێزترین و کاریگەرترین دەوڵەتێکی خاوەن بڕیار، بە خەڵکی کوردستان درابوو. لە هەموو مێژووی کورددا نەبووە، مافەکانی نەتەوەیی کورد، بەو شێوەیە سەلمێنرابێ. بەو پەیامەوە، بەو ئەرکە گرنگە وە، بەو نیازەوە کە کورد ببێتە خاوەنی حکومەت و کارگێڕیی سەربەخۆ، لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی 1918دا، نۆئێل لەگەڵ نوێنەرەکانی شێخ مەحموددا دەگەنە شاری سلێمانی، بۆ ئەوەی یەکەم چینی دیواری دەوڵەت حکومەتی کوردستان بەرز بکرێتەوە. (23)
هۆکاریکی گرنگتر لە سیاسەتی دەرەوەی ئینگلیز ئەوە بوو کە هەمیشە نەخشەی سیاسی و دواڕۆژی خۆی بەستبووەوە بە نەخشەی جوگرافیاوە، هەڵبەت کاری مەیدانی، شارەزایی مرۆیی و سامانی سەرزەمین و ژێرزەمینی ناوچەکان و لایەنی ستراتیژی سەربازی، بەلای ئەوانەوە بەسەرنج وەرگیرا بوو، ڕێگەی تەقەڵا و ئیش کردنیشیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو لەبەرچاو گرتبوو. بە مانایەکی دیکەو بە تێڕوانینی ئاساییش و پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری بەلای ئینگلیزەوە لەسەر ئەوە هەڵنرا بوو، کە لە ویلایەتی بەسرە و ویلایەتی بەغدا پێکەوە قەوارەیەک بۆ عەرەب پێکبێنێ، ویلایەتی موسڵیش کە زۆرینەی کورد و کوردستان بوو، لەهەلی یەکەمدا حکومەتێک بۆ کورد دابمەزرێنێت، بواریش بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و سنوورەکانیشی لە ویلایەتەکە تێپەڕێنێ، لەمەیاندا هەبوو.
ڕۆژی گەیشتنەکەی نۆئێل بۆسلێمانی، 16ی مانگی تشرینی دووەمی 1918 بوو. (24) ئەو ڕۆژە داهێنان و پێشکەوتنێکی گەورە بوو لەسیاسەتی بەریتانیادا بەرانبەر بە کورد و مایەی هەواڵی خۆشی پێوە دیاربوو. هاوکات بوژاندنەوە بوو لەبرسێتی و ڕزگاربوون بوو لەپەشێوێ و بەرەڵایی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە سلێمانی و دوورتر. بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە بە مەیجەر نۆئێل درابوو، ڕۆژێک دواتر واتا لە 17ی تشرینی دووەمی 1918دا، بە ناوی حکومەتی بەریتانیاوە حکومەتی کوردستانی دامەزراند، شێخ مەحمود بە ناونیشانی حوکمدار کرا بەنوێنەری بەریتانیا لە سلێمانی. مەیجەر نۆئێل، لە ڕۆژی گەیشتنەکەی بۆ سلێمانی و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەڤەرەکە، ئەرنۆڵد ویڵسن، نوێنەری بەریتانیا لە بەغدا ئاگادار دەکا، کە لە سلێمانی پێشوازییەکی شاهانەیان لێکردووە، نوێنەرانی دێهاتەکان لە شەقامەکان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لە پێشوازیی-دا ئامادەبوون. شێخ مەحمودیش لەگەڵ چەند سەد کەسێک دا، قۆناغێک دوور لە دەرەوەی شار لەچاوەڕوانی-دا بوون. لە هەمان ڕۆژدا لەشکری تورک کە خۆیان بەدەستەوە دابوو، بەرەو کەرکووک بەڕێکران و لە ناوچەکە دوور خرانەوە. (25)
تورکەکان بێ ئەندازە سلێمانییان کاول و هەژار و برسی کردبوو، بە جۆرێک برسێتی سەری کردبووە سەر خەڵک، هەموو سکیان بەپشتیانەوە نووسابوو. لەسەدا هەشتای خەڵکی شار لە بەین برابوون، بەشی هەرە زۆری شارەکە خاپوورکرابوو، بەرهەمی گشتی ناوچەکە بە تەواوەتی لەکەمییدابوو، لەو بارودۆخەدا ئەوەی زۆر پێویستبوو پارێزگاریکردنی خەڵکەکە بوو لەبرسێتی و لە نەخۆشی، هەر ئەوەش وای لە نۆئێل کردبوو کە بەر لە هەموو کارێک، هەوڵ بۆ بووژانەوەی خەڵک بدا. لەو بارەیەوە، نۆئێل بەخێرایی بیری لە پەیداکردنی خۆراک کردووەتەوە، ئەگەر بە هاوکاری دەسەڵاتدارانی سوپا بریتانیا نەبوایە، خەڵک لە نەبوونی و برسێتی و نەخۆشیدا بێ ئەندازە ماندوو دەبوون و هەڕەشەی فەوتانیان لەسەربوو. (26) هەر لە تێلیگرامەکەی سەرەوەدا، نۆئێل زۆرتر و بەبەرچاو ڕوونییەوە بۆ دواڕۆژی کورد دەڕوانێ و دەنووسێت:
(لە درووستکردنی دەوڵەتی کوردی-دا، بەپارێزگاری و لەژێر چاودێری بەریتانیا و بە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ئەفسەرانی سیاسیی شارەزا لە کاروباری گشتی دا، من بە هیچ شێوەیەک کێشەیەک نابینم، هەر ئێستا دەبێت بەگورجی و بەچالاکی ئەو کارە بکەین. لە سلێمانی لە هەموو ئاستەکان-دا بزووتنەوەیەکی بەهێز هەیە، بۆیە من بەخێرایی و بەوپەڕی توانامەوە ئامۆژگاری دەکەم کە بەیەکسەر ئەفسەرانی کارامە و لێهاتوو بۆ سلێمانی بنێرن تا دەست بەڕێکخستنی بناغەکانی حکومەتداریەتی و خزمەتگوزاری بکەین.) (27) هەر لە هەمان نامەدا داوا دەکات (ئەو شێوە کارەی کە لە سلێمانی ئەنجام دەدرێ، پێویستە لە مەڵبەندەکانی دیکەی کوردەواری-دا لە سەروو موسڵیشەوە پەیڕەو بکرێ.) (28) واتا لە یەکەم ڕۆژەوە، فراوانکردنی دەسەڵاتی سڵێمانی و شێخ مەحمود بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئازاد و بەرنامەڕێژ بوو، نۆئێل بۆ ئەو مەبەستە کاری دەکرد، ئەوەندەی توانیشی تەقەڵای سیاسیانەی دا و زەمینەسازی بۆ پێشکەوتنی قەوارە سیاسییەکە کرد. لە بەرانبەر تێلیگرام و داخوازییەکانی سەرەوەی نۆئێل-دا، ویڵسن بەڵێن دەدا کە بەزووترین کات بیری لێبکاتەوە و پێشنیازەکان جێبەجێ بکا. هەروەها ئەوەش ئاشکرادەکات کە (لە کۆتایی تشرینی دووەمی 1918دا، کۆنفرانسێکی 50 60 کەسی لە سلێمانی سازدەکرێت و خۆشی ئامادەیی دەردەبڕێت کە هاوبەشی تیدا بکا.) (29)
بۆ زیاتر تێکەڵاوی بەریتانیا لەگەڵ خەڵکی کورد و دامەزراندنی ئاساییش و بەڕێوەبەرایەتی لایەنەکانی کارگێڕی و نەهێشتنی ئاژاوە، هاوکات، قەڵاچۆکردنی برسێتی و نەخۆشی، نۆئێل لە چەمچەماڵ و هەڵەبجەش نوێنەری دانا، هەروەها هەوڵیدەدا سەر خێڵە کوردەکان ڕازیبکا کە لەناو خۆیاندا کۆکبن و پێکەوە بۆ پێکهێنان و فراوانکردنی حکومەتێکی کوردی تێکۆشن و کار بکەن. نۆئێل بە شێخ و بەکەسایەتی و خەڵکەکەی ڕاگەیاندبوو، کە ئینگلیز نیازی ئەوەی نییە حکومەتێکی بێگانەی بەدەر لەداب و ئارەزوی کوردەکان بەسەریاندا بسەپێنرێ، بەڵام دەیانەوێت کە بەڕێنمایی و چاودێری بەریتانیا، هانیان بدەن دەسەڵاتێکی نیشتمانییان بۆ دابمەزرێنن. (30)
لای خۆشییەوە، شێخ مەحمود داوای لەبەریتانیا کرد، کە ئەفسەرانی بەریتانیا بۆ سەرپەرشتی هەموو بەشەکانی حوکمدارێتییەکەی دابمەزرێنن، داوای ئەوەشی کرد کە سوپای لیڤی بۆ کوردستان پێکبهێنن کە هەمووی کورد بن و عەرەبی تێدا نەبێ. (31) هەر بەزوویی، هەرچی فەرمانبەری تورک و عەرەب لە سلێمانی و دەوروبەری هەبوون، گوێزرانەوە و کورد جێگایان گرتنەوە. لە سەرەتادا ئەو سیستەمەی ڕێکخرا، لەسەر پێشنیازی شێخ مەحمود شێوەیەکی دەرەبەگی بوو، هەر سەر خێڵێک بەرپرسی پاراستنی بەرقەراری و ئاساییشی ناوچەکە و خێڵەکەی خۆی بوو، دەبوایە سەرۆک خێڵ، شێخ مەحمود بە حوکمدار بناسێ و ددانی پێدابنێ. مەیجەر نۆئێل کارگێڕییەکی وای ڕێکخست کە لەگەڵ بۆچوونی نیشتمانی کورددا بگونجێ و ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندێتی کوردستان بێ. ئینگلیز نەیدەویست حکومەتێکی دیکتاتۆر درووستبێ و شێخ مەحمود ببێتە حوکمدارێکی زۆردار و تاکڕەوو لە دوایی-دا کەس نەخوێنێتەوە. بەڕێوەبردنی سیستەمەکە بە جۆرێک بوو، کەڕاستەوخۆ لە لایەن بەرپرسیاران و ڕاوێژکارانی ئینگلیزەوە بەڕێوەدەبرا، بەو مەبەستەی کۆمەڵگەیەکی تەباو ئارامی وا درووستبێ کە خێڵەکان پێکەوە، هاوکاری و تێکەڵاوی شارستانی بکەن و بەرەو دیموکراتییەت هەنگاو بنێن. (32) واتا بەرنامەکە، بەو شێوەیە بوو کە لەدواڕۆژێکی نزیک-دا، بتوانرێ وردەوردە و لەسەرخۆ، کورد لەسیستەمی خێڵەکی ڕزگاربێت و پێبنێتە قۆناغی پێشکەوتن و شارستانی و حوکمداری و دەوڵەتداری سەربەخۆوە.
جگە لە چارەسەری بارودۆخی ئابووری و بژێویی، تەدارەک و کەرەستەی پێویست بۆ بوژاندنەوەی بازرگانیش ڕێکخرا، ئاوڕ لە لایەنی ئایینییش درایەوە و چەندان مزگەوت لەسەر خەزێنەی بەریتانیا نۆژەن و ئاوەدانکرانەوە، خوێندنیش لە مزگەوتەکاندا بەرەوپێشەوە چوو. (33) لە ڕێکخستنی کاروباری حکومەتیدا، پەیوەندی ڕۆژانە و جیبەجێکردنی فەرمانە کارگێڕییەکان، لایەنی سەرەکی و پێویستن، لە هەمان کاتدا بوونی ڕێگە جیاوازەکانی هاوکاری و هەرەوەزیش یەکێکە لە زەمینەسازی بۆ زیاتر گەشەکردن و فراوان و پێشکەوتن، هەر بۆیە لەگەڵ بایەخدان بە لایەنەکانی سەرەوە، لە یەکەم ڕۆژی گەیشتنییەوە بۆ سلێمانی، لە پێناوی تازەکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان سلێمانی و کەرکووک و شارانی دیکەی کوردستان، نۆئێل داوای کرد کەیاریدەدەری ئەفسەرانی سیاسی لە کفری و کەرکووک، لە ئاڵتون کۆپری و هەولێر فەرمانگەی پۆست دابمەزرێننەوە و نامە و نووسراوی حکومەتی و خەڵکی لەنێوان ئەو شارانەدا بێن و بچن، داواشی کرد کە نابێت فەرمانبەرانی ئەو دەزگەیانە تورک بن. (34) دیارە لەو کاتەوە مەیجەر نۆئێل هەستی بە گرنگی کەرکووک بۆ حکومەتی کوردستان کردبوو، بۆیە هەمیشە لەخەمی ئەوەدا بووە کە کەرکووک بەشێک بێ لە کوردستان.
سلێمانی وەک ناوەندی حوکمداری، لە لایەن بەریتانیاوە بایەخێکی تایبەتیی پێدرا، نۆئێل-یش چاک لەڕۆڵی خۆی تێگەیشتبوو، تاقیکردنەوەی پێشینی لە کارگێڕی، دیپلۆماسییەت، دابوونەریتی ناوچەکە و کورد، سەرباری ئەوانەش شارەزایی لەکاروباری سەربازیدا، ئەوجا هەست و لایەنگری بۆ کورد، کە دەشێ ویستبێتی لە ڕێگەی دامەزران و مانەوەی دەوڵەتی کوردستانەوە بۆ هەتاهەتایە ناوی بچوایەتە مێژووی سیاسی ناوچەکە و بەریتانیاوە، هەموو ئەوانە وایان لە لێ کردبوو کە بەوپەڕی توانا و لێهاتووییەوە، بێ ماندوبوون، بۆ ڕۆژگاری سەربەخۆیی و دامەزرانی حکومەت و دەوڵەتی کوردستان، لەتەقەڵا و هەوڵداندا بێ.
