دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..!
ئەندام و جەماوەر و لایەنگرانی دڵسۆز و بە ئەمەکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان..!
بە بۆنەی یادی (47)مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (46)مین ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ، بە گەرمی پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی دەکەین.
لەمێژووی گەلەکەماندا یەکێتیی؛ حزبی تێکۆشەر و دەستەبژێر و جەماوەری بە ئەمەک و دڵسۆزە، کوانووی خەبات و مەشخەڵانە، ئیرادەی پۆڵایین و هەڵسانەوەیە، سەرقافڵەی شەهیدان و ئاوەدانی و ئازادییە بە ڕێبەرایەتیی سەرکردە و سەرۆکمان ڕەوانشاد (#مام جەلال#)ی هەمیشە زیندوو.
یەکێتیی، حزبی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیە، ڕێبازی ئاوەدانە، مێژووی پرشنگدارە، ڕووبارێک خوێنی بە مەسەلەی ڕەوای گەلەکەمان بەخشیوە، خاوەنی هەزاران شەهیدو کەمئەندامی سەنگەر و پێشمەرگەی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرە..!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە پێناو ئەوانیشدا درووست بووە و هەر لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت، یەکێتیی ئەو هێزەیە کە بە پاڵپشتی سەرکردە و خەڵک و جەماوەرە دڵسۆزەکەی توانی؛ سەردەمی شۆڕش و خەباتی شاخ بگەیەنێتە دوا مەنزڵگە، و لەگەڵ سەردەمی ڕزگاری نیشتمانییدا گرێی بدات.
راپەڕین و فیدڕاڵی، پەرلەمان و حکومەت.. بە شانازییەکی زۆرە یەکێتیی ئەندازیار و دەستپێشخەری بووە، ئێستاش هەر یەکێتییە دەتوانێت؛ پارێزگاری لێبکات و ڕێگە نەدات پیلانگێڕییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان زەفەریان پێ ببات، و بکەوێتە بەر هەڕەشەو مەترسی نەیارەکانی نەتەوەکەمان.
ئێستایش یەکێتیی، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکەی مێژووییدایە؛ لەلایەک گوزەرانی هاووڵاتیانمان لە دۆخێکی خراپدایەو سیستمی حکومڕانیی هەرێم لە ئاست خواست و داواکارییەکانیی خەڵکدا نییە.. لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دۆخی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوەی لایەنەکان و پرسی وزەوە مەترسی جددی کەوتووەتە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان!
لەو سۆنگەیەوە یەکێتیی بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت؛ لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان، بە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی دەرچەیەک بۆ ئەم دۆخە ناسەقامگیرە بدۆزێتەوە کە چەند ساڵێکە ڕووبەڕووی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکان بووەتەوە.
لەم یادەدا سڵاو لە گڵکۆی ڕابەر و سەرکردە ڕەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کورد و کوردستان!
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان..!
دووبارە یادی (47)مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (46)مین ساڵەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ پیرۆز بێت
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکووک - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان [1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!