چیرۆکی ژنێکی ڕزگاربووی دەستی داعش
هاوسەرەکەم وەک کەسێکی دڕندە هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکات
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
تیشکی هەتاو بە ئاسۆیەکی فراوانەوە دەیدا بەسەر چادرەکاندا و هەوایەکی گەرم بەنێوانیاندا تێدەپەڕی، ژیان تێیدا زۆر ئەستەم بوو.
لەدوری چەند مەترێکەوە ژنێکم دی، عابایەکی ڕەشی لە خۆی ئاڵاندبوو، منداڵێکی پێپەتی بەدەستەوە بوو، بەزەویەکەدا ڕایدەکێشاو بە دەنگێکی بەرزەوە هاواری دەکرد (کەی خودا منتان لێبسێنێت).
وردە وردە لێی نزیکبوومەوە و سڵاوێکم لێکرد، بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە ئاوڕی بۆ دامەوە، بۆ چەند ساتێک لە جێگای خۆیدا نوقمی بێدەنگی بوو، وەک ئەوەی هیچ قسەیەک نەزانێت، ئەوەندەی پێنەچوو هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا، هەناسەیەک پڕ بوو لە ئازار و خەم و نەهامەتی، گوتی: من زۆر هیلاکم، ببورە بێئاگابووم.
ژنە ئاوارەکان وەک من دەژین..
کاتێک پرسیاری ئەوەم لەو خانمە 33 ساڵەیە کرد (کە یەکێک بوو لە ئاوارەکانی شاری ڕوومادی و ناوی سەنای بۆ خۆی هەڵبژارد بوو)، بۆچی بە منداڵەکەت دەڵێیت کەی خودا منتان لێبسێنێت؟
لە وەڵامدا و بەترسێکی زۆرەوە کە بەڕونی بە نیگاکانیدا دەبینرا، گوتی: دەمەوێت بمرم و لەم ژیانە ناخۆشەم ڕزگارم ببێت.
لەدوای هەوڵدانێکی زۆر توانیم ئەو خانمە ئاوارە ڕازی بکەم (کە لەگەڵ هاوسەری و چوار منداڵەکەیدا لە یەکێک لە کەمپە ئاوارەکانی بەغدا دەژیان)، بەڕاشکاوی باس لە ژیانە پڕ لە نەهامەتییەکانی خۆیم بۆ بکات.
هەموو گیانی کەوتە لەرزین، دواجار بەڵێنی لێوەرگرتم، کە بە هیچ شێوەیەک ناسنامەی ئاشکرا نەکەم، هێز و گوڕی دا بەخۆی، گوتی: ئەوەی کە دەیزانم نایشارمەوە، زۆرینەی ئەو ژنە ئاوارانە وەک من دەژین.
وا دیاربوو ئەوەی کە دەیویست باسی لێوە بکات، ژیانی هەموو ئەو ژنانەش بوو کە لە چوار دەوری دەژیان.
سەنا گوتی: هاوسەرەکەم چەندەها شێوازی ئەشکەنجەدان بەرامبەرم بەکاردەهێنێت، لە ڕوخسار و جەستەم دەدات.
دواتر سەنا داوای لێکردم کە ناوی ناوچەکەی نەهێنم و زۆر وردەکاری لێنەپرسم، چونکە ترسێکی زۆری لەیەکەکانی داعش هەبوو، هەروەها لە هاوسەرەکەی و هەر شتێکی دیکەش کە دەبووە مایەی ئازاردانی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ کەمپەکە.
سەنا ئاخێکی قووڵی هەڵکێشا، وا دەردەکەوت کە زۆر هەستی بریندار کرابێت، گوتی: لە دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک هەفتە لەگەڵ چەند خێزانێکی تردا و بەبێ هیچ هۆکارێک لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە دەستبەسەر کراین، زۆر بە ئاسانی توانیم هەڵبێم و ڕزگارم ببێت لە دەستیان (ئەمە زۆر جێگای باوەڕ نەبوو)، بەڵام ئێستا بە لێدان و ئەتککردن و قسەی نەشیاو لە لایەن هاوسەرەکەمەوە باجەکەی دەدەم، لەو کاتەوەی ڕزگارم بووە من لە دیدەی هاوسەرەکەمەدا ژنێکی لەش فرۆشم!.
بەشەو دایان بە سەرماندا و لە ماڵەکەی خۆماندا بردینیان.
سەنا زۆر بەترسەوە باسی لەو شەوە کرد، کە چۆن لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بردویانە، گوتی: چەند ئۆتۆمبیلێک هاتنە ناو گەڕەکەکەمان، کە پێنج خێزان تێیدا دەژیا، چەکدارێکی زۆری لێدابەزی و خۆیان کرد بە ماڵەکاندا، ژن و منداڵەکانیان لە پیاوەکان جیاکردەوە، ئێمەیان لەگەڵ منداڵەکانماندا برد بۆ جێگایەک و پیاوەکانیان برد بۆ جێگایەکی دیکە.
سەنا ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەتا ئێستا نازانێت ئایا ئەو ساتەوەختەی کە چەکدارانی داعش دایان بەسەر ماڵەکەیاندا هاوسەرەکەشی وەک ئەم دەستگیرکراوە یان نا.