کاری مەیجەر نۆئێل و ئەفسەرانی دیکەی ئینگلیز بەپێی نەخشە و ڕێکخستن لە پێشکەوتندا بوو، یەڵام لایەنی شێخ مەحمود وەک چاوەڕوان دەکرا، ئاواتبەخش نەبوو. ڕەفیق حیلمی هەواڵی سلێمانی سەردەمی حوکمدارێتی یەکەمی شێخ مەحمود بەم شێوەیە وێنا کردووە: (ئەوانەی ئەیان توانی لەحوکمدار نزیک بنەوە لەم بابەتانە بوون: دەس و پەیوەندی نەفام و نەخوێندەوار، دەوروپشتی چاوبرسی و دوای تاڵان کەوتوو، نۆکەری خەنجەر لە پشت و عەشایری تفەنگ لەشان...هەندێک لە زابتە کوردەکان هاتبوونەوە سلێمانی و لەو سەردەمەدا هەندێک خوێندەواری باش و نیشتمانپەروەر لەوێ بوون و ئەیانویست کە دەس لەناو دەس تێبکۆشن و یارمەتیی حوکمدار بدەن، بەڵام ڕێککەوتنی تاقمی دەوروپشتی حوکمدار و ئەمانەی تر نە ئەگونجا، تاقمی یەکەم لە بەینی حوکمدار و تاقمی دووەمدا، لە خەنجەر و دەمانچە دیوارێکی درووستکردبوو. ئەگەر حوکمدار خۆی بیویستایە ئەو دیوارەی ئەڕووخاندو لەزابتەکان و مونەوەرەکان نزیک دەکەوتەوە بەڵام... نەترسان لەدواڕۆژ و کەمتەرخەمی خۆی لە لایەکەوە، (گرێیەکی نەفسی) کە بەرانبەر بە زابت و مونەوەر پەیای کردبوو لە لایەکی ترەوە، بەرهەڵستی ئەوە بوون کە شەقێک لەدیواری خەنجەر و دەمانچەکە هەڵدا و بیروخێنێ و خۆی بگەیەنێتە خوێندەوارە باشەکان.) (35) بەڵام شێخ لە توانایدا نەبوو بەربەستەکان نەهێڵێ، دیارە ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ نەبوونی بنەمای فیکری، نەبوونی ئازایەتی و پێشەوایەتی، هەروەها شارەزانەبوونی کارگێڕی و نەبوونی سیاسەتی ناوخۆیی لای شێخ مەحمود، بە مانایەکی دی، ئەستەم بوو حوکمدار لە چوارچێوەی سەردەمی کۆن و بێ کەڵک بچێتە دەرەوە و هەست بەبایەخی قۆناغی تازە و فەرمانڕەوایەتی خۆی و نەتەوەی کورد بکا.

هەلومەرجی دامەزرانی حوکمدارێتی یەکەمی کوردستان
لە ئەنجامی شارەزایی و تاقیکردنەوەی مەیدانییەوە، نۆئێل زۆر بەوردی چۆنێتی قەوارەی حکومەتی کوردستان و هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی هەڵدەسەنگێنێ، تا ئەوەی لەبارەی دامەزرانی فەرمانڕەوایەتی کوردستان بگاتە ئاکامێک و بڵێ: (ئێمە هەمیشە هێما بۆ ئەوە دەکەین کەپەیوەندی باشووری کوردستان بەبەغداوە، مەسەلەی جوگرافیا سەپاندوویەتی، لەوەش زیاتر هاتوچۆی ڕۆژانە ئەوەندی دیکە مەسەلەکەی پێکەوە گرێداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەغدا پێویست ناکات دەستوەرداتە کاروباری پێشکەوتن و لایەنەکانی نیشتمانیی خەڵکی کورد و کوردستان، فەرمانبەرانیش هەتا بکرێت دەبێت کورد بن. لەشکری کوردی پێکدێ و لە لایەن ئەفسەرانی کوردەوە بەڕێوەدەبرێن و مەشقیان پێدەکرێ.) (36) لە سەرژمێری کەمتر لەپێنج هەزار دانیشتووانی سلێمانی، ئەو سوپایەی ئینگلیز بۆ دەوڵەتی باشووری کوردستان وەک سەرەتایەک لە سلێمانی پێکیهێنا، ژمارەیان گەیشتبووە 1266 کەس، لەوانە تەنیا دوو ئەفسەر و سێ پلەداری دیکە بەریتانیایی بوون، دەنا هەر هەموویان کورد بوون. جلی ئەفسەران و سەربازان و بنووسەکانیش (کاتب)، شێوەی جلی لیڤی، تایبەت و جیاواز بوون، مێزەری نەتەوەیی کوردیان بەسەرەوە بوو کە ئەوەش بۆ کورد بایەخی تایبەتیی خۆی هەبوو. (37) ئەگەرچی سوپاکە بە ناوی (لیڤی)یەوە بوو کە مانای سەرباز یا جەنگاوەر دەگەیەنێ، بەڵام بۆ ئەوە بوو ببێتە کرۆکی سوپایەکی بەهێزی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان.
ئەحمەد خواجە لەبارەی پێکهاتنی ئەو لەشکرەی کوردستانەوە دەنووسێت: (بە فەرماندەیی ئەو ئەفسەرە کوردانەی کە لە تورکیاوە گەڕابوونەوە، لە سلێمانی سوپایەکی گەورە و بەهێز درووستبوو، پێیان دەوت سوپای کوردستان و ناونرا (لیڤی). بۆ ئەوەی ئەفسەرەکان دڵ پاک و گیان بەختکەربن، دەنێران بۆ دیوانی حوکمدار بۆ سوێندخواردن بەرانبەر بەحوکمدار و حکومەتی کورد و کوردستان.) (38) لە ناوچەکانی دیکەش، لە کۆیە و لەڕواندز بە هەمان شێوە، لە خەڵکی لێهاتووی ناوچەکان، سوپای لیڤی کوردی درووستکرا، تا دەهات بەژمارە و بە کەرەستە بەهێزتر دەبوو، لە شەڕی نێوان شێخ مەحموود و بەریتانیادا، زیاتر بێ لایەنییان هەڵبژارد.
لە بواری دیکەشدا کار بۆ گەشەکردن و داهێنان دەکرا، وردەوردە هەلومەرج بۆ حکومەتی کوردی دەڕەخسێنرا تا بتوانێت زیاتر گەشە بکات و لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ، لەو بارەیەوە نۆئێل تێگەیشتنی خۆی و حکومەتەکەی ئاشکرا دەکات و دەنووسێت: (زمانی کوردی دەبێتە زمانی ڕەسمی حکومەت، بۆ قانوون دانان کەڵک لە داب و نەریت و مامەڵەی ڕۆژانەی کۆمەڵگە دەبینرێ، سیستەمی کۆکردنەوەی داهات و باج دەبێت لەگەڵ پێویستییەکانی خەڵک-دا یەک بێتەوە. دەربارەی خێڵ، ڕێز لەو عادەت و قانوونانە کە ئەمڕۆ هەن دەگیرێ، حورمەتی سەرۆک خێڵەکان دەپارێزرێ و ڕێگە دەدرێن کە بەردەوام بن لەبەڕێوەبردنی کاروباری خێڵەکانیان وەک تا ئێستا هەن.) (39)
بۆ گەشەکردن و تەواوکردنی لایەنەکانی دیکەی دەوڵەتداری، مەیجەر نۆئێل درێژە بە بەرنامەی سازدانی دەوڵەت حکومەتی کوردستان دەدا و لە پێناوی دامەزرانی سیسەتەمی دارایی و ئابووری-دا بەرنامە داڕشتبوو، سەربەخۆیەتی داراییشی بە مەرج دەزانی و پێداگری دەکرد و بەپێویستی دەزانی سامان هیی خەڵک بێ نەک هیی حوکمدار و دەستەی فەرمانڕەوا، هاوکات گرنگی بە لایەنی کشتوکاڵیش دەدا. لەو بارەیەشەوە نۆئێل دەنووسێت: (ئەوەی پەیوەندی بەداراییەوە هەیە، وڵاتەکە خاوەنی بودجەی ناوچەیی خۆی دەبێت. ئەو باجەی کۆدەکرێتەوە، بۆ کارگێڕی و پێشکەوتنی وڵاتەکە بەکاردێتەوە، بەڵام هاوکاری مەسروفاتی کارگێڕیی سەرەکی لە بەغداوە دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ مێسۆپۆتامیادا، دەبێتە مایەی دڵنیایی و پشتگیریی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکان و گرنگییەکی لێهاتوویی و توانایی. پەروەردە، کاری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و پەیوەندییەکان هەموویان لە بەغداوە بایەخیان پێدەدرێ.) (40) واتا لە کاربەدەستانی بەریتانیاوە لە بەغدا، ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکران، چونکە ئەو کاتە ئێراق جارێ وەک دەوڵەت دانەمەزرابوو.
بەم جۆرە هەر لە سەرەتاوە دیاربوو کە بەڵێنی پلەیەکی بەرزی ئۆتۆنۆمی بە شێخ مەحمود و بە کورد درابوو، (سەبارەت ئەو ئۆتۆنۆمییە، کوردەکان دڵنیاکرابوون کە لە داهاتوودا فەرمانڕەوایەتییەکەیان شایانی گەشەکردنە، بۆ بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆیان، پێ بەپێ خەڵکەکە پەروەردە دەکران و مەشق دادەدران، خەڵکی شارەزای کوردیش بۆ حکومەتدارێتی ئامادە دەکران. لە ئەنجامی هاوکاریی ئەمان لەگەڵ بەشەکانی دیکە، شێوەی ئۆتۆنۆمییەکە، دەبووە مایەی هەڵکشانی بەرژەوەندی ئەخلاقی و ماددی بۆ کوردەکان.) (41)
لەو دەقەی سەرەوەدا، تاڕادەیەکی زۆر چاک و فراوان، شێوەی حوکمدارێتی دیاری کرابوو. لە لایەکەوە باس لەپەیوەندی جوگرافیایی خوارووی کوردستان کرابوو، بەو مانایەی سنووری باشووری کوردستان چ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و چ لەژێر سایەی بەریتانیادا بوایە یاوەک ئۆتۆنۆمی بمایەتەوە، مەرج بوو نەخشەی ئەو چوارچێوەیە دیاربکرابایە و سنووری کوردستان بەپێی دەستوور و قانوون بکێشرایە. لە لایەکی دیکەشەوە مژدەی ئەوە ڕاگەیاندرابوو کە ئەو ماف و جۆرە حکومەتدارێتییە، بەپێی ئامادەکردنی کادیر و فەرمانبەرانی شارەزا و دڵسۆز لەبەڕێوەبردن-دا، ڕۆژبەڕۆژ کارگێڕێتی کوردستان زیاتر گەشەی دەکرد و زۆرتر پێشدەکەوت، هاوکات لە لایەن بەریتانیاوە زامنی پاراستنیشی پێدرابوو، کە ئەگەر کاتێک دەوڵەتێکی عەرەبی لە ویلایەتی بەسرەو بەغدا درووستبوو، ئەوا فەرمانڕەوایەتی کوردی بەڵێن پێدرابوو کە پارێزگاری لێبکرێت و بەردەوام بێ لە پێشکەوتن-دا.
حکومەتی کوردی، خاوەنی کەسایەتی دەستووری و قانوونی خۆی بوو، بەپێی ویست و دابوونەریت و بەپێی گونجانی لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری و ئایینی و بەرژەوەندی خەڵکی کورد، قانوون دادەڕێژرا. دەوڵەمەندی و داهاتی کوردستان لەبەروبووم و بەرهەمی هەمەجۆر، بە شێوەیەکی لێزانانە لەبەرچاو گیرابوو، هاوکات ئابووری و سامانیش، بۆ خزمەتی ڕۆژانەی خەڵک و پێشکەوتنی فەرمانگا و لایەنەکانی حکومەتی کوردستان تەرخان دەکرا، بەمانایەکی دیکە داهات و باجی کوردستان، موڵکی کورد بوو نەک هیی حوکمدار و دەسەڵاتداران، دەبوایە هەر لە پێناوی گەشەکردنی دانیشتووان دا خەرج بکرێ. دیارە پیشاندانی وێنەیەکی وا گەش، پەیوەندی بە بەڕێوەچوونی دۆستایەتی نێوان کورد و بەریتانیا و بەردەوامی حکومەتی ئەو کاتەوە هەبوو، بەڵام لەواقیعی حاڵ و گۆڕانکارییەکان-دا، دۆخەکە بە جۆرێکی پێچەوانەوە هاتەوە.
ئەو بنەما سەرەکییانەی سەرەوە، هەموویان لەوانە بوون کە بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەیەکی چەندان سەدە ژێردەستە و دابەشکراو پێویست بوون. لە دوای جەنگی یەکەم، یەکەمین کارگێڕی و حکومەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-دا بۆ کورد دامەزرا. بۆیە ئەگەر کورد بۆ ئازادی و پێشکەوتن و گەشەکردن و یەکێتیی نەتەوەیی، پێشەوایەکی دڵسۆز، لێوەشاوە، شارەزا و دەوڵەتمەداری هەبوایە، لە هەمان کاتدا، کورد خۆی بیتوانیایە ببێتە پارسەنگێکی بەتوانا لەگەڵ ڕووداوەکان و هێزە کاریگەرییەکانی بەستێنی سیاسەت، ئەوا وردەوردە دەکرا کوردیش بەسەرفرازی و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بگەیشتایە.
