یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، کە سەرەتا ناوی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفالی لێنرابوو و پاشان لە کۆنفڕانسی دامەزراندن ناوەکەی گۆڕدرا، بیرۆکەیەک بوو لە ماوەی (5 مانگ و 5 ڕۆژدا) هاتە بەرهەم.. کە دەستەیەکی ئامادەکاری شەش کەسی، بێی هیچ پاڵپشتیەکی مادی و حیزبی بە توانای خودی، توانیان بیهێننە بەرهەم.
ئەم ڕێکخراوە لە چرکەساتی دەستکرد بە ئامادەسازی بۆ دامەزراندنی لە (13/6/2021) تا سازدانی کۆنفڕانسی دامەزراندن لە (18/11/2021)، هەشت کۆبونەوەی ئامادەسازی ئەنجامدا، کە پێنج کۆبونەوەی بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.. لەگەڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە (25/9/2021) لە شاری هەڵەبجە.
هاوکات وەک لە یەکەم نامەی دەستەی سێی کەسیەکەی یەکەم کۆبونەوەی دامەزراندن کە ئاڕاستەی نوسەرانی بواری جینۆساید کراوە، هاتووە؛دوای سێ دەیە، لە نووسین لە بواری جینۆساید.. زەرورەتی نیشتمانی و قۆناغەکە واپێویست دەکات، کە تواناکانی ئەم توێژە لە نوسەرانی بواری جینۆساید، لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی پیشەیی ڕێکبخرێتەوە.
ئەگەرچی یەکەم کۆبونەوەی کرداری لە (13/6/2021) بۆ دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە دەستی پێکرد، بەڵام لە چەند ساڵی پێشووتر چەند هەولێکی هاوشێوەش لەلایەن کۆمەلێک نوسەری دیکەوە نرابوو، بەڵام ئەو کۆبونەوانە نەگەیشتبوون بە ئەنجام.
بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانس:
کاتژمێر (3)ی پاش نێوەڕۆی ڕۆژی (21/11/2021) لە مۆنۆمێنتی ئەمنە سورەکە لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژێردراو، کۆنفڕانێسکی ڕۆژنامەوانی سازدرا و بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانس پێشکەشکرا.. بڕوانە دەقی بەلاغەکە.
دەقی بەلاغی کۆتایی کۆنفڕانسی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان:
هاونیشتمانیانی بەڕێز.. نوسەران و شارەزایان.. ئەندامانی کۆنفراس
سڵاوێکی گەرم.
رۆژی (18)ی نۆڤەمبەری (2021) لە شاری کەرکووک کۆنگرەی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەئامادەبوونی چەندین نوسەرو شارەزایی بواری جینۆساید و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بەسترا.. هەمان ڕۆژ کۆنگرە بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.
بە پێویستی دەزانین ڕوونی بکەینەوە، کە بیرۆکەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام دواجار یەکەمین کۆبونەوەی بەکرداریکردنی بیرۆکەی ئەم پڕۆژە نیشتمانیە لە (13/6/2021) لە کەرکووک لە نێوان (شێخ سدیق ئەحمەد عەلی مەحمود هێمن حەسیب) بەڕێوەچوو و دواتر هەردوو کۆبونەوەی سازدراو لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، زەمینەی سازدانی یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندن بوو لە کەرکووک.
کۆنگرەی دامەزراندن، بە ئامادەبوون و بەشداری (63) ئەندام، گۆڕینی ناوی یەکێتێەکەی لە (یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال) بۆ (یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان)، و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و سپاردنی پرۆژەی پەیڕەو و بەرنامەی کار بە لیژنەی شارەزایان بۆ پیداچونەوە و دواتر پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردن و لیژنەی پیداچونەوەوە، کارەکانی کۆنگرەی بەسەرکەوتووییی کۆتایی پێ هێنا.
مەبەست لە سازدانی کۆنگرەکە لە کەرکووک بۆ بایەخدان بوو بەو شارەی کە چەندین جار تووشی پەلاماری کۆمەڵکوژی و کاولکردن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی مەترسیدار بۆتەوە.. بەتایبەت کە لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە، ڕووبەرووی سیاسەتێکی نوێی بە عەرەبکردن و ڕاگواستنی گوندە کوردییەکان بۆتەوە..ئەگینا هەموو کوردستان و دۆسیەکانی جینۆساید جێی بایەخی کاری یەکێتیەکە دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، کۆنگرە ئەم ڕاسپاردانەی بە دەستەی بەڕێوبردن سپارد:
یەکەم: یەکێتی نوسەرانی جینۆساید، یەکێتی هەموو قەڵەمێکی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و کۆمەڵکوژیە. کار بۆ کۆکردنەوەی هەموو تواناکانی ئەو بوارە دەکات و وەک چەترێکی گشتگیر بۆ پرۆژەی نوێ و کاری بەکۆمەڵ و تاک پاڵپشت و هاوکار دەبێت.
دووەم: سازدانی کۆڕو کۆنگرە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەبەشداری پێکردنی شارەزایانی بیانی و ناوخۆیی و بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بەناساندنی جینۆسایدی کوردستان.
سێیەم: دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بواری جینۆساید و ناوەندە ئەکادیمیەکان و دەزگاکانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.
چوارەم: هاندانی ناوەندەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم کەیسە نیشتمانی و چارەنوسسازەی گەلی کوردستان بەهاندان بۆ توێژینەوەو جێکردنەوەی لە پرۆگرامەکانی خوێندن و فێرکردن.
چوارەم: کۆکردنەوەی بەڵگە و بەدیکۆمێنت کردنی هەموو سەرجاوەیەک پەیوەست بێ بەجینۆسایدی کوردەوەو پاراستنیان لەناوچوون و بەکارهێنانیان بۆ چالاکی و ناساندن و مانەوە.
پێنجەم: هاوکاریکردنی هەردوو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پابەندکردنی حکومەت بە ڕێکاری یاسایی بۆ زیندوو ڕاگرتنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عێراق.
شەشەم: دەرکردنی بڵاوکراوەو وەرگێڕانی نوسین دۆکیۆمێنتی تایبەت بەجینۆساید بۆ سەر زمانە بیانیەکان.
حەەتەم: هاندانی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بۆ فەرامۆش نەکردنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عیراق.. ساڵانە بوجە تەرخان بکرێ بۆ مۆنۆمێنت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و مەزاری قوربانیان و ژیانی کەسوکاری قوربانیان.
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە هیواوە دەڕوانێتە بەدەنگەوە هاتنی هەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ کاری پێکەوەیی و داوای بەدەنگەوە هاتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوەکانی حکومی و ناحکومی دەکەین بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش و قەرەبوکردنەوەی ئەو ساڵانەی بەکەمتەرخەمی تێپەڕین و دەست لەناو دەست بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە کۆنگرە بە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی کۆنگرەی سپارد.
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
21-11-2011
[1]