ناونیشان: گەردی بێگەردترین زمانناسی کورد
هیچ کاتێک پێمخۆش نەبووە لەسەر هیچ کەسایەتییەک بدوێم و بڕشێمەوە، بەڵام عەزیز گەردی شایانی زۆر لەوە زیاترە... شایانییەتی بەبیرکردنەوەیەکی قوڵەوە لەسەر بدوێی و بنووسی، چونکە هەرکاتێک سەیری هەر وەرگێڕانێکی بکەی لەداغستانی منەوە تا کۆتا وەرگێڕانی و بەتایبەت لە ئەدەبی بێگانان و ڕەوانبێژییەکەی کە زۆر زیاتر بۆچوونی زانستی هەڵدەگرێت، هەست بەوە دەکەی کوردانەو پاراو، ڕەوان و شارەزار لە نیشاندانی بن دێرەکان، مەبەستەکان و ئاماژەکانی دەپێکێت، ئەمە نیشانەی ئەوە نییە دکتۆر عەزیز گەردی شارەزا و زمانزانێکی باشە و بەچەندین زمان قسەی کردووە، بەڵکو ئەمە هەست و تێکەڵاو بوونە بە زێد و زمانی نەتەوەی و شارەزابوونێکی بێگەردە لەزمانی کوردی، ئەمەش بۆ ژیانە کڵۆڵییەکەی و هەوڵە بێوچانەکانی دەگرێتەوە، چونکە عەزیز گەردی سەدان گەردی بڕیووە تا بێگەرد بووەو بووەتە عەزیز گەردییەکەی ئێمە... ئەگەر ئاوڕێک لەژیانی بدەینەوە هەر زوو بۆمان دەردەکەوێت بەماندووبوونی خۆی و بێ نازی پەروەردە بووە و لەناوخاکی کوردان و زمانە پاراوەکەی پیرو پیرەکانەوە زمانی گۆشبووەو بووەتە نەمری زمانی، هەرکاتێک هەر وەرگێڕانێکی بخوێنیتەوە ڕاستەوخۆ بەر چەندین وشەی کوردی پاراو دەکەویت، ئەمە سەرباری لێزانینی گەردی لە نیشاندانی مەبەست و وشەو خاڵبەندی و ڕەوانبێژییەکەی، هەموو ئەمانە و لێکۆڵینەوەکانی و بەراورد کردنەکانی وای کردووە وێنەی کوردانە ترو دیمەنی جوانتر و ئاماژەی باشتر بپێکێت لە وەرگێران و نووسراوەکانیدا... بێگومان دکتۆر بۆ نووسین و وەرگێرانی هەر کتێبێک ئەوەی جێ بەجێکردووە کەدەڵێت: بۆ نووسینی گەڵایەک پێویستت بەخوێندنەوەی دارستانێکە، هەر لەم ڕوانگەیەوە دکتۆر دەستی نەبردووە بۆ وەرگێڕانێک شایستە و پێویستت نەبووبێت، خوێنەرانی بەرهەمەکانی هەرکاتێک ئەم وشەو ڕستانەی من ببینن تێگەن تا چەندە ڕاستە و عەزیز گەردی لێزانانەو بە ئاگادارییەوە دەستی بۆ وەرگێڕانەکانی بردووە، بۆ دڵنیابوون و نموونەیەکی باڵا ئەوەتاچەندین نمونە هەیە لەوانە: لەگەڵ منداڵانی گوندەکەماندا، بووکۆکەی قسەکەر، چیرۆکی بەرئاگردان، درەختی چل دارستان، حاجی مرادەکەی تۆڵستۆی و دەیان نمونەی تر... خودا گەردی بۆ ئەوە خوڵقاندبوو تا ئەدەبی کوردی بێناز نەبێت لە وشەی ڕەسەنی کوردی و ئاماژەی جوان و ڕستەی پاراو، وەرگێڕانی تایبەت...
ئەگەر سەیری هەر وەرگێڕانیکی بکەی بەتایبەت چیرۆکەکانی ئیزۆپ هیچ کاتێک وشەو ڕستەیەکی دانەناوە کە هەست بکەی یەک ناگرێتەوە، یاخود مانا نابەخشێت ئەمە نەخشەسازییە، چنین کارییەکی تۆکمەیە و شارەزابوونە لە گرێ و چنینکاری، هەڵبەتە من تەنها باسی بیر ڕوونی گەردی دەکەم لە بێگەردی زماندا خۆ ئەگەرنا هەر بۆ چرکەیەک سەر بسووڕێنی و بیر بکەیتەوە ناتوانی باسی نۆبەرە شاکارەکەی کە لەسێ بەرگدا نەکەی کە پێشکەشی کوردی کردووە، یان فەرهەنگی زمانی خۆی کە گەردی بۆخۆی فەهەرنگێکی کوردی پەتییە، ئەمە جگە لەوەی سەرتۆپی عەروزی گرتووە...
ئای بۆ کۆمیدیای دانتی: دۆزەخ، بەرزەک، بەهەشت، چ بەهەشتێکی لەدنیای وشەو مەبەست و ئاماژە پێکاوەو نیشاندانی بن دێرەکانیش شاهێدی نەمری زمان و بوونی عەزیز گەردین، گەردی بۆ شارەزابوونی ئێمە و نەمری خۆی و نیشاندانی دنیای ئەدەبی دەستی بۆ زۆر شاکاری هەمە جۆر بردووە:
فەر هەنگ، ڕەوانبێژی، ئەفسانە، هەقایەت و ڕۆمان... هتد.
ڕەنگە کەم کەس بەهۆی یاخیبوونەجوانەکەی و بێدەنگی و دەرنەکەوتنە پڕماناکانی بزانێت عەزیز گەردی سەروەرو سەروایە...
جگە لەوەی دکتۆرای سەروایە لەکێش و وێنە مامۆستایەکی بێهاوتایە....
نووسەر: #کاروان عەلی محەمەد#[1]
#08-06-2022#