نۆئێل و لە ڕێگەی ئەوەوە بەریتانیا دەیانویست سیستەمی حوکمدارێتی شێوەیەکی سرووشتی وەربگرێت. ئینجا وردەوردە، جێ بەسیستەمی خێڵەکی چۆڵبکات، لە دوایی-دا ڕێگە بۆ سیستەمی دیموکراسی و تەبایی و پیشەسازی بکاتەوە. هەڵبەت جۆری سیستەمی سرووشتی و پێشکەوتووی بەریتانیایی، لەگەڵ بۆچوونی فەرمانڕەوایەتی گشتگیری و ڕەهای شێخ مەحمود-دا نەدەگونجان. هیچ گومانێکی تێدا نەبوو کەجیاوازی ئەو دوو تێگەیشتنە لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی-دا، هێندەی دووریی ئاسمان و ڕێسمان بوو، بۆیە شێخ مەحمود، نۆئێل هاندەدا کە واز لەبیرۆکە و پلانی سیستەمی حوکمدارێتی سرووشتی و خاوەن داوودەزگە بهێنێ و بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی فەرمانڕەوایەتی خێڵەکی، کە ئارەزووی شێخ مەحمود بوو. (42) ئا لێرەوە دوو تێگەیشتنی سەرەکی دژ بەیەک لەنێوان شێخ و بەریتانیادا، هەر لە سەرەتاوە دەرکەوتبوو. مەیجەر نۆئێل بۆ ئەوەی بەرنامەکەی خۆی و بەریتانیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان تێکنەچێ، بە هیچ شێوەیەک نەیدەویست لەگەڵ شێخ مەحموددا نێوانی ناخۆش بێ، تا بۆی کرا لە پشتیوانی حوکمدار بەردەوام بوو. ڕەفیق حیلمیش ئەو شاهیدییە بۆ دڵسۆزی مەیجەر نۆئێل دەدا کە مەبەستی بووە حکومەتی کوردستان و دەسەڵاتی شێخ مەحمود بەرقەراربن. (43)
دیسان سەبارەت بە جۆری پەیوەندییەکانی حوکمداری کوردستان بە بەریتانیاوە، لە 1919دا لەڕاپۆرتێکی تایبەتیی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا لە بەغدا، کە بۆ باسی حوکمەتدارێتی لە سلێمانی تەرخان کراوە، هەڵوێستی حکومەتی لەندەن بەڕوونی دیاری دەکات و ڕایدەگەیەنێ کە ئەوان مەبەستیان بووە لەو شوێنانەی کە بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ بەشی ئەوان بووە، حکومەتێکی سەربەخۆی کوردی دابمەزرێنن و پەیوەندییان بەبەغداوە نەبێ، بەڵکوو ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری بەریتانیادا بێ و لە لایەن ئەفسەرانی سیاسییەوە ئامۆژگاری بکرێت و کار و پیشەی حکومەت بەڕێوەبردنیان فێربکەن. لەڕاپۆرتی ناوبراودا زانیاری بەو چەشنە دەخوێنینەوە: (ئێمە بەو مەرجە حوکمدارێتی ئۆتۆنۆمیمان بۆ خوارووی کوردستان پێشنیازکرد، کە بە سەرپەرشتی بەریتانیا بێ و بە هاوکاری فەرمانبەرانی بەریتانیا ڕێکبخرێ، شێخ مەحمود کەسایەتییەکی بەدەسەڵاتی ناوچەکە بوو، لە یەکەم هەلدا وا تێگەیشتین کە دەکرێت بە هاوکاری ئێمە دەوڵەتێک بەڕێوەبەرێ کە دووربێ لەوەی لە بەغداوە فەرمانڕەوایەتی بکرێت، هەروەها پێویست بوو کە دەوڵەتەکە ببێتە ئامرازی ڕزگاری و کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی وڵاتێکی کاولکراو، بەڵام شێخ مەحمود ئەوانەی بەلاوە مەبەست نەبوو.) (44)
هەمان ڕاپۆرت هەلومەرجی دیکەی دانانی شێخ مەحمود بەحوکمدار دەستنیشان دەکات و دەنووسێت: (دانانی شێخ مەحمود بە حوکمدار بەندبوو بە کۆمەڵێک مەرجی دیکەوە، خەزێنەی بەریتانیا ئاوەدان بێ کە پارەیەکی بۆ تەرخانکرد و ڕێگەی گەشەکردنی بۆ کردەوە، مانگانە و پارەی ڕۆژانە کە لەو کاتەدا بەزەحمەت پەیدادەبوو، بۆی بڕییەوە. هاوکات، سیستەمەکەش بە شێوەیەک بوو کە سەرۆک خێڵ خۆی تەخمینی پێویستییەکانی خۆی و خێڵەکەی دەکرد، بێ ئەوەی چاوی کاربەدەستانی حکومەتیان لەسەر بێ، بڕە پارەکەی سەرف دەکرد.) (45)
سەبارەت بە بیروڕای ئەو خەڵکەی کە لەگەڵ نوێنەری مەدەنی، ئەرنۆڵد ویڵسن لە سلێمانی بینیبوونی و بۆ دواڕۆژی ئازادی و دەوڵەتداری قسەی لەگەڵ کردبوون، بۆی دەرکەوتبوو کە بە هیچ شێوەیەک هەماهەنگی و یەکڕیزی لەناویاندا نەبووە. لە یەکەم چاوپێکەوتنی گەورەترین بەرپرسی بەریتانیا لە میسۆپۆتامیا کە بەپێی خۆی چووبووە سلێمانی، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی درێژ، ئەرنۆڵد ویڵسن هەست بەبوونی گەلێک کۆمەڵە و دەستەی دژ بەیەک و بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵکی شار ودەوروبەردا کاردبوو، کۆمەڵێک خەڵک دڵنیایتدەکەن کە خەڵکی دێهاتەکان بەهێزی چەک بەربەرەکانی گەڕانەوەی تورک دەکەن، ئینگلیزیش ئەو باوەڕەیان هەبوو. بەشێکی دیکەیان داوای پارێزگاری و دەسەڵاتی بەریتانیایان بەسەر کوردستان-دا دەکرد، بەشێکیش دژ بوون، بەشی چوارەم دەیانەویست ڕاستوخۆ کوردستان لە لایەن لەندن-ەوە بەڕێوەببرێ، دەستەی دیکەش هەبوو بە نهێنی بەنوێنەری مەدەنی بریتانیایان ڕاگەیاندبوو کە هەرگیز شێخ مەحمود بەپێشەوای خۆیان قەبوڵناکەن و ناچنە ژێر دەسەڵاتییەوە. (46)
بەو شێوەیە، هەر لەو سەرەتا بایەخدار و قۆناغی دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانەوە، بنەمای شەڕە گەڕەک و شەڕە دەستە و کۆمەڵ لەئارادا بوو، وەدینەهاتنی ئازادی و سەرنەگرتنی دەوڵەت لەئاسۆیەکی تاریک دا خۆی دەنواند، چاوەڕوانی، دواڕۆژی گرشەدار و دەوڵەتی کوردستان جگە لە بوومەلێڵ چیدیکە نەبوو. ئەگەرچی نیاز و پلانی وا هەبوو کە کوردستانیش لەناو دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان-دا ڕێز و جێگای خۆی بگرێت. بەڵام لە ناوخۆدا لێنەگەڕان کۆمەڵانی دڵسۆز و لێهاتوو بکەونە کار و لە پێناوی دەوڵەتی کوردستان دا چییان پێبکرابایە ئەنجامیبدەن. خراپکردنی دۆخی ناوخۆی حکومەتەکە و کردنی بە کارگێڕێتی بنەماڵەی شێخان و دوورخستنەوەی زووربەی هەرە زۆری تواناکانی خەڵکی کوردی نا شێخان، ئەوجا ململانێی نابەرانبەری شێخ مەحمودی حوکمدار لەگەڵ حکومەتی بەریتانیادا، لووتکەی کێوانی تاریککرد و کوردی لەبەردەوامی دەوڵەت و حکومەت و دواڕۆژێکی سەرفرازی و ئازادی و ئاسوودەیی بێبەشکرد.
دوای دامەزراندنی حکومەتەکەی خوارووی کوردستان لە سلێمانی، بیر لەوە دەکرایەوە کە بە گفتوگۆی سیاسیانە و بەڕەزامەندی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستانی عوسمانی، بە حوکمدارێتی شێخ مەحمود ڕازیبن. لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 1918 نۆئێل سلێمانی بەجێدێڵێ، ڕوو دەکاتە شار و دەڤەرە گرنگەکان، لە کۆیە، ڕانییە، قەڵادزێ و لە ڕواندز، یاریدەری ئەفسەرانی سیاسی دادەمەزرێنێ. هێدیهێدی بارودۆخەکە هێوردەبێتەوە، برسێتی ڕوو لە کزیدەکا، ئاساییش بەرقەرار دەبێت و خێڵەکان دەچنە ژێربار و فەرمانڕەوایەتی شێخ مەحمودەوە. نۆئێل لە چەمچەماڵ و لە هەڵەبجە و شوێنانی دیکەش، کاروباری ناوچەکان ڕێکدەخا. لەوەش زیاتر، سەرپشککرابوو کە لە دوورتریش، لەو جێگایانەی کوردستان کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا نەبوون، بە هەمان شێوە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن لە کەسایەتییەکانی ناوچەکان پێکبێنێ. (47)
پاش ماوەیەک، مەیجەر نۆئێل دەچێتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەی تا یەکێتییەکی هۆزە کوردییەکان بەسەرکردایەتی شێخ مەحمود درووستبکات، بەتاقیکردنەوەش بزانن کە ئایا کوردەکان بەڕاست دەیانەوێت کوردستانێکی یەکگرتوو دابمەزرێنن یا نا؟ (48) لەو کاتەدا، هەڵسووڕان و جووڵانەوەکانی مەیجەر نۆئێل لە مەیدانی کارکردن-دا لە کوردستان، تەواو هاوتەریب بوون لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی بەریتانیا لە بەغدا و لە لەندەن بەرانبەر بە کورد. لە یەکەم هەل-دا شێخ مەحمودیش ئاگادارکرابوو، کە هەر کۆمەڵێک، یا هۆزێک لە ناوچەکانی سلێمانی، کەرکووک و هەولێر، کە پێیان خۆشبێ بچنە ژێر دەسەڵاتی حوکمدارێتی کوردستان و فەرمانڕەوایەتی شێخەوە، ئەوا بەتەواوی ئازادییەوە هەموولایەکیان دەتوانن ئەو کارە ئەنجامبدەن. (49)

بەهێزکردنی حکومەتی کوردستان
دوای گەیشتنی بە هەفتەیەک بۆ سلێمانی، نۆئێل باسی کەشی سیاسی سلێمانی دەکات و پێیوابووە کە ئامانجی سەربەخۆیەتی کوردستان لە سلێمانییەوە گەیشتۆتە کەنارەکانی گۆلی وان، بۆ کەڵک وەرگرتن لە قۆناغەکە و زیاتر فراوانکردنی سنووری حکومەتی کوردستان، دوای ماوەیەک، بە پەلەو بەتایبەتی، نۆئێل دوو داوای گرنگ لە نوێنەرایەتی باڵای بەریتانیا لە بەغدا دەکا، لەو بارەوە دەنووسێت: (50)
ئا: یارمەتیی شێخ مەحمود بدرێ کە بەسەرکردایەتی هەزار کەس بەرەو ڕواندز بجوڵێ.
بێ: من (نۆئێل) لەگەڵ نوێنەری شێخ مەحمود بنێرن بۆ ڕواندز و نەهری، بۆ ئەوەی هانی هۆزەکان بدەین بۆ جیابوونەوە و دەستهێنانی سەربەخۆیەتی کوردستان لەژێر چاودێری بەریتانیادا.
بۆ وەڵامی ئەو داخوازیانەی سەرەوە نوێنەرایەتی باڵا لە بەغدا، زۆر بەگورجی دوای سێ ڕۆژ بە پیر سلێمانی یەوە دەچێ، ئەرنۆڵد ویڵسن بەڵێنی جێبەجێکردنی نەخشەکەی نۆئێل دەدا، ئەوەش بە گرنگ دەزانێت کە بۆ پارێزگاری لە قانوون و ئاساییش، بە چاکی دەبینێ کە پێ لەسەر گرنگی ڕۆڵی بەریتانیا لەو بارەوە دابگرێت. (51)
دیسان بە ئاڕاستەی دامەزران و فراوانکردنی دەوڵەتی کوردستان، کۆلۆنێل لیچمەن، ئەفسەری سیاسی بەریتانیا لە موسڵ (52) بە پێویستی دەزانێت کە بە زوورترین کات ڕواندز، ڕانیە و کۆیسنجاق بگرن و بخرێنە سەر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی کوردستان لە سلێمانی. (53) سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا لە مێسۆپۆتامیا، هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی دیکەی بەریتانیا، لە هەموو شوێنێکی باشووری کوردستان چاودێری دۆخەکە دەکەن، لە نزیکەوە ئاگاداربوون کە لە کەرکووک بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان زۆر بەربڵاوبووە و لە هەموو لایەکەوە دەنگدانەوەی ئەوە هەبووە کە شێخ مەحمود دەکرێتە فەرمانڕەوای کوردستانی سەربەخۆ و کەرکووکیش دەبێتە بەشێکی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە، لەو بارەیەوە خەڵکی سلێمانیش دڵنیایی دەبەخشن و چاوەڕوانی ڕۆژێکی وا بوون. (54)
دوای ئەو کۆمەڵە هەنگاوە بایەخدارانەی سەرەوە، هەروەها ئامادەکاریی قانوونی و کارگێڕی بۆ گەورەکردنی سنووری دەوڵەتی کوردستان و فراوانکردنی دەسەڵاتی شێخ مەحمودی حوکمدار، لە 1 و 2ی کانوونی یەکەمی 1918دا، سێر ئەرنۆڵد ویڵسن، دەچێتە سەردانی کفری، سلێمانی، کەرکووک و موسڵ. کە چووەتە سلێمانی، لەوێ 60 کەس لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی خوارووی کوردستان و نوێنەرانی کوردەکانی بانە و سەقز لەدیوی ئێران لەچاوەڕێیدا بوون. ویڵسن بە ئامادەبوونی مێجەر نۆئێل، لەگەڵ شێخ مەحمود و نوێنەرەکان دا کۆدەبنەوە، بە دوورودرێژی باسی بارودۆخی سیاسیی خوارووی کوردستان و نەخشەی سەربەخۆیی کوردیان بۆ دەکا. لە ئەنجامی گفتوگۆی ویڵسن و سەردارانی کورد دا، دەگەنە ئاکامێک کە ئەم بەڵگەنامەیەی خوارەوەی لێ دەکەوێتەوە:
(حکومەتی خاوەن شکۆی مەلیکی بەریتانیا، بڵاوی دەکاتەوە کە نیازی لە جەنگی گەورە ئەوەیە میللەتانی ڕۆژهەڵات لە ستەمی تورک ڕزگاربکا و یارمەتییانبدا سەربەخۆیەتی خۆیان دابمەزرێنن، ئێمەی نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، داوا لە حکومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا دەکەین کە کوردیش لەژێر سایەی چاودێری و پاراستنی خۆیدا وەربگرێت.و نەمان بەستنەوە بەئێراقەوە. لەبەر ئەوەی وا دەزانین کە ئێمەش لەو هاوکارییە بێ بەش ناکرێت.ن، بۆیە بەم بەڵگەنامەیە داوا لە نوێنەری مەدەنی میسۆپۆتامیا دەکەین، کە نوێنەری خۆی بە یارمەتیی پێویستەوە بۆ ئامادەکاری خەڵکی کوردستان بنێرێ، تا لەژێر پارێزگاری بریتانیادا بەئاشتییانە لە لایەنەکانی شارستانییەت دا پێشبکەوین. ئەگەر حکومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا، هاوکاری ئێمە بێ و پارێزگاریمان لێبکات، ئێمەش بڕیار دەدەین کە فەرمان و ئامۆژگارییەکانی ئەو جێبەجێبکەین.) (55) لەهەلی یەکەم-دا هەڵوێستی خەڵکەکە هەڵوێستێکی سیاسیانەی بەپەرۆش بوو، نیشانەی ئەوە بوو کە گشت لایەک لە فەرمانڕەوایەتی ناعادیلانەی تورک ناڕازیبوون، هاوکات دەشیانزانی کە بێ هاوکاری بەریتانیا نەدەکرا حکومەتی کوردی دابمەزرێ و کاری فرە لایەنەی کارگێڕی و حکومەتداری ڕێکبخرێ.
هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی سەرەوە، ویڵسن زیاتر لەسەر بابەتەکە دەڕوات و دەڵێت: (لە بەرانبەر ئەوەدا، منیش بەڵگەنامەیەکم ئیمزاکرد کە داوادەکا، هەر خێڵێکی کورد لەزێی گەورەوە تا ڕوباری سیروان (جگە لە کوردەکانی ئێران)، دەتوانن بەئازادی، سەرکردایەتی شێخ مەحمود قەبوڵ بکەن و ڕێگە دەدرێن ئەو کارە ئەنجام بدەن، شێخ مەحمودیش بە ناوی حکومەتی بەریتانیاوە، فەرمانڕەوایەتی ناوچەکانی سەرەوە دەکا، مەرجیشە شێخ ئیتاعەتی فەرمانەکانی بەریتانیا بکات، تا ئەو ئامادەی دۆستایەتی بێ، ئێمەش هاوکاری و پشتیوانی دەکەین، خێڵەکان و خەڵکی شارەکانی کفری و کەرکووک نایانەوێ بچنە ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحمودەوە، ئەویش ڕازییە کە بەزۆر نەیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هاوکات شێخ مەحمود داویکرد کە ئەفسەرانی ئینگلیزی بۆ هەموو بەشەکانی حکومەتەکەی و ئەفسەرانیش بۆ پێکهێنانی لیڤی کوردی بنێرین، بەڵام لەخوار ئەوانەوە، کارمەندان تا بکرێت دەبێت کوردبن نەک عەرەب، منیش هەوڵدەدەم ئەو کاروبارانە ڕێکبخەم. لەوەش زیاتر، پێویستە ئەوە بڵێم، کە شێخ مەحمود و هاوکارانی، بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن بچنە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنساوە. لەبەر ئەوەی پارێزگاری فەڕەنساییەکان بۆ چەند لایەنێکی دیانەکان، کوردەکانی لەپەیوەندی فەڕەنسا سارد کردووەتەوە، بۆیە پێیان وایە کە بەرژەوەندی خۆیان، لە هاوکاریکردنی بەریتانیادایە نەک فەڕەنساییەکان.) (56)
بە دوای دانانی شێخ مەحمود بە حوکمدار و بە نوێنەری بەریتانیا لە سلێمانی، مەیجەر نۆئێل ڕاپۆرت بۆ دەسەڵاتدارێتی بەریتانیا لە بەغدا دەنووسێت و ئاگاداریان دەکات کە خەڵکی سلێمانی پێشوازی لە حکومەتی تازە دەکەن، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەتەکەیان، کوردەکان دەیانەوێت کارگێڕییەکی سەربازییان بۆ درووستبکرێ. (57) ڕەنگە لە کوردستان بەتایبەتیی لە شاری سلێمانی، تارماییەکی بیری کوردایەتی هەبێت، بەڵام ئەوە تا ئەو کاتە، نەگەیشتبووە خەمڵاندنی بیری نەتەوەیی و ویستی تەواوی سەربەخۆیەتی، لەو بارەوە ئامادەکاری فراوان و گشتگیر نەڕەخسابوو، واتا پاشماوەی حوکمدارێتی میرنشینە کوردییەکان، بەهی بابانیشەوە کە ماوەی نزیکەی حەفتا ساڵێک سلێمانی پایتەختیان بوو، نەبووبوو بەکولتوری فەرمانڕەوایەتی، لای شێخ مەحمودیش کاریگەرییەکی ئەوتۆی درووستنەکردبوو، جەنگی یەکەم و پاشماوەکانیشی، کارێکی وایان بە سلێمانی و کوردستان کردبوو، نە لەو شارە و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە، هۆکارەکانی: هێزی خەڵک، ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی، بازرگانی گرنگ، ئابووری پتەو، زانست و زانیاری و تاقیکردنەوەی سیاسەت لەناو دانیشتوواندا پەیدا نەبووبوون. (58)
هەر لە هەمان بەڵگەنامەی سەروەدا، کارهەڵسووڕێنەری نوێنەری مەدەنی لە بەغدا، باسی ئەوە دەکات کە مەیجەر نۆئێل لەگەڵ نوێنەرێکی شێخ مەحمود دا، بۆ ئەوەی کارگێڕی سەربازی درووستبکاو بەرپرسیارییەتی بەڕێوەبردنی ناوچەکە لەئەستۆ بگرێت. دەچێتە ڕواندز. دوای نۆئێل، کاپتن گرینهاوس (59) تا ئەو کاتەی نۆئێل دەگەڕێتەوە جێگای ئەو دەگرێتەوە.
سەبارەت بەدامەزرانی پەیوەندی شێخ مەحمود و بەریتانیا، مەیجەر نۆئێل زۆر لە لایەنەکانمان بۆ ڕووندەکاتەوە. ئەو کە بۆ خۆی هاوکار و ئاگاداری لەبەرنامە و مەسەلەکان بووە، نووسینەکانی ڕەنگدانەوەی زانیاری و پیشەدۆستییەتی لەکاروبارو پەیوەندی بە کورد و شێخ مەحمودەوە. لە 8ی کانوونی یەکەمی 1918دا، لەنامەیەکی دوورودرێژدا، لەهاوبەشی کردن لە نەخشەکاندا، پەیوەندییەکان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، لەو نامەیەدا کە نۆئێل بۆ بەرپرسیارانی سەربازی ئینگلیز لە سلێمانی، کەرکووک، کفری و ئاڵتوون کۆپری ناردووە، دەنووسێت: (تا ئێستا خەڵک لەبیریاندا ماوە کە پایزی ڕابوردوو خۆمان بۆ دانانی شێخ مەحمود وەک نوێنەری بەریتانیا لە سلێمانی ئامادەدەکرد... ئێمە وا تێگەیشتبووین کە شێخ مەحمود دەسەڵاتی تەواوی هەیە بتوانێت ئەو فەرمانەی بەریتانیا کە خستبوویە ئەستۆی، ئەنجامی بدا. لە کاتی هاتنمەوە بۆ سلێمانی، ئەوەندەی بۆم کراوە هەوڵمداوە مێشکم کراوە بێ، دوای گەیشتنم بڕیارم دا بە دوای ئەو پێشنیازەدا بڕۆم کە پایزی ڕابووردوو پێشکەش کراوە و بە شێخ مەحمود گەیشتووە. دەسەڵات و هێزی شێخ مەحمود لەم ناوچەیەدا، زۆر چاک زانراوە. هیچ بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی لەپێش شەڕدا هێندەی دەڤەری سلێمانی لەئاژاوە و بەرەڵاییدا نەبووە. هۆی هەرە سەرەکیش لەم پەشێوییەدا لایەنگران و یاریدەران و خزم و دواکەوتووانی شێخ مەحمود بوون، کە بە دێهاتەکاندا بڵاو بووبوونەوە.
لەڕوانگەی سیاسییەوە، زۆر گرنگە کە بتوانرێ ئاشتی لەم دەڤەرەدا، بێ یارمەتیی سەربازیی بەریتانیا بپارێزرێ. بەپێی بڵاوکراوەی دوو قۆڵی ئینگلیزی و فەڕەنسایی، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە کە کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر چاودێری بەریتانیادا پێکبهێنین، بەڵام لەبەر پاشخان و دواکەوتنی خەڵک و وڵاتەکە، هەروەها نەبوونی پەیوەندییەکان و ناکۆکی خێڵەکان، ناچار بووین لە چەند لایەکەوە کاربکەین و هەوڵ بدەین قانوون و تەبایی بەرقەرار بکەین و بگەینە ئاکامێکی هاوکاری و پێکەوە هەڵکردن... لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخەدا، ئێمە ناچار بووین لە هەندێک کەس بێ هیوا بین و نەماندەتوانی سەردارانی خەڵکەکە قەناعەت پێبکەین کە ڕازیبن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەژێر چاودێری و تاقیکردنەوەدا بن. ئێمە لەوە تێگەیشتبووین کە پێویستبوو پشتیوانی لە کەسایەتییەک بکەین تا ئەو شوێنەی هاوکاریی ئێمە دەکا، بەڵام شێوەی کارکردنی ئەو (شێخ مەحمود...ص. غ) لەگەڵ بیروباوەڕی دادپەروەرانە و ڕەوایی بەریتانیا یەکنایەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ یارمەتیی ئەو کەسە و بۆ بەڕێوەبردنی کار و ڕێکخستی کارگێڕی، ئەگەر لە ناوچەکەدا، هەر هەرا و یاخیبوونێک یا ناڕازییبوونێک سەرهەڵبدا، دەبێت ئێمە بە هەموو جۆرێک، ڕێگەی لێبگرین.) (60)
لەو دەقەی سەرەوەدا، نۆئێل بەڕوونی هەڵوێستی بەریتانیا و تێگەیشتنی خۆی بەرانبەر بە حوکمدار و دامەزراندنی حکومەتی کوردستان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی ڕوون دەکاتەوە. بەر لە هەموو شتێک دۆزی کورد بەدۆزێکی سیاسیی نەتەوەیەک ناودەبا، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە ویستویانە چارەسەرێکی سیاسیانە و قانوونی بۆ بدۆزنەوە. ئەگەرچی دۆخی کوردستان، بە تایبەتیی لە سلێمانی و دەوروبەری، زۆر ناڕەحەت و دواکەوتوو بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی بەریتانیا لەو کات و شوێنەدا پێکهێنانی حکومەتێکی قانوونی و تەبایی و بەرقەرار بووە، بۆ ئەوەش ویستویانە هەموو هاوکارییەکی شێخ مەحمود بکەن، لەو بارەیەوە بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی شێخ مەحمودو حکومەتی کوردستان، ئامادەبوون ڕێگری لە هەموو هەرانانەوە و ئاژاوەیەک بگرن، بەڵام هەر زوو دڵ و نیازی شێخ مەحمودیان خوێندۆتەوە کە ئەو لەتوانایدا نەبووە حوکمدارێتی بەڕێوەبەرێ، هاوکات، لەگەڵ ویستی قانوون و دەوڵەتسازی بەریتانیایی هاوتەریب نەبووە. بۆیە ئەو هۆکارانە بوونەتە دوو جۆری بیرکردنەوەی جیاواز بۆ فەرمانڕەوایەتی لەنێوان شێخ مەحمود و بەریتانیادا، بەر یەکدی کەوتوون و تا سەر، هێڵی ئارەزووی شێخ مەحمود و هاوکاری ئەو لەگەڵ ئینگلیز بڕی نەکردووە و بەردەوام نەبووە.
نۆئێل بۆچوون و تەقەڵای سیاسی خۆی لەو کاتەدا دەردەبڕێت و دەنووسێت: (دەبێت کورد و حوکمدار زۆر چاک لەوە تێبگەن کە پێویستە حوکمدارێتی پابەندی کۆمەڵێک دەستوور و قانوون بێ کە ناتوانرێ سنوورەکانیان ببەزێنرێ، بۆیە بێ خۆبەستنەوە بەڕێکخستن و کارگێڕییەوە، هەرگیز فەرمانڕەوایەتی دانامەزرێ، ئەمەش بێ پیادەکردنی قانوون و دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی هاونیشتمانان لە کارگێڕی و ئیش و کاردا، مەحاڵە بەڕێوەبچێ.) (61) بە مانایەکی دیکە پێشوەخت کورد و حوکمدار ئاگادارکرابوونەوە کە لەحوکمدارییدا، ئارەزوو، گەڕەلاوژە، ئاژاوە، تەمبەڵی، بێ قانوونی، بێ کارگێڕی و بێ دەستووریی، جێیان نابێتەوە،

هەنگاو بەهەنگاو فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی حکومەتی کوردستان و شێخ مەحمود
بە دوای ئەو ڕووداوانەی سەرەوە و دانانی چینی یەکەمی حکومەتدارێتی کورد لە سلێمانی، هەموو لایەک کۆکبوون لەسەر پەیوەندییەکانی بەریتانیا و کورد، ئینگلیزەکان لای خۆیانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەوی حکومەتی کوردستان و حوکمدارێتی شێخ مەحمود، هەنگاوی بایەخداری سیاسی و کارگێڕی دیکەیان دەهاویشت. ئەو کاروبارانە بە هەڕەمەکی نەدەکران، بەڵکوو ئینگلیز مەبەستی بوو کە بە سیستەم و بە شێوەی دەستووری و قانوونی برەو بەشەرعییەتی حکومەتی کوردستان و حوکمدارێتی شێخ مەحمود بدا، لەو ڕوانگەیەوە، لە 22ی کانوونی یەکەمی 1918دا، نوێنەرایەتی بەریتانیا لە بەغدا بۆ ئەفسەری سیاسی بەریتانیا لە موسڵ دەنووسێت:
(بۆ مەبەستی سیاسی بە پێویست دەزانرێ کۆیە و ڕواندز بخرێنە سەر حکومەتی کوردستان کە ئێستا لەژێر چاودێریی گشتی (نۆئێل) دایە و تایبەتمەندێتی کارگێڕیی جیاوازی هەیە لەوەی موسڵ. ئایا لەو بارەیەوە ئێوە هیچ سەرنج و بەرهەڵستێکتان هەیە؟) (62)
هەر بەپەلە و دوای یەک ڕۆژ، ئەفسەری سیاسی بەریتانیا لە موسڵ ڕەزامەندی خۆی دەردەبڕێ، بێ کێشە و ڕێگری، بێ دوودڵی و ڕامان، بە دوو وشەی پرشنگدار و گرنگ و چارەنووسساز لە وەڵامدا دەنووسێت:
(من ڕازیم.) (63)
هەمان ڕۆژ واتا 23ی کانوونی یەکەمی 1918 نوێنەرایەتی مەدەنی بەریتانیا لە بەغدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەریتانیا سەبارەت بە هەنگاوە سیاسی و قانوونییەکان ئاگاداردەکات و نەخشەی سیاسی و جوگرافیای تازەی حکومەتی کوردستان بڵاودەکاتەوە و کۆیە و ڕواندز بەڕەسمی دەخرێنە سەر حکومەتی کوردستان، بەوە هەنگاوێکی ستراتیژیی مێژوویی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە حوکمدارێتی شێخ مەحمود دەچێتە پێشەوە. (64) هەڵبەت ئەوە یەکەمین جار بووە کە دەرفەتێک سازبکرێت و ڕواندز بەڕەسمی بخرێتە سەر دەڤەری فەرمانڕەوایەتی حکومەتێکی کوردستان کە پایتەختەکەی سلێمانی بووبێ. ئەوەی شایەنی باسە فراوانکردنی قەڵەمڕەوی حکومەتەکەی شێخ مەحمود ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی سێر ئەرنۆڵد ویڵسن بوو، بۆیە هەڵکردن و هاوکاری شێخ مەحمود لەگەڵ ئەودا پێویستییەکی سەرەکی سیاسەتی ڕۆژگارەکە بوو.
