کەرت هەبێت، کەرت دەتۆپێ، ژنت هەبێت ژنت دەڕوا
عەزیزی مام حەمە عەلی حاجی عەلی حەمەد مەلاک، خەڵکی ئاوایی ئیلنجاغی گەورەی شێخانانی وراتی کۆیە بوو، ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بۆ دڵدانەوەی ئه و کەسانەی کە دووچاری زیانێک دەبوون هەموو جارێ ئه و قسەیەی دووبارە دەکردەوە، هەڵبەت ئەویش ئه و پەند و ئیدیۆمەی لە کەسانی پێش خۆی وەرگرتووە، کە لە بنەچەدا ئیدیۆمەکە ئەوها بووە(چیت هەبێت، ئەوەت دەڕوات، نامێنێت، دەمرێت...تاد) کەر کە لە شوێنی ئۆتۆمبیلی تایبەت و بارهەڵگری ئەوڕۆ بووە، زۆر ئیدیۆمی لەسەر هاتووە، وتراوە: کەرێکت نەبێت، کەرێک ناهێنیت، گیسکێکت نەبێت گیسکێک ناهێنیت... به و شێوەیە، وەکو گاڵتە و گەپ مام عەزیز ئه و ئیدیۆمەی بۆ زیاد کردووە: ژنت هەبێت ژنت دەڕوا، ئێستا لە سەروبەندی ساڵی(2022) زاییندا، ئه و کەسانەی کە ژنیان دەڕوات چ وەکو تۆران چ وەکو جیابوونەوە زۆر زۆر بووە و خەریکە گاڵتەکەی مام عەزیز تەواو وەکو ئیدیۆم شوێنی خۆی بکاتەوە، کە پێشتر ئەگەر کەر بەمانای وشە زۆر پێویست بووە بۆ کاروباری ناوماڵ و کێڵگە و شوانکارەیی و دەست وپێی مرۆڤ بووە بۆ هەڵسوڕاندنی کاروبار، کاتێک بە هەر هۆکارێک بتۆپیبوایە خەڵکی دەچوون دڵیان دەدایەوە دەیان ووت: کەرت هەبێت، کەرت دەتۆپێ، مام عەزیزیش ئەوەی بۆ زیادکردوو دەیوت: ژنت هەبێت ژنت دەڕوا.[1]