دەقی پرسەنامەکەی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ:
بەڕێزان: کەسوکارو خانەوادەی دکتۆر عەزیز گەردی
بەداخێکی زۆرەوە دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، نووسەرو ئەکادیمی و ڕووناکبیرو وەرگێڕی گەورەی کورد دکتۆر عەزیز گەردی کۆچی دوایی کرد، دڵگران و خەمباری کردین.
دکتۆر عەزیز گەردی لەماوەی تەمەنی پڕ بەخشش و بەرهەمی خۆی توانی خزمەتێکی یەکجار گەورە بە گەلەکەمان بکات، دەیان شاکاری جیهانی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و بە دەیان بەرهەمی گەورەی پێشکەشی ئەدەبیاتی کوردی کرد، بەرهەمە دانسقەکانی لەنێو کتێبخانەی کوردی بەنەمری دەمێننەوەو یادو یادەوەری لە دڵی هەمووماندایە.
بەداخەوە کۆچی دوایی ئەم کەڵە نووسەرو ڕووناکبیرو وەرگێڕە کەلێنێکی گەورە لەنێو ئەدەبیاتی کوردی دروست دەکات، هەموومان خەمبارو نیگەرانین بۆ لە دەستدانی ئەم مرۆڤە جوانە ناخ پڕ لە وشەیە، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی کەسوکارو خانەوادەکەی و سەرجەم نووسەران و ڕۆشنبیران دەکەم، هیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشیمان بێت، خوای گەورە سەبووری هەموومان بدات و کۆچکردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان [1]