لە ماوەی دوو مانگێک-دا، بە کارکردنێکی بێوچان و بە نەخشەیەکی ورد و شارەزایانە و بە کارامەیی مەیجەر نۆئێل، توانرا گەلێک ناوچەی گرنگی وەک چەمچەماڵ، کەلار، هەڵەبجە، ڕانییە، قەڵادزە، کۆیە و ڕواندز، هاوکات خێڵەکانی گەرمیان لەجاف، تاڵەبانی، زەنگەنە، دەلۆ، وەیسی و داودە، لە کوێستانەکانیش مەنگوڕ، مامەش، ئاکۆ، میراودەلی و خۆشناو بخرێنەسەر حوکمدارێتی کوردستان. (65) سەبارەت بە پشتیوانی خێڵی گەورەی خۆشناو و ناوچە فراوانەکەیان بۆ بەدەنگەوەچوونی نۆئێل، هەڵوێستی کوردانە و سیاسیانەیان بەرانبەر بە حکومەتی کوردستان دەربڕیوە. بۆ ئەو مەبەستە، لە 10ی کانوونی دووەمی 1919دا، نۆئێل بۆ نوێنەرایەتی مەدەنی بەغدا دەنووسێت:
(کەسایەتی و پیاوە گەورەکانی خۆشناو نامەیان بۆ نووسیووم و داوادەکەن کە ئەوانیش بخرێنە سەر کوردستان، هاوکات ڕەزامەندی خۆیان بۆ حوکمدارێتی شێخ مەحمود دەردەبڕن. لەو بارەوە من پێشنیازدەکەم کە ئەوان لە لایەن ئیدارەی کۆیەوە بەڕێوەببرێن.) (66)
دوای چەند ڕۆژێک، لە17ی کانوونی دووەمی 1919 ئەرنۆڵد ویلسن، نوێنەری مەدەنی لە بەغدا، پێزانین و پشتگیری خۆی بۆ نووسراوەکەی نۆئێل ڕادەگەیەنێ و هەموو ناوچەکانی خۆشناوەتی دەبنە بەشێک لە حکومەتی کوردستان. وەڵامەکەی ئەرنۆڵد ویلسن بەو شێوەیەی خوارەوە بوو:
(ئامادەی هاوکاریم و ڕازیم.) (67)
هەر لە هەمان ڕۆژدا، ئەرنۆڵد ویلسن، سەرکردەی هێزەکانی بەریتانیا لە بەغدا، بۆ ئەو هەنگاوەی سەرەوە ئاگادار دەکا. ئەوانیش پشتگیری دەکەن و ڕازیبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن. (68)
دوای ئەوەی سەرەوە بە دوو هەفتە، دیسان نۆئێل، نوێنەری مەدەنی ئاگادار دەکات کە خێڵی شیرموور و بارزان داوادەکەن بخرینەسەر ڕەواندووز، وەک چۆن دوو ساڵێک لەوە پێش سەر بەو شارە بوون، هاوکات لەو ڕێگەیەوە داوادەکرێت بخرێنەسەر دەوڵەتی کوردستان کە پێتەختەکەی سلێمانییە و سەرۆکەکەشی شێخ مەحمودە. (69) بە هەمان شێوەی سەرەوە، لە 4ی کانوونی دووەمی 1919، نوێنەری مەدەنی ڕەزامەندی لەسەر دەدا. (70)
لە شوباتی 1919دا، بەهەوڵی ئەرنۆڵد ویڵسن و ئەفسەرانی سیاسی لە سەروو هەموویانەوە مەیجەر نۆئێل، سنووری حکومەتی کوردستان فراوانترین قەڵەمڕەوی گرتبووەوە، لەو کاتەدا، لای خوارەوەی سنوور گەیشتبووە کفری و کەرکووک، لە سەرووشەوە لەڕواندز تێپەڕیبوو. (71) ئەمە بەئاشکرا دیاربوو کە ئینگلیز ویستوویەتی بەڵێنێک کە بە کوردی دابوو، بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێ، جێبەجێبکا. بەڵام ناخۆشبەختانە، پەیوەندی ئاسایی ڕۆڵی بەریتانیا، بۆ ئامادەکردنی کاربەدەستان و فەرمانبەران، لەو ڕێگەیەشەوە بۆ بنیادنان و گەشەکرنی لایەنەکانی دەوڵەتسازی، دەلاقە و بۆشایی تێکەوت.
هەوڵەکانی نۆئێل ڕەنگدانەوەی شێوەیەکی بەرجەستەی قانوونی و نەخشەی سیاسی بەریتانیا بوو بەرانبەر بەچارەنووسی کوردستان، ئەو ویستوویەتی خەڵکی کورد لە قەناعەتەوە دڵی بەحکومەتی کوردستان و حوکمدارێتی شێخ مەحمود ڕازیبێ. ئەگەرچی خەڵکە سادە و ساکارەکەی کورد بەسرووشتی و بەخۆڕسک لەگەڵ فەرمانڕەوایەتی کورددا بوون، بەڵام شێخ مەحمود و ئەوانی دیکەش لە سەردارانی کورد لەو ئاستەدا نەبوون هەستی ساکار و بۆچوونی سرووشتی خەڵک، پێبگەینن و بە ئاڕاستەی گەشەکردن و پێشکەوتنی کوردستان بەڕێوەیان بەرن.

سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوان شێخ مەحمود و بەریتانیادا
دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان نوێنەری مەدەنی بەریتانیا و شێخ مەحمود، هەروەها کارکردنی بەردەوام بۆ ئامادەکاری خێڵ و خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی خوارووی کوردستان، تا بچنە ژێر دەسەڵاتی کوردستان و حوکمدارێتی شێخ مەحمود، کەمتر لە مانگێکی خایاند، لە سلێمانی و لە بەغداش گومان لەنێوان هەردوو لادا، واتا شێخ و کاربەدەستانی بەریتانیا پەیدابوو. لە هەمووی چاوەڕوان نەکراوتر ئەوەبوو، مەیجەر نۆئێل کە بە (لۆرانسی کورد) (72) بەناوبانگ بوو، لە کردەوەکانی شێخ مەحمود ناڕازی بوو، زوو بۆی دەرکەوتبوو کە شێخ مەحمود وەک بەرپرسیار هەڵسوکەوت ناکا. شێخ واقیعی دانانی خۆی وەک حوکمدار، کە لە لایەن بەریتانیاوە ئەو پلەیەی درابوویە و خۆشی داوای کردبوو، لەبیری-دا نەهێشتبووەوە، ئەوەی لە خەیاڵ-دا نەبوو کە بە شۆڕش و قوربانیدان و سیاسەت، هەروەها بە هەڵبژاردنی خەڵک نەبووبوو بە حوکمدار. بە هەرحاڵ، پەیڕەکردن لەڕێکخراوەیی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و سیستەمی حکومەتیی دامەزراوەیی، ئاسان نەبوون شێخ مەحمود کاریان پێبکات، بۆیە گشت هەلومەرجەکانی بەلاوەنا، وا دەجوڵایەوە کە نەفس و ئارەزوو دەیەوێ، نەک واقیعێکی سیاسیی تازە و درووستکردنی دەوڵەت بۆ نەتەوەیەکی ستەمدیدەو دابەشکراو.
دوای دیاری کردنی بەردی بناغەی حکومەتی کوردستان لە سلێمانی بەتێکەڵاوی و مامەڵەکردن لەگەڵ شێخ مەحمود و لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی ڕۆژانە و هەڵسەنگاندنی کەسایەتی حوکمدار، مەیجەر نۆئێل دەربڕینی تێگەیشتنی خۆی سەبارەت بە شێخ مەحمود و بۆمان باس دەکات و دەنووسێت: (لێرەدا پێویستە هەڵوێستی خۆمان بەرانبەر بە شێخ مەحمود دیاریبکەین.... ئێمە کە بەڕەسمی ددانمان بە شێخ مەحموددا ناوە، هەتا ئەو شوێنەیە کە خێڵەکان و خەڵک پاڵپشتی لێدەکەن. ئەو بۆ ئەم مەبەست و واقیعە، هەڵگری نامەیەکی ئیمزاکراوی نوێنەری مەدەنییە. هیچ نیازێک نییە کە دەسەڵاتی شێخ، بەزۆر بەسەر ناحەزانیدا بسەپێنین.... شێخ مەحمود زۆر بە مەترسییەوە مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکان و کێشەکانی نووسینگەکەی-دا دەکات و لە ئێستاوە سڵیان لێدەکاتەوە.) (73)
نۆئێل زیاتر ورد دەبێتەوە و قووڵتر بەلایەنە دەروونی و دەسەڵاتخوازیی و خۆپەسەندییەکانی حوکمداردا چووەتە خوارەوە، چۆنێتی هەڵسوکەوتی ڕاوێژکار و دەوروبەرەکەی تەماشا کردووە، دەروونی پارەپەرستی و فیز و خۆنواندنیان لێکداوەتەوە، لە ڕووی کارامەیی و لێوەشاوییانەوە بۆ حوکمدارێتی و کارگێرێتی تێیان ڕاماوە، ئەوجا بۆی دەرکەوتووە کە (شێخ مەحمود بەتەبیعەت پیاوێکی دەسەڵاتخوازو فراوانخواز و زۆر میزاجییە، هەمیشە کاریگەریی ئەو کەسەی لەسەربووە کە دواجار قسەی لەگەڵدا کردووە. جێگای داخە، کە بە کۆمەڵێک خەڵکی فزوڵی دەورەدرا بوو، سەریان پڕکردبوو لە ملهوڕی و باوەڕی هیچ و پووچ. ئەمە وای لێ کردبوو کە وابزانێت حوکمداری هەموو کوردستانە، بەو بودجەیەی هەیبوو، خەڵکی هەرچی و پەرچی بە مانگانەی چەند ڕوپییەیەک ڕاگرتبوو، بەشێکی دیکەی خەزێنەکەشی، لە کۆمەڵێک یاوەر و فەرمانبەرانی دیکەی نزیک بە خۆی بەکار دەهێنا... (74) هەڵبەت هیچ گومانێک نییە، کە هەرچی بودجە، فەرمانگە، ڕێکخستنێک و هێزێکی چەکداری لە سلێمانی دامەزرابوون، لە لایەن بەریتانیا و بە سەرپەرشتی مەیجەر نۆئێل بەرهەم هاتبوون، لە بارێکی وادا نەدەکرا حوکمدار، پەیڕەوی دەستووراتی نۆئێل و بەریتانیا نەکا، کاروبارێکی نۆئێل لە سلێمانی و لە کوردستان دەیکرد، هەمووی بۆ بەرژەوەندی و پێگەیاندنی شێخ مەحمود و سەرفرازی کورد بوو، بەڵام ئەو نەیتوانی، ڕووداوەکان، پێشهاتەکان و هەوڵەکانی نۆئێل، نەتارێنێ و نەتۆرێنێ.
زۆر زوو لە ئاکامی نامەگۆڕینەوە و سەرنجی ئەفسەرانی بەرپرسیاری بەریتانیایی لە کاروباری خوارووی کوردستان، دەردەکەوت کە شێخ مەحمود لەگەڵ کاربەدەستانی بەریتانیادا لە ناکۆکیدا بووە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە سەرجەم پلە و کارێکی فەرمانبەرانی حوکمدارێتی کوردستان هەبوون، بێ ئەوەی گوێبداتە کەسایەتی و لێهاتووییان، شێخ مەحمود بە خزمەکانی خۆی پڕیکردبوونەوە، هەرچی کەسێکیش کە شێخ پێیوابوو دۆستی نییە، کارێکیان پێڕەوا نەدەبینی. بە مانایەکی دیکە، شێخ مەحمود دەوڵەتەکەی بەهی خۆی دەزانی، ئەوەش لەگەڵ تێگەیشتن و سیاسەتی کارگێڕی بەریتانیادا یەک نەدەهاتەوە، بۆیە شێخ مەحمود نەبووە حوکمداری نەتەوە و فەرمانڕەوایەتی کوردیشی لەدەستدا. هاوکات، بێ چاوەڕوانی و بێ سازکردنی هەلومەرج و تەدارەکی هەمە لایەنەی کارگێڕیی و لە سەرپێ ڕاوەستان، یەکسەر دەیویست لە هەموو خاکی نێوان خانەقین و سلێمانی و لەجەبەل حەمرینەوە تا سنوورەکانی ئێران، دەسەڵاتی تایبەت و هێزی خۆی فراوانبکا و بسەپێنێ، بەلای بەریتانیاشەوە ئەو شێوە کارکردن و حوکمداریەتی و خۆ زاڵکردنە، تەنیا بۆ ئەوە بوو کە زووتر، خۆی بکاتە کەڵەگاو ستەمکاری خەڵکی هەموو ناوچەکان. (75) بۆیە وەک دەرفەتێکی گونجاو نەبوو، هێز و پێزیشی نەبوو بۆی بچێتەسەر، لە ئاکام دا هێندەی پێنەچوو کەوتە زۆرانبازییەکی بێ سەروبەر لەگەڵ بریتانیادا.
سەرەتای تێکچوونی پەیوەندی شێخ مەحمود لە ناوخۆی سنووری دەسەڵاتەکەیدا لەگەڵ سەرۆک خێڵەکان-دا دەرکەوت، ڕژێمی ئیداری خێڵەکی کە شێخی حوکمدار پێشنیازی کردبوو، لە هەوەڵەوە خۆی سوور بوو لەسەر پەیڕەوکردنی لەسەر بنەمای ڕێز و تەبایی کۆمەڵایەتیی نێوان خێڵەکان، کەچی هەر خۆی نەیتوانی بەڕێوەیبەرێ، حورمەتی جگە لە بنەماڵەی شێخان و خەڵکی هەلپەرست و خۆبەرەپێشەوە، هیدیکە لە کردەوەی ڕۆژانەی حوکمدار دا ئاساری نەبوو. ترازانی پەیوەندی نێوان شێخ مەحمود و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەریان هەڵدا، لەو ڕوانگەیەوە، هەر لە شوباتی 1919ەوە واتا لە دوای سێ مانگ تێپەڕبوون بەسەر دامەزرانی حکومەتی کوردستان-دا، لە ئەنجامی ئەو زانیارییانەی لە لایەن ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیا بە بەغدا دەگەیشتن، ئەو باوەڕە لای نوێنەری مەدەنی بەریتانیا درووستبوو، کە دەسەڵاتی شێخ مەحمود، سنووری مەعقولی تێپەڕاندووە، بۆیە لە مارتی هەمان ساڵ دا، لە کاردانەوەی هەڵەی شێخ مەحمود دا، ئەرنۆڵد ویڵسن پەیوەندی دوو ناوچەی زۆر ستراتیژی و مێژوویی کە کەرکووک و کفری بوون لە حکومەتی کوردستان و لە سلێمانیی جیاکردەوە. (76) دواتر خێڵەکانی جاف، پشدەر، مەنگوڕ، مامەش و هیی دیکە، چیتر پشتیوانییان لە شێخ مەحمود نەکرد و داوایان دەکرد کەڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری ئەفسەرانی سیاسیی بەریتانیا دا بەڕێوەببرێن نەک شێخ.
