ناونیشانی پەڕتووک: دەقە شیعرییەکانی گۆران
ناوی نووسەر: سامان عیزەدین سەعدون
تا ئێستا کۆمەڵێکی بەرچاو لە لێکۆڵەران ڕوویان لە جیهانە شیعرییەکەی (گۆران) ی شاعیر کردووە و کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەی چاک و وردیان دەربارەی لایەنە جیاجیاکانی تاقیکردنەوەی شیعریی (گۆران) خستووەتە بەردەست، تەنیا لایەنێک نەبێ کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، کە ئەویش ڕوانگەی دەروونناسییە. بەرفراوانی و دەوڵەمەندیی جیهانە شیعرییەکەی، سیمای جۆراوجۆری داهێنانی شیعری لای گۆران، تایبەتمەندیی دەنگە شیعرییەکەی لە ناو ڕێبازە نوێ و هاوچەرخەکەی شیعری کوردیدا بوار بە گەلێ لێکۆڵینەوەی تر دەدەن و دەتوانێ بەردەوام لێکۆڵەر بەرەو خۆی ڕابکێشێ و بەرەو ئەو سووچ و ڕەهەندانەیان بەرێت، کە هێشتا بە شاراوەیی ماونەتەوە. بۆیە بە ئەرکی زانستیی خۆمانمان زانی، کە لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆژییانەوە ئاوڕ لە خودی گۆران و بەرهەمە شیعرییەکانی بدەینەوە و لەژێر ناونیشانی (دەقە شیعرییەکانی گۆران لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە) و بەپێی (ڕێبازی دەروونناسی) بەگشتی و (ڕێبازی شیکاریی دەروونی) بە تایبەتی لە جیهانی شیعری و ئەدەبیی گۆرانی شاعیر بڕوانین، بەو ئامانجەی کە ڕۆشنایی بخەینە سەر گەلێ لایەنی دەروونیی بەرهەمە شیعرییەکانی، کە تا ئێستا زانستییانە ڕۆشن نەکراونەتەوە. بەم پێیە، ئەو ئەنجامانەی کە لێکۆڵینەوەکە گەڵاڵەیان دەکات، کەڵک بە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی دەگەیەنن، لە لایەک زانستییانە تیشک دەخەنە سەر کەسێتیی گۆران وەک مرۆڤ و وەک شاعیر، بە تیشکخستنەسەر ئەو دوو لایەنەش دەتوانرێ جیهانە شیعرییەکەی زیاتر ڕۆشن بکرێتەوە، لە لایەکی ترەوە سوودمەند دەبێت بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ڕوو لە بەرهەمی شاعیران دەکات.[1]