لەدوای ئەو شەوەی هاوسەرەکەم ژنی دووەمی هێنا
نووسینی: ئەمەل ئەلحاریسی
وەرگێڕانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
دوای دە ساڵ لە هەوڵدانێکی بێهودە بۆ ئەوەی منداڵمان ببێت، بە ناچاری ملکەچی ئەو بیرۆکەیە بووم کە هاوسەرەکەم ژنی دووەم بهێنێت، هاوسەرەکەم بەڵێنی پێدام کە جگە لە من دڵی بۆ هیچ کەسی دیکە نەبێت، هاوسەرگیریەکەی تەنها و تەنها لەپێناو دروست کردنی منداڵێکدا بێت، بۆ ئەوەی ناوی هەڵبگرێ (وەک چۆن داب و نەرێت ڕۆیشتووە)، تاڵاوم چەشت کاتێک چاودێری ئاهەنگی ژن هێنانەکە بووم، چونکە زاوا برام نەبوو، هەروەها خزمیشم نەبوو، بەڵکو مێردم بوو کە ماوەی دە ساڵ بە خۆشی و ناخوشی لە گەڵیدا ژیابووم و هەموو ژیانم بۆ ئەو تەرخان کردبوو.
ئەو شەوە توشی دۆخێکی دەروونی ناجێگیر بووم، وەک شێتم لێهاتبوو..
دەمگوت تۆ بڵێت چی بکات؟
ئایا ئێستا دڵی خۆشە؟
ئایا منی لە یادە؟
بوک و زاوا بۆ مانگی هە نگوینی ڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی گەشتیاری زۆر خۆش کە جێگایەک بوو بە سەر دەریادا دەیڕوانی، منیش بە دڵشکاوی و گریانەوە لەگەڵ دایک و باوکمدا مامەوە، باوەڕم بەوە هێنا کە ئەمە قەدەر و چارەنوسمە، دەبێت دان بەخۆمدا بگرم و چاوەڕوانبم، کات تێپەری و گەرانەوە، زاوا زۆر دڵخۆش بوو، ڕێنماییە تازەکانی پێگوتم: شەوێک لای من و شەوێک لای ئەو، دوای چەند ڕۆژێک بوو بەوەی کە شەوێک لای من بێت و چەند شەوێک لای ئەو، دواتر بوو بەوەی کە شەوێک لای من بێت و هەفتەیەک لای ئەو، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکەم منداڵییان بوو، ئیتر بە تەنها مامەوە، جار بە جار سەردانی کەس و کار و هاورێیانم دەکرد تاوەکو دەردە دڵی خۆمیان بۆ باس بکەم.
لەگەڵ خودی خۆمدا دانیشتم و بیرمکردەوە،
ئایا ئەمە ئەو ژیانەیە کە من دەمەوێت؟
ئایا ئیتر تا کەی من بەم شێوەیە لە چاوەڕوانیدا بم؟
ئایا ئەمە ڕۆڵی منە لەم ژیانەدا؟
وێستگەیەکی ئارام بم کاتێک کە بێزار دەبێت لە دەنگە دەنگی منداڵ و دایکیان ڕوم تێبکات.
ئایا خوداوەند بۆ ئەم مەبەستە منی دروست کردووە؟،
یاخود دەتوانم ڕۆڵێکی دیکەم لەم ژیانەدا هە بێت!
لە دایکم و داپیرمەوە فێری چنین و کاری دەستی ڕەسەن بوبووم، هەموو کون و قوشبینێکی ماڵەکەم بە کارە دەستێکانم ڕازاندبووە.
ڕۆژێک ژنێکی دراوسێمان بە خانمێکی بازرگانی دیار ئاشنای کردم، کە بەنیازی کردنەوەی پرۆژەیەک بوو بۆ ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوەن و شارەزاییان لەچنینی ڕەسەنایەتی و کاری دەستی دا هەیە، ئەو خانمە لە وڵاتێکی تر دەژیا، ئامانجی لەم کارەی لە لایەکەوە دەستکەوتێکی دەست کەوێت و لە لایەکی دیکەوە هاوکاری ئەو ژنە هەژارانە بکات کە لە ماڵەوەن و هیچ دەستکەوتێکی مادییان نییە.
ئەم خانمە کەرەستەکانی لەو وڵاتە دەکڕی کە تێیدا دەژیا، بەڵام پێویستی بە کەسێک هەبوو کە سەرپەرشتی کارەکە و چنینەکە بکات و لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆژەکە بێت.
ئەو توانایەم بە شێوەیەکی زۆر باش لە خۆمدا بە دی دەکرت، بۆیە هەوڵێکی زۆرم دا و توانایەکی باشم خستە گەر، بەشەو چنینم دەکرد و بە ڕۆژیش سەرپەرشتی ژنەکانم لە کارەکەدا دەکرد، ئەوە بوو لە ماوەیەکی زۆر کەمدا یەکەم پێشەنگای لە دەرەوەی وڵات کردەوە، کارەکە ناوبانگێکی باشی بە دەست هێنا و کریارێکی باشیان هەبوو، پارەیەکی باشم بە دەست کەوت، دوای سێ ساڵ لە بەردەوامی پرۆژەکە توانیم ببم بە خاوەنی لە 40٪ پرۆژەکە، هەنوکە خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەم بۆ سەرپەرشتی کردنی پێشەنگایەکی زۆر گەورە، هەروەها دەمانەوێت پرۆژەیەکی گەورەی چنین تێکەڵ بە کەرەستەکانی ناو ماڵ جێبەجێ بکەین، لە ئێستادا زۆر دڵخۆشم، چیتر بۆ بەتبەختی خۆم ناگریم و بیر لە هیچ شتێک ناکەمەوە جگە لە یارمەتی دانی هەژار و لێقەوماوان نەبێت، ئێستا بە شیوازێکی تر و لە گوشە نیگایەکی دیکەوە تەماشای ژیان دەکەم، یارمەتی ئەو ژنانە دەدەم کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە، تاوەکو ژیانێکی شیاویان بۆ دابین بکەم، هەنوکە لە بری منداڵێک کە نەمتوانی هەمبێت بە دەیەها منداڵم هەیە کە لێیان دەپرسمەوە و ژیانم بۆ دابین کردون، ئیستا خۆدی خۆمم زۆر خۆشدەوێت، چونکە بەرپرسیاریەتێکی زۆر گەورەم لە ئەستۆیە، تاوەکو بتوانم هیوا و ئاسودەیی بە کەسانی دیکە ببەخشم، خۆش بەختی ژیان تەنها بە هاوسەرگیری نییە و چەندەها ژن هەن لە دوای جیابوونەوە خۆشیان بینیوە، بگەڕێ بە دوای ئامانجەکانتدا و هەوڵ بدە کە پێیبگەیت، هەرگیز یەک ڕۆڵ لە ژیانتدا مەبینە. مەهێڵە کەسانێکی دیکە یاری بە هەست و سۆزت بکەن، چونکە تەنها خودی خۆت خەمخۆری ڕاستەقینەی ژیانی خۆتی، هەموو مرۆڤێک خودی خۆی هۆکاری یەکەمە لە خۆشی و ناخۆشیەکانیدا.[1]