ئەگەرچی بەریتانیا بەڕەسمی ئیدارەی کۆیە و ڕواندزی خستبووە سەر سنووری حکومەتی کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی شێخ مەحموددا بوون، بەڵام ئەو وا خۆی دەردەخست کە بە زۆر خۆی بەسەر کۆیە و ڕواندزدا زاڵکردووە، لە ئاکام-دا نەیتوانی چی دیکە فەرمانڕەوایەتی حکومەتی کوردستان لەو ناوچانەش بەرقەراربکا. دواتر، بەو حیسابەی بەهایەک بۆ حکومەتی بەریتانیا نەهێڵێتەوە، کە تا ئەو کاتە، مانگانە 10 هەزار ڕوپێیان وەک مووچەی مانگانە دەدایە و هەموو کاروباری حکومەتەکەشی هەر بەپارەی بەریتانیا بەڕێوەدەچوون، ئا لەو کاتەدا شێخ مەحمود لە هەموو بوارەکانی حکومەت دا، کەوتە چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوی خۆی، بەو شێوەیە حکومەتێکی خراپ، جێگای بەحکومەتێکی چاک چۆڵ کرد، ئەوەش بووە مایەی نەمانی دڵسۆزی و پشتیوانی لەناو خەڵکی گشتی-دا، زۆر کەسانی ناودار و دڵسۆزیش، ویستیان قەناعەت بە شێخ مەحمود بکەن کاری نەکردە نەکاو لەگەڵ بەریتانیادا تێکینەدا، بەڵام ئەو سووربوو لەسەر نەخشەو ئارەزووی خۆی. (77)
دیسان دەبێت ئەوە بە بیربهێنرێتەوە، کە ڕێککەوتنی بەریتانیا و شێخ مەحمود بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی، پشتیوانی لێکردن و هاوکاریکردنی، تا ئەو شوێنە بووە کە خەڵکی کورد لەگەڵ شێخ-دا بن و پشتیوانی لێبکەن. (78) بە مانایەکی دیکە، شەرعییەتی شێخ مەحمود و حکومەتی کوردستان، لە پشتیوانی خێڵە کوردییەکان و ناوچە جیاوازەکانەوە سەرچاوەی هەڵدەگرت. لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر شێخ مەحمود بیتوانیایە وەک پێشەوا و گەورەی نەتەوەیەکی چەوساوە مامەڵە لەگەڵ هاونەتەوە و هاونیشتمانەکانی-دا بکات، ئەوا پشتیوانی بەریتانیای هەبوو، پێچەوانەی ئەوەش، ڕێککەوتنەکەی بەتاڵ و بێبایەخ دەکردەوە.

ترازان و کۆتایی پەیوەندی نێوان شێخ مەحمود و مەیجەر نۆئێل
شێخ مەحمود، بێ ئامۆژگاری و بێ پرسپێکردنی بەریتانیا، دەستی بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی کرد. ڕاپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی بریتانیا، ئەوە دەسەلمێنێ کە لەگەڵ ئەو کارانەی شێخ مەحمودیشدا، ئینگلیزەکان نەیانویستووە لەگەڵیدا نێوان تێکبدەن. بەڵام شێخ مەحمود سواری ئەسپی دەسەڵات و نیازی پەتی بووبوو، لێکدانەوەی بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی خەڵک نەدەکرد، دەورەدرابوو بە کۆمەڵێک تورکخواز، سەریان پڕکردبوو لە دەمار توندی و بیرۆکەی سادە کە گوایە دەتوانێت ببێتە فەرمانڕەوای هەموو کوردستان، لە ئەنجام-دا وایان لێکرد، زۆر لە سنووری خۆی تێپەڕاند. (79)
سەبارەت ئەو باس و خواسانەی سەرەوە، ڕەفیق حیلمی سەرنجی حوکمدار و دەوروبەرەکەی دەدا و وێنەی ئەو ڕۆژگارانە دەکێشێ، کە پێیوا بوو کاربەدەستانی حوکمدارێتی کوردستان، لەئاستی قۆناغەکە و شکۆی بەڕێوەبردنی دەوڵەت-دا نەبوون، بۆیە بەم جۆرەی لای خوارەوە لەسەریان دەنووسێت: (لە خۆشی و ناز و نیعمەتدا بەرگەیان نەگرت، دەستە و دائیرەی نەفام، بەمە بەرەو یاخیبوون دەڕۆیشتن و لە وزە چوونە دەرەوە. (حوکمداری کوردستان)یش بە پێی هەوا بەڕێوەدەچوو. بە ڕۆژ لەگەڵ تاقمێک نۆکەر و دەستە و دایەرە، ڕووی دەکردە دەشتی (کانێسکان) و بە سەیر و گاڵتە و گەپەوە ڕای ئەبوارد. بە هیوای ئەوە بوو، کە (کات) تا سەر بەم چەشنە بچێت بەڕێوە. خوا بە قودرەتی خۆی کوردستانی گەورەی بۆ درووستبکا و ئەویش (تاجی) ی حوکمداری بنێتەسەر (سەر)!) (80)
لەگەڵ هەموو پەیوەندییەکی ناجۆری شێخ مەحمود بەرانبەر بە بەریتانیا، لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا چەند خەڵکێک هەبوون بەپەرۆش و ئاگادارییەوە، بەمەسەلەی کوردەوە خەریک بوون. لە 20ی شوباتی 1919دا، لەو بارەوە بە شێوەی ڕێنمایی و نەخشەڕێگە، ئەرنۆڵد تۆینبی یادداشتێک دەنووسێ. خاڵە سەرەکییەکانی بەو شێوەی خوارەوە بوون:

1. (بۆ مەبەستی زیاتر دەسکەوتی دارایی و کارگێڕی، دەشێ باشووری کوردستان، لەگەڵ میسۆپۆتامیا لەپەیوەندی-دا بن.
2.هەستی نەتەوەیی خەڵک هێند گەشەی کردووە، ناتوانرێ باشووری کوردستان ببەسترێنەوە بە دەوڵەتێکی عەرەبی-یەوە.
3.دەکرێت حکومەتی باشووری کوردستان، بە شێوەیەک ڕێکبخرێ، کە لەسەر بنچینەی نەتەوەیی، لەگەڵ میسۆپۆتامیا ڕێکبخرێن.
4.پێویستە وڵاتەکە کارابێ و بە هۆی خەڵکی ناوچەکەوە بەڕێوەببرێ، نەک خەڵکی لابەلای بۆ بهێنرێ و دەسەڵاتیان بەسەردا بسەپێنن.) (81)
ئەو یادداشتەی سەرەوە، ددانپێدانی تایبەتمەندێتی نەتەوایەتی، زمانی و کەسایەتی مەعنەوی خەڵکی کورد بوو، تەواو دامەزرانی دەوڵەتی کورستان بوو لەگەڵ مێسۆپۆتامیا.

تێگەیشتن و هەوڵی تۆینبی بەشێک بوو لە نەخشە و سیاسەتی بەریتانیا و ئەفسەرانی سیاسی لە ناوچەکەدا. دیارە سیاسەت و نەخشەش چەندە باشبن، لە نەبوونی کارێگەری هۆکاری سەرکردایەتی کورد-دا، دەپوکێنەوە، ڕووداوەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دەهێنن و بەرەو ئاڕاستەیەکی جیاواز ڕێدەکەن.
یەکێک لەو کێشانەی کورد، خۆی بۆ خۆی درووستکردبوو، وەک لەسەرەوە باس کرا، ئەوە بوو شێخ مەحمود نەیتوانی هیچ دەرفەتێکی کۆمەڵایەتی، سیاسیی، ڕووناکبیری، ئابووری و سەربازی بۆ خۆی و حکومەتەکەی خۆش بکا. لە ماوەیەکی کەم-دا، بە شێوەیەک لە هەڵپەدابوو، بواری بیرکردنەوەی ئاسایی و نەفەسی کورتی فەرمانڕەوایەتی هێند سوار و سنوورداربوو، کارەکانی بە درووستی بەڕێوەنەدەبردن. کاتێک کە ئینگلیزەکان لە سرووشت و کاری ڕۆژانە و دەروونی شێخ مەحمود شارەزا بوون، بۆیان دەرکەوت کە بەتەنگ دواڕۆژەوە نییە و هەر بۆ ئەو ڕۆژە دەژی کە تێیدابوو...لە کارگێڕی و بەڕێوەبردن-دا کەموکورتییەکانی دەرکەوت، دەنگی ناڕەزایی لە هەموولایەکەوە بەرزبووەوە. (82)
لە 21ی شوباتی 1919دا، هەمووی سێ مانگ و پێنج ڕۆژ بەسەر دامەزراندنی حکومەتی کوردستان-دا تێپەڕیبوو، مەیجەر نۆئێل دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکەی کە چووبوو بۆ ناوچەکانی قەڵادزێ و شوێنانی دیکە، کاتێک گەیشتۆتەوە سلێمانی، بینی بووی ئەوەی لەوەپێش بۆ بناغەدانانی دەوڵەتی کوردستان، خۆی پێکی هێنابوو و دڵی پێخۆشبوو، هەر سیاسەتێکی ئەو نەخشەی کێشابوو، هەر سیستەمێک کە ئەو دایمەزراندبوو، شێخ مەحمود سەرلەبەر ژێر و زەبەری کردبوون. دوای ئەوە، زۆر چاک تێگەیشت، کە ئەوەی لە پێناویدا کاری بۆ کردووە و خۆی بۆ تەرخان کردبوو، ئەوەی بەکوڵ و دڵ لە هەوڵدا بوو لە کوردستان ئەنجامی بدا، ناتوانێت تا سەر بەردەوام بێ. (83)
لە مانگی مارتی 1919، بە تێڕوانین و سەرنج لەبارودۆخەکە، لێکدانەوەی مەیجەر نۆئێل ئەو بیرۆکەی کە (کورد تایبەتمەندێتی و کەسایەتی نیشتمانی و جۆرە بیرکردنەوەیەکی خۆیان هەیە کە بە هێزەوە دەتوانن بەزوویی پێشبکەون و هەستی هاوکاری و یەکڕیزییان لە ناودا پەیدابێ، ئەوان دژی داگیرکەرن، چاک وایە گرنگی بەو هەست و بیرە بدرێ و بەڕێبازی خۆیدا بڕوا، یا ئەوەتا وێڵ بکرێن و بەجێبهێڵرێن، یا کوردستان بکرێتە بەشێک لە دەوڵەتی ئێراق و لە لایەن ئەوانەوە ئیدارە بدرێ. لە وەڵامی ئەو سێ ئەگەرانەی سەرەوەدا، نۆئێل دەنووسێت و دەڵێت: (لە ڕوانگەی ئەوەی کە من لە کوردستان دەیبینم، بێ دوودڵی من لەگەڵ ئەوەی یەکەمیاندام (واتا هەوڵبدرێ زیاتر هەستی نیشتمانی و یەکڕیزی لەناو کورددا گەشەبکا و پێشبکەوێت تا بتوانن ئەو حکومەتەی هەیانە زیاتر سەرفراز و سەرکەوتووبێ و دوژمن بەسەریان-دا زاڵنەکرێ.)، هەروەها دڵنیام کە هەموو ئەفسەرە ئینگلیزەکان کە تاقیکردنەوەی کارگێڕییان لە کوردستان هەیە، لەگەڵ ئەم باری سەرنجەی من ڕێک دەکەون. لەم بارەیەوە، دەبێت سەرنج لەوە بدەین...کە ئەوە باوەڕێکی ڕاستە کە دەوترێت کورد حوکمدارێتی ئەفسەرە سیاسییەکانی (بەریتانیایی)یان بەلایەوە باشترە وەک لە حوکمدارێتی شێخ مەحمود، لە هەمان کاتدا بەقەدەر ئەوەش ڕاستە کە کورد پێی خۆشترە لەژێر دەسەڵاتی ئەفسەرێکی سیاسیی دۆستداری کورددا بێ وەک لەوەی کە لەژێر دەسەڵات و بیروڕای عەرەبیدا بێ.) (84)
نۆئێل زیاتر سەرنجی خۆی ڕووندەکاتەوە و سەبارەت بە چارەنووسی کوردستان دەنووسێت: (ئەوەی سەرنجی من بۆ بابەتێکی سەرەکی ڕادەکێشێت ئەوەیە، کە پێویستە کوردستان هەوڵ بدا بۆ کارامەیی لەکارگێڕی، خوێندن، پێشکەوتنی ماددی و گەشەکردن، لە ناوەندێک یا چەند ناوەندێک کاربکات، بۆیە سنووری ئێستای حوکمدارێتی، دەبێت گۆڕانکاری بەسەردابێ تا هەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێت.ەوە کە زۆڕینەی دانیشتووانیان کوردن. تا ئێستا من مۆڵەتم نەبووە کە لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر ئەم مەسەلەیە بکەم، ئەوە نەبێت کە پەیوەندی بە باشوور و ناوەندی کوردستانەوە هەیە، ئەوەندەی پەیوەندی بەو ناوچانەی لە ئێستادا هەن ئەوەیە کە دەبێت سلێمانی ببێتە پایتەختی ویلایەتێک کە نەهری، ڕواندز، هەروەها دەکرێت ئاکرێ، هەولێر، کەرکووک، کفری و خانەقینیشی بچێتەسەر.) (85)
کاکڵەی تێگەیشتنی نۆئێل، سەبارەت دامەزرانی حکومەتی کوردستان دێتە سەر ئەوەی کە بڵێ: (دانانی شێخ مەحمود وەک نوێنەری بەریتانیا لە باشووری کوردستان، هەڵە بوو.) لەگەڵ نۆئڵ-دا، گەلێک لە کاربەدەستان و ئەفسەرانی سیاسی باوەڕیان وا بوو کە پێویست بوو باشووری کوردستان سەربەخۆ بێ و لەگەڵ دوو ویلایەتی بەسرە و بەغدا لێکنەدرێن. لە چارەکی یەکەمی ساڵی 1919، میس بێل-یش باوەڕی وابووە کە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بەریتانیا بۆ ئەوەی ویلایەتی موسڵ کە تێکەڵاوە لەکورد و عەرەب بلکێنرێ بە دەوڵەتێکی عەرەبی و لە لایەن میرێکی عەرەبەوە فەرمانڕەوایەتی بکرێت، چارەسەرێکی باوەڕپێکراو و چاک نییە. (86) هەڵوێستی لیتوان کۆلۆنێل لیچمەن، ئەفسەری سیاسی لە موسڵ، زۆر لەگەڵ درووستکردنی دەوڵەتی کوردستان و فراوان کردنیدا بوو. (87) تەنانەت ئەو ئەفسەرانەی بەریتانیا کە لە دەرەوەی کوردستانیش بوون، هەر بۆ نموونە کاپتن ئاڕ. مارس، کە ئەفسەری سیاسی بوو لە شاری عەممارە، باوەڕیان وابوو کە دەبێت کوردستان جیا لە عەرەب سەربەخۆیەتی خۆی هەبێت، چونکە (بەلای عەرەبەوە، کورد نامۆن.) (88)
بەهەر حاڵ، لەگەڵ ئەو هەموو پەرۆشی و کارکردنی بەردەوامەی نۆئێل بۆ ئەوەی کوردستان گەشەبکا و پێشبکەوێ، لەگەڵ ئەو هەموو دەنگە بەرز و بەپەرۆشی ئەفسەرانی سیاسی و کاربەدەستانی بەریتانیا لەسەر زەمینی کارکردن و تاقیکردنەوە، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی تاریک و هەستنەکردنی سەردارانی کورد لە پێش هەموویانەوە شێخ مەحمود بە گرنگی قۆناغەکە، هەموو ئەوانە بوونەتە بێ ئومێدی و دڵشکان و وەڕزبوونی مەیجەر نۆئێل لە شێخ مەحمود، لەگەڵ ئەوەشدا نەیدەیست دەوڵەتێک کە خۆی بۆ دامەزرانی تەرخان کردبوو، مایەی هەموو خۆزگە و هەوڵ و نەخشەی بوو، کارێک لەگەڵ شێخ مەحموددا بکات کە ببێتە مایەی تێکچوونی دەوڵەتی کوردستان و پەیوەندی کورد و بەریتانیا. نۆئێل تێدەگا کە لەوە زیاتر ناتوانێت لەگەڵ شێخ مەحموددا درێژەی پێبدا و هەڵبکات، بۆیە بەنیگەرانی و ناچارییەوە سلێمانی بەرەو بەغدا بەجێدێڵێ.
