ناونیشان: چەند ڕێگایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار لەماڵەوە
ئامادەکردن: د.
هەڤین کەمال شا محەمەدهەڤین کەمال شا محەمەد
بۆ ئەو چارسەرخوازە ئازیزانەی کە بەدەست ئازارێکەوە دەناڵێنن، لێرەدا باس لە هەندێک ڕێگا دەکەم کەیارمەتیتان دەدات بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانتان لەماڵەوە، هیوادارم سوودی لێ ببینن:
1- ئازارێک کەبەهۆی پێکانێک، یاخود برینداری یاخود ڕووداوێک توشتدەبێت ئەوە ئەم 4 ڕێگایە ئەنجام بدە:
1- پشووی پێبدە.
2- جەوەنەی ساردی یاخود کیسی سەهۆڵ بخەرەرە سەر شۆێنی ئازارەکە (5-6) جار لە ڕۆژەکەدا، هەر جارەی بۆ (15-20) دەقیقە.
3- فشار بخەرە سەری و بیپێچە بە باندج یاخود هەر شتێک لەبەردەستت بێت.
4- ئەگەر ئازاڕەکە لەپەلەکاندا بوو، باشترە لەگەڵ بەستنەکەدا بەرز بکرێتەوە، بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانەکەی. هەوڵ مەدا لە شوێنێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵکەویت، دوای ماوەیەک دەستبکە بە جووڵە.
2- ئاو بەکاربێنە: لەکاتی بوونی برین، ڕووشان، سووتاوی، شوێنە بریندارەکە بخەرە بەر دەمی ئاوی سارد، یاخود بە پاکی سارد دایپۆشیوە. ئەگەر پێستەکە بڵقی کردبوو یان شین هەڵگەڕابوو یاخود ڕەش باشترە ڕای پزیشک وەرگریت.
3- لەکاتی ئازاری لەناکاوی ماسولکە یاخود جومگە بەهۆی پێکانەوە دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت بۆکەمبوونەوەی ئازار و ئاوسان، بەڵام ئەو نەخۆشانەی ئازاری ماسولکەی بەردەوامیان لەگەڵە، باشترە گەرمی بەکاربێنن وەکو جەوەنەی گەرم، حەمام و شاوەری گەرم.
4- بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی ئازارشکێن، کەهیج زیانێکی لاوەکی ئەوتۆیان نیە، وەکو : ئیبۆپرۆفین، ئەسپرین، ناپرۆکسین، زیاتر بۆ ئەو ئازارانە دەبێت کە هەوکردنیشیان لەگەڵە. بەڵام ئەگەر کێشەی گورچیلە یاخود گەدەت هەبوو یان نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن و هەر نەخۆشیەکی درێژخایەن، باشترە ڕای پزیشکەکەت وەرگریت، چونکە زۆر بەکارهێنانیان کێشە دروست دەکەن.
5- ئەسیتامینۆفین (پاراسیتۆڵ): بەکاردێت بۆ ئازاری سەرئێشە، دان ئێشە، ئازاری سوڕی مانگە، ئازاری ماسولکە لەگەڵ ماسولکە خاوکەرەکان، بۆ ئەو ئازارانە باشە کە مەرج نیە هەوکردنی لەگەڵ بێت.
6- بەکارهێنانی ئازارشکێنە ناوچەییەکان : وەکو جێڵ و کرێم، سپرای یاخود مشەمای ئازار بۆ ئەو ماسولکە، یان جومگە یەی ئازاری تیادایە، ئەمانە زیانی لاوەکیان زۆر کەمە. ئەگەر نەشتبوو دەتوانیت زەیتە ڕووەکیەکان بەکاربێنیت وەکو : زەیتی نەعنا، زەیتی زەنجەفیل، زەیتی زەیتون، (زەیتی مێخەک بۆ دان ئێشە).
7- حەمامی گەرم: زۆر بەسوودە بۆ زۆربەی جۆری ئازارەکان، بەتایبەتی ئازاری پشت و ئازاری جومگەکان. باشترین پلەی گەرما لەنێوان (92-100) ی فەهرەنهایتە. تەنیا ڕاکشان سوودی نیە بەڵکو بەکارهێنانی ئاوە گەرمەکەش یارمەتی هاتوچۆی سووڕی خوێن دەدات و ماسولکەکانیش خاو دەکاتەوە.
8- ئەگەر ئازارەکەت لەبەشی خوارەوەی لەشتا بوو، یاخود لەناوچەی کۆم و شوێنەهەستیارەکانت بوو، بۆ نموونە لەکاتی بوونی مایەسیری، فتق، ئازاری سووڕی مانگانە..هتد. باشترە لەناو تەشتێک ئاوی گەرم یاخود بانێۆکە پڕکە لەئاوی گەرم و تیایدا دابنیشە بۆ ماوەی (20-30) دەقیقە، (2-3) جار لە ڕۆژەکەدا.
9- مەساج کردن: ئەگەر خۆت بیکەیت یاخود نزیکێکت، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سەر، یاخود ئازاری پشت و شان و مل، بەمەرجێک بەڕێگایەکی تەندروست و بەشێوەی بازنەیی ئەنجام بدرێت.
9- بەکارهێنانی چاوێلکە لەو کەسانەی تووشی سەرئێشە دەبن بەهۆی شەقیقەوە، یاخود نەخۆشی ترەوە، بۆ کەمکردنەوەی هەستیارییان بە تیشک. هەروەها لەو خوران و بێتاقەتییەی بەهۆی خۆڵ و ماددەی پۆلینی ناو هەواوە بۆیان دروست دەبێت.
10- میدیتەیشن و تێڕامان: ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی ئازار، ئەویش بەوەی کە ماددەی ئیندۆرفین لەلەشتا زیاد دەکات، کە ئازارشکێنێکی سروشتییە، دەتوانیت لەگەڵیدا گوێ بۆ موسیکێکی ئارام بگریت.
11- هەندێک چای ڕووەکی هەیە یاخود شەربەتی میوە کەدەتوانیت بۆ ئازارشکاندنی ماسولکە گرژبووەکان بەکاردێت، وەک : شەربەتی گێلاس، شەربەتی توو، چای گوڵەبەیبوون، چای سەوز، چای زەنجەفیل، چای دارچینی.
12- خواردنی هەندێک جۆری خۆراک وەکو: بیبەری سووری توون، زەردەچەوە، شلک، گێلاس، سیر، نەعنا، شەوەفان، شیرەمەنیەکان، چەرەساتەکان کە ماددەی مەگنیسیۆمیان تیادایە و بۆ سەرئێشە زۆر باشن.
13- خواردنەوەی ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر، باشترە (8-12) پەرداخ لەڕۆژێکدا بێت.
14- نووستن و پشوودان: لەکاتی گونجاوی خۆیدا شەوانە لەکاتژمێر 11 دا بۆ ماوەی (6-8)کاتژمێر.
15- دووربکەوە لە خواردنەوە ئەلکهولیەکان و جگەرەکێشان، وهەرگیز بەکاریان مەهێنە بۆ ڕێگا چارەیەک بۆ نەهێشتنی ئازار چونکە ئازارەکەت زیاتر دەکات و سەرئێشەت بۆ دروستدەکات کەبەڕێژەیەکی زۆر بەکاربێت.
15- لەکاتی ئازاردا دووربکەوە لە خواردنە ئامادەکراو موعەلەب و حازرکراوەکان، ئەو خواردنانەی لە ڕۆنێکی زۆردا سووردەکرێنەوەو فاست فودەکان.
[1]