بەردەوام بوو لە قسەکردن، گوتی: هەرچەندە پێکەوە بردینیان، بەڵام من ئەوم هەتا ئەو ڕۆژە نەبینیەوە کاتێک بەردرام و هاتمەوە و هاوسەرەکەم لە ماڵ خۆماندا بینی، هەتا ئێستا هیچ شتێکم بۆ باس ناکات جگە لەوەی ڕێگایەکی باشی بۆ دەربازبوون لەدەست ڕێکخراوی داعش دۆزیبووە!
بۆیە گومانم هەیە لەوەی کە تاوەکو ئێستا پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە مابێت.
سەنا باسی لەو ناخۆشیانە کرد کە بەسەریدا هاتبوو، کاتێک لە لای ڕێکخراوی داعش دەست بەسەربوو، گوتی: چەندەها سەعات بە تەنیا دەیانبردم بۆ ژورێکی تاریک و ترسناک، زۆر دەترسام، لە تاو خەمی منداڵەکانمدا هەموو ئازار و ئەشکەنجەدانی خۆمم لەبیر کردبوو، بە بەردەوامی بیرم لایانبوو، لە ناخی خۆمدا دەمگوت (دەبێت ئێستا چیان لێ بەسەر هاتبێت..).
شێوازی ئەشکەنجەدان..
سەنا بە قورگی پڕ لە گریان و چاوی پڕ لە فرمێسک باسی لە شێوازی ئەشکەنجەدانەکەی کرد، کاتێک یەکەکانی داعش لە ناو گرتووخانەدا لە دژی ئەنجامیان دابوو، گوتی: ئەوان سێ چەکدار بوون، کە سەرپەرشتی ئێمەیان دەکرد، لە ژوری ماڵێک کە چۆڵ بوو، هەموو ڕۆژێک پیاوێک دەهات کە بە زمانی عەرەبی عێراقی قسەی دەکرد، یەک بە یەک ژنەکانی دەبرد بۆ ژورێکی تر، تێیدا ڕوتیان دەکردینەوە و بە چەندها شێوازی قێزەوەن ئەشکەنجەیان دەداین و دەست درێژیان دەکردە سەرمان.
سەنا خۆی پێڕانە گیرا و بەکوڵەوە دە ستی کرد بە گریان، بە دەنگێکی بەرزەوە گوتی: لاقە کرام، نازانم لە سەرچی دەستگیرکراین و بۆچی وایان لێکردین؟!.
لە دوای ئەوەی ئازادکراین، یەکێک لە ژنەکان پێیگوتم: بۆیە دەست بەسەرکراین بۆ ئەوەی بزانن هیچ کەس لەکەسوکارمان لەگەڵ حکومەت و هێزی ئاسایشی عێراقدا کارناکەن.
سەنا بەردەوام بوو لەگێڕانەوە، گوتی: ئەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بووم، لەیەکەم ڕۆژدا هیچ خواردنێکیان بە خۆم و چوار منداڵەکەم نەدا، لە دووەم ڕۆژدا بردمیان بۆ ژورێکی دیکە و لەوێ لێمدرا و دەستدرێژییان کردە سەرم و لە دوای چەند ڕۆژێک برامەوە بۆ لای منداڵەکانم، تەنانەت بە بەرچاو منداڵەکانمەوە زۆریان لێدام.
هاوسەرە دوژمنەکەم..
سەنا دڵنیابوو لەوەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا هاوسەرەکەی پەیوەندی بەڕێکخراوی داعشەوە کردووە، بەڵام دڵنیا نەبوو لەوەی کە ئایا تاوەکو ئێستا لە گەڵیاندا ماوەتەوە، یاخود وازی لێهێناون.
بیر لەخۆکوشتن دەکەمەوە..
سەنا ئێستا بە هەموو تواناکانییەوە لە هەوڵی پارە پەیداکردندایە بۆ هاوسەر و منداڵەکانی، دەڵێت: لە پێناو پەیدا کردنی پارەدا، هەموو ڕۆژێک دەڕۆمە دەرەوەی کەمپەکە، بە هەموو جۆرێک هەوڵدەدەم سۆزی خەڵکی بەلای خۆمدا ڕابکێشم.
هەروەها دەڵێت: هەرچەندە خۆم پێمخۆش نییە و دەروون و ویژدانم ئازارم دەدەن، بەڵام هاوسەرەکەم بە زۆر دەمنێرێتە دەرەوەی کەمپەکە، ئەگەر ڕەزامەند نەبم، ئەوا بە قسەی نەشیاو و جنێو و لێدان ئەشکەنجەی زۆرم دەدات، ئەگەر بێت و بگەڕێمەوە بۆ کەمپەکە و پارەی باشم پێ نەبێت، ئەوا زۆر بەدڕندانە ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیم دەدات و بە بەرچاو منداڵەکانمەوە هەڵسوکەوتی بێڕەوشتانەم لە بەرامبەر دەکات.
لە کۆتایدا ئەو ژنە ئاوارە بەحەسرەوەتەوە گوتی: زۆر بێزارم لە ژیان، بۆیە دەمەوێت خۆم بکوژم.[1]