نیگەرانی و ڕۆیشتنی نۆئێل بۆ بەغدا، خاڵێکی وەرچەرخان و زەنگێکی ترسناک بوو بۆ دواڕۆژی ئازادی کورد و حکومەتی تازە درووستکراوی کوردستان. لێرەدا بەریتانیا دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە مامەڵەکردن لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان، بە سەخت و دژوار بناسێنێ، هاوکات زۆر چاک زانیویانە کە لەناو خەڵکی سلێمانی-دا گیانی نەتەوەپەروەری بەهێزە، ویستووشیانە کە تێیان بگەیەنن کە دەوڵەتی بەریتانیا بەو مەرجە بەرپرسیارییەتی بەڕێوەبردنی کوردستانی هەڵگرتووە کە خەڵک و سەردارانی کورد بە چاکی بجوڵێنەوە و لە باری فەرمانڕەوایەتی و کارگێڕییەوە ئامۆژگاری بەریتانیا قەبوڵ بکەن. (89) هەڵبەت ئارەزووی خەڵکەکە لە لایەن سەردارانی کوردەوە لەبەرچاو نەگیرا، خۆشیان هێندە لە خۆبایی بوون، وایان دەزانی پێویستیان بە فێرکردن و ئامۆژگاری بەریتانیا نییە. لەو دۆخە دژوارەدا، سێر ئەرنۆڵد ویڵسن، نوێنەری مەدەنی بەریتانیا لە بەغدا، دەگاتە ئەو قەناعەت و هەڵوێستەی کە بڵێ: (شێخ مەحمود گەورەترین کێشەی ئێمە بوو.) (90)
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئینگلیز لە میسۆپۆتامیا لە دۆخەکەیان دەڕوانی، دەیانزانی ئاسان نییە لەگەڵ شێخ مەحموددا مامەڵەی هاوسەنگ بکەن، ئەوەش ئاشکرا بوو کە نۆئێل نەیدەویست بەتوندی لەگەڵ حوکمدار تێهەڵچێ، بۆیە بە نابەدڵی و نیگەرانییەوە نۆئێل بەرهەمی تێکۆشانی عەقڵی سیاسی و توانای سەربازی و شارەزایی کۆمەڵایەتی خۆی بەرانبەر بە کورد و حکومەتەکەی، جگە لە وازهێنان چیدیکەی لە دەستنەهات.
لەو ڕوانگەی سەرەوە، بەرپرسیارانی بەریتانیا لە بەغدا، بیریان لەوە کردەوە کە جێگرەوەیەک بۆ نۆئێل بدۆزنەوە. دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ بۆ دۆزینەوەی ئەفسەرێکی سیاسی بۆ ناردنی بۆ سلێمانی، لە کۆبوونەوەیەکەدا کە مەیجەر نۆئێل، لیتوان کۆلۆنێل لیچمەن، مەیجەر سۆن، گۆردن ۆکەر (Gordon Walker)، لەگەڵ چەندان کەسی دیکە، کە هەر هەموویان شارەزای کاروباری کورد و دۆخی ناوچەکە بوون، لەوێدا بە ڕەزامەندی و پشتیوانییەکی تەواوی نۆئێل، بڕیاردرا مەیجەر سۆن کە شارەزاییەکی زۆر چاکی لە گشت بوار و زۆربەی ناوچەکانی کوردستان-دا هەبوو، لە سلێمانی جێگای مەیجەر نۆئێڵ بگرێت.ەوە. (91) ئەوە وازهێنانی مەیجەر نۆئێل نەبوو لەبەرپرسیارییەت، ئەوە دوا خاڵی خۆڕاگری و بێ ئاواتی ئەو بوو بەرانبەر بە شێخ مەحمود، کە ئامادە نەبوو حوکمدارێتی نەتەوە و خەڵک بە ئەستۆ بگرێت.

ئەنجام
لەناو ئەفسەرانی سیاسی ئینگلیزدا کە لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لە کوردستان، کاردار و بەرپرسیار بوون، مەیجەر ئیدوۆرد نۆئێل، یەکێک بووە لەوانەی کە زۆر بە جۆش، بە تێگەیشتن، بەدڵسۆزی و لێزانینەوە لە پێناوی سەرفرازی کورد و کوردستان-دا کاری ئەنجام داوە، ئەو زەمینەساز و بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی دامەزرانی حکومەتی کوردستانی لە ئەستۆ بوو، بەتەواوی کارامەیی و هەستکردن بە جیبەجێکردنی ئەمانەتێک کارەکانی ڕاپەڕاندووە. بە پشتبەستن بە شارەزایی سیاسی، سەربازی و کارگیڕی خۆی و بێ لەدەستدانی کات، حکومەتی کوردستانی دامەزران و شێخ مەحمودی کرد بە حوکمدار و فەرمانڕەوا. نۆئێل بەردەوام ڕێزی تایبەتیی لە شێخ مەحمود دەگرت و وەک سەروەر و بەرپرسیاری یەکەمی حکومەتی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەکرد، خۆشی بەڕاوێژکار و هاوکاری ئەو دەردەبڕی، ئەو کاتەی کە بەش و دەزگەکانی فەرمانڕەوایەتی لە سلێمانی بنیاد دەنا، هەموویانی بەستبووەوە بە گەورەیی و کەسایەتی یەکەمی حکومەتی کوردستانەوە کە شێخ مەحمود بوو.
لە پێناوی گەشەکردن و فراوانکردنی حکومەتی کوردستاندا، چی پێکرا لە سلێمانی و لە دەڤەرەکانی کەرکووک، کفری، کەلار، هەڵەبجە، کۆیە و ڕواندز و شوێنانی دیکە کردی، خێڵ و گەورە پیاوانی ئەو ناوچانەی هێنایە ڕازیکردن بە حوکمدارێتی شێخ مەحمود، کار گەیشتە ئەوەی لە هەموو لایەکەوە پێشکەوتن لە برەودا بوو، گشت خەڵکی بە بەرچاوڕوونییەوە بۆ دواڕۆژ دەیانڕوانی، بە دوای ماندووبوونێکی زۆری مەیجەر نۆئێل لە ناوچەکانی گەرمیان و کوێستان، کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، بینیوێتی ئەوەی ئەو بۆ دەمەزرانی حکومەتی کوردستان کردوویەتی، ئەو دەزگە و ڕێکخستنانەی دامەزرابوون، شێخ مەحمود سەر لەبەری هەڵوەشاندونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووی گرژی پیشانی حوکمدار نادا، ویستویەتی بیهێنێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست، بەڵام بێ هودە بوو، لە ئاکامدا چی دیکە نەیتوانیوە لەگەڵ کەسایەتی دەهریی حوکمداردا هەڵبکات، زانیوێتی شێخ مەحمود، حکومەت و کورد بەرەو هەڵدێر دەبا، بۆیە بەحەسرەتەوە لە سلێمانی دوورکەوتۆتەوە و نەیویستووە بەرهەمی گۆشکراوی خۆی، لە بەردەمیدا زیندە بە چاڵ بکرێ. لەو قۆناغەدا ناسکەدا، بەو شێوە تراژیدیایە، ڕۆڵی کاریگەریی مەیجەر نۆئێل وەک ڕاوێژکارێکی کارامە و دڵسۆز و نەرمی حوکمدار کۆتایی هاتوووە.

The Role of Major W. E. Noel in establishing and developing the Kurdish Government at the End of 1918 and Beginning of 1919
History is one of those controversial social sciences that does not necessarily have a consensus among scholars. When research is conducted into a particular subject new information can emerge which sheds light on events and this may bring more historians to come to an agreement.
Major Noel had a direct role in the creation and development of the Kurdish Government at the end of 1918 and beginning of 1919. My paper looks back to that time period in light of previously unexplored British documents, which are analysed for first time in English and Kurdish scholarly studies.

پەراوێزەکان:
1-
2-I. O. R. L/PS/11/165. Report of Administration for 1918 of Divisions and Districts of the Occupied Territories in Mesopotamia, Khaniqin Division 1918, p. 32.
3-F. O. 371/3397. Fortnight Report, No. 14, May 15th -June 1st, 1918, (section C, paragraph 1). Fortnight Report No. 17. July 1st -15th, 1918, (point 5).
دکتۆر فوئادی حەمە خورشید پێی وایە کە یەکەمین پەیوەندی شێخ مەحمود بە بریتانییەکانەوە لە پایزی 1918دا بووە. الدکتور فوأد حەمە خورشید (2001). القضیة الکردیة في المؤتمرات الدولیة، مؤسسة موکریانی للطباعة والنشر، اربیل، ص. 15. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو پەیوەندییە لە کۆتایی بەهاری 1918دا بووە، دیارە ئەوەش بە پێی بەڵگەنامەیەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ساغکراوەتەوە.
4-Wilson, Sir Arnold T., (1931). Mesopotamia: Clash of Loyalties: A Personal and Historical Record, 19171920, Oxford University Press, London, p.p.8687.
5-I. O. R. L/PS/10/781. Precis of Southern Kurdistan during the Great War, Office of Civil Commissioner, MES. EX. FORCE, Printed at Government Press, Baghdad. Baghdad, 1919, p. 5.
6-I. O. R. L/PS/10/781. Pricis of Southern Kurdistan during the Great War, Office of Civil Commissioner, MES. EX. FORCE, Printed at Government Press, Baghdad, 1919, p. 6.
7-Ibid.
8-C. O. 696/1. Reports of Administration for1918 of Divisions and Districts of the Occupied Territories in Mesopotamia, Khanaqin Division, p. 33. I. O. R. L/PS/10/781. Preicis of Southern Kurdistan during the Great War, Ibid, p. 6.
9-حیلمی، ڕەفیق (1956). بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، یادداشت، بەشی یەکەم، بەشی یەکەم، چاپخانەی مەعاریف، ل. 53.
I. O. R. L//PS/ 20/C226. Personalities: Mosul, Arbil, Kirkuk, Sulaimani and Frontiers, p. 57.
10-حیلمی، ڕەفیق (1956). هەمان سەرچاوە، ل ل.53 54.
خواجە، ئەحمەد، (1968). چیم دی، ، ل. 19. دکتۆر فوئادی حەمە خورشید ئەو کارەی شێخی بە ناوی تاکە دەسەڵاتی نەتەوەیی تۆمارکردووە. ئەو بۆچوونەی ناوبرلو جگە لە خوێندنەوەیەکی ساکار و بیرۆکەیەکی پەتی نەتەوەیی، هیچ بناغەیەکی زانستی نییە. ئەو کاتە شێخ جگە لە کاربەدەستێکی دەوڵەتی عوسمانی، چیدیکە نەبووە. بۆ ساغکردنەوەی ئەو حەقیقەتە، یادداشتەکانی ڕەفیق حیلمی و ئەحمەد خواجە چاکترین بەڵگەن. بڕوانە، الدکتور فوأد حمە خورشید (2001). نفس المصدر، حاشیە ڕقم 20، ص. 21.
11-. C. O. 696/1. Administration Report, Kirkuk District, period October 26th -December 31st, 1918.
12-I. O. R., L/PS/10/781. Telegram from P. D. in Mesopotamia to S. of S. of I. and repeated to F. O. and Tehran, Baghdad, 1st November, 1918, p. 520.
13-AIR. 20/512. From Political Baghdad to Secretary of State for India, Baghdad, 30th October, 1918. See also I. O. R. L/PS/10/781. P. D of the C. C. in Mesopotamia to F. O., and I. O., Baghdad, 30th October 1918.
14-I. O. R. L/PS/10/781. Telegram from Political to Secretary of the State of India repeated to Foreign and Tehran, Baghdad, 9th November, 1919. P 4964/1918. See also Townshend, Charles (2010). When God Made Hell: The British Invasion of Mesopotamia and the Creation of Iraq 19141921, Faber & Faber, London, p. 495.
