بەیاننامەیەک لە بنەماڵەی (عەزیز گەردی)یەوە
سوپاسگوزاری خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە نەخۆشخانە سەردانی (دکتۆر عەزیز گەردی)یان کردوو لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمەکەی لە شاری هەولێر، گۆڕستانی شارۆچکەی بەحرکەی واری باب و باپیرانی ئامادەبوون و ڕۆحی بەرزەفڕیی دکتۆریان کەمێک شادکرد و هەندێک خەمی گرانی سەر دڵی ئێمەشیان ڕەواندەوە.
دکتۆر عزیز گەردی بە زۆر هیوا و ئاوات و خۆزگە و مەرامی گەورە سەری نایەوە، بەلام هەر دەیگووت؛ ئەو خۆزگانە دێنەدی بەڵام لەوانەیە من نەمێنم و نەیبینم..
دکتۆر عەزیز گەردی برامان و براتان لە بەهێزییدا هاوتایی نەبوو!
خەمی گەورەی میللەتی کوردی لەکۆڵ نابوو کەچی هەر بە پێوە ژیا و مرد..
شەو و ڕۆژ دەیخوێندەوە و دەینووسی، نە لە خوێندنەوە تێر دەبوو، نە ماندووش دەبوو!
د. عەزیز گەردی شاخێک بوو، چەندین ساڵ بوو بە کولینگ و بێڵ و ماوەر لێیان دەدا پارچەیەکی بچوکیان پێ لێ نەبۆوە،
چەند تەپکە و تۆڕ و داویان بۆ داناو بۆیان نەگیرا و نەگیرا!
ئەوەندەی جلەوی ئەسپی خورت و سەرکێشی خزمەت و ڕێبازەکەیان گرت و پێیان نەکرا پێیی لە ڕکێبی دەربێنن و لە خانەی زینی دایبەزێنن!
چەکی دەستی د. عەزیز گەردی تەنیا قەڵەمەکەی بوو، کەچی بەرەنگاری زۆر قەلەمی خۆفرۆش و تاغوت و دکتاتۆر و فیرعەون و گەندەلکاران دەبۆوە!؟
با هەموومان بڵێین:
خودایە لۆ خاتری د. عەزیز گەردی لەگوناهی هەموو لایەکمان خۆشبیت..[1]
برای د. عەزیز گەردی
عەبدولقەهار گەردی
هەولێر، بەحرکە
#10-06-2022#