15-I. O. R. L/PS/10/781. From Political to Secretary of State repeated to F. O. and Tehran, Baghdad, 16th November, 1918.
16-I. O. R. L/PS/10/871. From Political, Baghdad, to Secretary of State of India and repeated to Foreign and Tehran, Baghdad, 1st November, 1918.
17-حیلمی، ڕەفیق (1956). بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل ل. 32 33.
18-سەرچاوەی پێشوو، ل. 59.
19-AIR 20/512. From Political, Baghdad, to Secretary of State for India, London, Foreign and Tehran, No. 9351, 1st November, 1918. See also F. O. 371/3407. From Political Bagh-dad, to Secretary of State for India, London, Foreign and Tehran.
20-حیلمی، ڕەفیق (1956). هەمان سەرچاوە، ل. 51.
21-سەرچاوەی پێشوو، ل. 57
22-AIR 20/512. Political Baghdad to S. of S for India, London, repeated Foreign Simla and prodrome Teh-ran, No. 9267, 30th October, 1918. See also Wilson, Sir Arnold T. (1931). Op. cit, p 128.
23-I. O. R. L/PS/10/781. P. D. of the C. C. in Mesopotamia to F. O. and I. O., Baghdad, 30th October 1918, File 36/1919, Pts. 12, Kurdistan: policy and future 191820, p. 523.
24-I. O. R. L/MIL/5/278. Driver, Captain G. R. (1919). Kurdistan and Kurds, published by the Anthropologi-cal Institute, London, p. 79.
25-AIR. 20/512. From Political Sulaimaniyah to Political Baghdad, No. 27, 16th November, 1918.
26-Ibid.
27-Ibid.
28-Ibid.
29-AIR 20/512. From Political Sulaimaniyh to Poplitical Baghdad, No. 15. I. O. R. L/PS/10/781. From Civil Commissioner to Secretary of State repeated to Foreign Office and Tehran, Baghdad, 16th November 1918.
30-حیلمی، ڕەفیق (1956). بەرگی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل ل 57 61. ڕەفیق حیلمی ڕۆژی ڕاگەیاندنی حوکمدار بە 1ی تشرینی دووەمی 1918 دەزانێ، ل. 60. دیارە ئەوە هەڵەیە.
31-Driver, Captain G. R. (1919). Op. cit, p. 80.
32-F. O. 371/5069. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the Year 1919, printed at the Gov-ernment Press, Baghdad, 1920, p. 2.
33-Driver, Captain G. R. (1919). Op. cit, p. 80.
34-AIR. 20/512. From Political Sulaimaniya to Political Baghdad, No. 27, 16th November, 1918.
35-حیلمی، ڕەفیق (1956). یادداشت، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل ل. 6768
36-ڕەفیق حیلمی لەو بارەوە دەنووسێت ئینگلیزەکان لەژێر چاودێری و فەرمانی (مەیجەر دانێڵس) خەریکی ڕێکخستنی هێزێکی سوارە و پیادە بوون. لە بەر ئەمە پێویستان بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرە کوردەکان بوو....ئەوانیش کە بە هۆی هاندانی دەوروپشتی خۆخۆر و دەس و پەیوەندی شێخەوە لە دڵدا لە حوکمدار زویر بوون یا لێی دوورکەوتبوونەوە، ئەمەیان بەهەل زانی و بەشی زۆریان چوونە (تەشکیلات)ەکەوە. حیلمی، ڕەفیق (1956). یادداشت، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل. 86.
F. O. 608/95. Circular Memo. No. 43, Op. cit.
37-F. O. 371/5069. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the Year 1919, p. 8.
38-خواجە، ئەحمەد (1968). بەرگی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل. 26.
39-Ibid. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the Year 1919, p. 8.
40-Ibid.
41-Ibid, p. 8. See also Longrigg, Stephen Hemsley (1956). Op. cit, p. 104.
42-F. O. 371/5069. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the year 1919, Note on the Tribal System of Administration, p. 2
43-حیلمی، ڕەفیق (1956). یادداشت، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل. 69.
44-F. O. 371/5069. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the Year 1919, Printed at the Gov-ernment Press, Baghdad, 1920, p. 1.
45-Ibid.
46-Wilson, Sir Arnold T., (1931). Op. cit, pp. 129.
47-Driver, G. R. (1919). Op. cit, p. 79. See also I. O. R. L/PS/10/78. from Political Baghdad to Secretary of State repeated Delhi and Tehran, Baghdad, 27/11/1919.
48-F. O. 608/95, 365-1-2. Noel memorandum 8/12/1918. FO.608/95/365-1-3/11144, G.O.CO. Mesopotamia to War Office 25/5/19; 11239, Wilson to India Office, 25/5/19; 11863, G. O. C. Mesopotamia to War Office 5/7/19.
49-Edmonds, C. J. (1957). Op. cit, p. 57.
50-AIR 20/ 512. From Political Sulaimaniya to Political Baghdad, No. Telegram X. PRIORITY. No. of Groups 101, 23rd November, 1918.
51-Ibid, From Political Baghdad to Political Sulaimaniah, TelegramX.Ordnary, No. 10360, 26th November, 1918.
52-کۆلۆنێل لیچمەن (Colonel Gerard Evelyn Leachman): یەکێک لە ئەفسەرە بەتواناکانی بەریتانیا بووە کە لە میسۆپۆتامیا کاری کردووە. لە 27ی تەمموزی 1880 لە دایک بووە، لە پێش جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە هندستان خزمەتی عەسکەری کردووە، دواتر بە بەرگی عەرەبییەوە بە عەرەبستاندا گەڕاوە و عەرەبی فێربووە و شارەزاییەکی تەواوی لەناو عەرەبدا پەیدا کردووە، لە تشرینی دووەمی 1918 بووەتە ئەفسەری سیاسی لە موسڵ، یەکێک لەو کارانەی لەوێ کردویەتی، لە ڕێگەی دەرەوە چەکهەڵگرتنی قەدەغە کردبوو، تا تشرینی دووەمی 1919 لەوێ ماوەتەوە. لە 12ی ئابی 1920 دا لە قڕەقڕ لەسەر دزێتی لەگەڵ شێخ چاری، لە لایەن کوڕێکی شێخی ناوبراوەوە کوژراوە. بڕوانە:
Journal of the Royal Central Asian Society, Vol. 8, No. 1, 1921, pp. 7075.
Hay, William Rupert (1921). Tow Years in Kurdistan: Experiences of a Political Officer 19181920, Sedgwick & Jackson, London, p. 367.
53-Ibid, From Political Baghdad to Political Mosul, repeated Sulaimaniyah, Erbil and altun Kupri, No. 10359, 26th November, 1918.
54-Ibid, General Head Quarters, Mesopotamia Expeditionary Force, Dated 11th November, 1918. Exstruct from memofrom S.S.O., Kirkuk to G. H. Q. dated 28th November 1918.
55-I. O. R. L/P&S/10/781. From Political to Foreign Office, Baghdad, 4th December 1918. See also F. O. 371/3385. From Political, Baghdad, 4th December, 1918. (Repeated To Tehran and India). (Received 5th, 2 p. m.).
56-Ibid. See also Longrigg, Stephen Hemsley (1956). Op. cit, p. 103.
57-I. O. R. L/PS/10/781. From Political to Secretary of State repeated Delhi and Tehran, Baghadad, 27th November, 1919.
58-Edmonds, C.J., (1957). The Kurds of Iraq, The Middle East Journal, Volume. XI, p. 57.
59-کاپتن گرینهاوس (Captain Frank Stewart Greenhouse): فرانک ستێوارت گرینهاوس ئەفسەر، سیاسی و کارگێڕ، لە 24ی کانوونی یەکەمی 1885دا، لە دایک بووە، لە 18ی کانوونی دووەمی 1905دا، بووەتە ئەفسەر و لە 19ی مارتی 1906دا، پەیوەندی بە سوپای هندستانەوە India Army، کردووە، لە 1918دا بووەتە جێگری ئەفسەری سیاسی بەریتانیا لە سلێمانی، بۆ زانیاری زۆرتر بڕوانە:
Indian Army List, January 1923, Army Department, Government of India, Suerintendent Government Printing, Calcutta, India, 1923, p. 182
60-F. O. 608/95. Circular Memo.No. 43, dated December 8th 1918, from N. W. C. Noel, C. I. E. P. O. Sulaimaniyah to A. P. O. s Kifri, Kirkuk and Altun Kupri.
61-Ibid.
62-AIR. 20/512. From Political Baghdad to Political Mosul, No. 11452, dated, 22nd December. 1918.
63-Ibid, From Political Mosul to Political Baghdad, No. 984, dated and received 23rd December, 1918.
64-Ibid, Office of the Civil Commissioner, Baghdad, FOR INFORMATION, 23rd December, 1918.
65-I. W. M. Box. No. 92/48/1. A Prison in Kurdistan, written by Colonel A. M. Daniels,
p. 6.
66-AIR 20/512. From Noel, Rewanduz to Political, Baghdad, No. 40, 10th January, 1919.
67-Ibid, From Political, Baghdad, to Noel Sulaimaniyah, repeated Keui Sanjaq, Political Erbil, Political Sulaimaniyah and Rewanduz (for Noel). No. 636, 17th January, 1919. Repeated to C.G.S. G. M. Q. Civil Commissioner, 17th January, 1919. Copy for information.
68-Ibid.
69-AIR 20/512. From Noel, Rewanduz to Political, Baghdad, Telegram x,, 31st December, 1918.
70-Ibid.
71-F. O. 371/5069. Administration Report Sulaimaniyah Division for the Year 1919 (1920). Printed at the Government Press, Baghdad, p. 4.
72-Buch, Briton Cooper (1976). Mudros to Lausanne: Britain s Frontier in West Asia, 1918-1923, State University of New York Press, New York, p. 191. See also F. O. 371/4292. British High Commission, Constantinople to Tilley, 21ST July, 1919.
وێکچوونی (نۆئێل)ە بە لۆرانسی عەرەب Lawrence of Arabia (18881935) لە بەرانبەر کارکردن و دڵسۆزی و تێگەیشتنی دەربارەی مەسەلەی کورد بووە، هەر وەک چۆن لۆرانسی عەرەب خێرێکی زۆری بۆ عەرەب هەبوو. لۆرانس: زانا، نووسەر و سەرباز بوو، دوای ئەوەی ماوەی پێنج ساڵێک لە 1909 تا 1914، لەنێوان عەرەبەکانی سووریا و فەلەستیندا ژیا، هەستی دۆستایەتی بۆ عەرەبەکان کە لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، پەیداکرد و لە پێناوی دۆزی عەرەبدا، لە 1916دا، هاوبەشییەکی کاریگەرانەی لە بزووتنەوە و شۆڕشی عەرەبەکاندا کرد، کە لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لە دژی دەوڵەتی عوسمانی بەرپابوو، دوای ئەوەش، لۆرانس هەر بە هاوکار و دۆستی عەرەبەکان مایەوە. سەرچاوەکانی سەرەوە.
73-F. O. 608/95. Circular Memo. No. 43, dated December 8th 1918, Op. cit.
74-F. O. 608/95. Ibid.
75-F. O. 371/5069. Administration Report Sulaimaniyah Division for the Year 1919 (1920). Printed at the Government Press, Baghdad, p. 1.
76-Ibid, p. 4.
77-Ibid, p. 2.
78-I. O. R. L/PS/10/781. Precis of Affairs in Southern Kurdistan during the Great War, Printed at Govern-ment Press, Baghdad, 1919, p 13.
79-Driver, G. R. (1919). Op. cit, p. 81. F. O. 371/5069. Administration Report of Sulaimaniyah Division for the Year 1919 (1920). Op. cit, p. 1.
80-حیلمی، ڕەفیق (1956). بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل. 65.
81-F. O. 608/95. Influence of Shaikh Mahmud at Sulaimaniyah, Paper 2395 File 365/1/2, written by Arnold Toynbee, 20th February, 1919.
82-حیلمی، ڕەفیق (1956).، بەرگی یەکەم، هەمان سەرچاوە، ل. 84.
83-I. W. M. Box No: 92/48/1. Documents. 2105. Op. cit, p.10.
84-AIR 20/512. Enclosure No. 8, Note by Political Officer, Sulaimaniyah, in regarding to the political stat-ues of Kurdistan.
85-Ibid.
86-Lukitz, Liora (2006). Op. cit, p. 127.
87-AIR 20/512. From Political Baghdad to Political Mosul, repeated Sulaimaniyah, Erbil and altun Kupri, No. 10359, 26th November, 1918. Also AIR 20/512. Telegram, From Political Mosul to Political Baghdad, No. 984, 23ed December, 1918.
88-AIR 20/512. Enclosure No. 14, Note by R. Marrs, Captain, Political Officer, Amarah, March, 1919.
89-Wilson, Sir Arnold T. (1931). Op. cit, pp. 133-4.
90-Ibid, p. 134.
91-Ibid.
[1]

کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,555 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!
هاشتاگ
سەرچاوەکان
[1] ماڵپەڕ | کوردیی ناوەڕاست | hawlati.co
فایلی پەیوەندیدار: 2
بابەتە پەیوەستکراوەکان: 4
زمانی بابەت: کوردیی ناوەڕاست
ڕۆژی دەرچوون: 02-02-2022 (3 ساڵ)
پۆلێنی ناوەڕۆک: مێژوو
جۆری دۆکومێنت: زمانی یەکەم
جۆری وەشان: دیجیتاڵ
زمان - شێوەزار: کرمانجیی ناوەڕاست
شار و شارۆچکەکان: سلێمانی
وڵات - هەرێم: تورکیا
وڵات - هەرێم: باشووری کوردستان
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
کوالیتیی بابەت: 99%
99%
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕاپەر عوسمان عوزێری )ەوە لە: 02-06-2022 تۆمارکراوە
ئەم بابەتە لەلایەن: ( ڕۆژگار کەرکووکی )ەوە لە: 02-06-2022 پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: ( هەژار کامەلا )ەوە لە: 11-11-2025 باشترکراوە
ناونیشانی بابەت
ئەم بابەتە بەپێی ستانداردەکانی کوردیپێدیا هێشتا ناتەواوە و پێویستیی بە داڕشتنەوەی بابەتی و زمانەوانیی زۆرتر هەیە!
ئەم بابەتە 1,555 جار بینراوە
QR Code
  بابەتی نوێ
  بابەت بەهەڵکەوت 
  تایبەت بە خانمان 
  
  بڵاوکراوەکانی کوردیپێدیا 

Kurdipedia.org (2008 - 2025) version: 17.08
| پەیوەندی | CSS3 | HTML5

| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0.969 چرکە!