شۆڕشی نەهری و دەوڵەتی کوردیی
$ شۆڕشی شێخی نەهری هەنگاوێک بەرەو دەوڵە، سەرەتایەک بۆ پێکەوە ژیان$
شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری یەکێکە لە شۆڕشە مەزنەکانی کورد، لە باکووری کوردستان سەریهەڵداوە، شێخ یەکێک بووە لەو شۆڕشگێرە گەورانەی کورد کە وڵاتە زلهێزەکان حیسابیان بۆکردووە و نامەی بۆ زۆربەی سەرکردەکانی عەرەب ناردووە بەتایبەتی شەریفی مەککە(سعودیە) و خدێوی ئیسماعیل(میسر) بۆ بەدەستهێنانی ڕای گشتی لەپێناوی بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد. لە سەر ئاستی ناوخۆیش شێخ توانیویەتی کوردەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و ڕێز لە بیروڕای ئازادی نەتەوەکانی تر بگیرێت و حسابیان بۆبکات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورددا.
شێخ عوبەیدوڵای نەهری کوڕی سەید تەهای کوری شێخ ئەحمەد شەهابەدینە، لە گوندی نەهری ناوچەی شەمزینان، ساڵی (1830) لە گوندی نەهری لەدایکبووە، کاراکتەرێکی بەهێزبووە بۆ ڕابەرایەتییەکی دینی بەتایبەتی ڕێبازی نەقشبەندی. لای سەرۆک خێڵەکانی کورد گوێ بۆ قسەکانی دەگیرا بۆیە شێخ کەوتە یەکخستنییان کە پێشتر هەریەکەیان بۆچونێکی هەبوو.
بۆچوونی ئەرمەنییەک:
شێخ سەروەری نەتەوەکانی بەهەموو ئایدیا و مەزهەبەکانەوە پاراستووە بەتایبەتی ئەرمەنییەکان، کاتێک عوسمانیەکان ویستیان جەنگی پێبکەن لەگەڵ ئەرمەنەکان بەڵام شێخ ڕەتیکردووەتەوە، یەکێک لە ئەرمەنییەکان دەنوسێت: کەسایەتییەکی گونجاو و نایاب بووە، سەرپەرشتی هەتیو و بێوەژنەکان بووە، لەهەموو ناوچەکانەوە کوردەکان دەهاتنە شەمزینان بۆئەوەی لەبارەی مەینەتییەکانیانەوە قسە و وتووێژی لەگەڵ بکەن، ڕاوێژیان پێدەکرد و داوای ئامۆژگارییان لێدەکرد، ئەوانیش ئامۆژگارییەکانیان بەگرنگ وەردەگرت، ڕێز و خۆشەویستی زۆریان بۆی هەبووە، ڕێزیاندەگرت وەک سەرکردایەتییەکی دادپەروەر و مرۆڤدۆست لێیان دەڕوانی.
هەندێک لە سەرکردەکان هەوڵیاندەدا ئاراستەی کوردەکان بگۆڕن بۆ شەڕکردن لە دژی ئەرمەنییەکان، هەرچەندە ئەوانەی بە قسەی شێخیان نەکردو چوونە ژێر فەرمانی بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا
کۆنگرەی سەرکردەکان:
لە کۆتایی تەمووزی ساڵی 1880 کۆنگرەیەک لە شەمزینان بەسترا بە سەرۆکایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دواتر کۆبوونەوەیەکی تری بەست لە نەهری شێخ عوبەیدوڵڵا وەڵامێکی توندی ئەوانەی دایەوە کە هەندێک لە سەرکردەکان هەوڵیاندەدا ئاراستەی کوردەکان بگۆڕن بۆ شەڕکردن لە دژی ئەرمەنییەکان، هەرچەندە ئەوانەی بە قسەی شێخیان نەکردو چوونە ژێر فەرمانی بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا. بەڵام هەوڵەکانی شێخ تا ڕادەیەکی زۆر ڕیگر بوون لە بەشداریی کوردەکان لە کۆمەڵکوژی ئەرمەندا.
هەوڵی دبلۆماسی:
کاتێک شێخ لە ساڵی 1880 هەڵمەتی کردەسەر ئێران، نامەیەک بۆ (ویلیام ئابۆت) سەرکونسۆڵی بریتانیا لە تەورێز دەنێرێت و تیایدا دەنوسێت: خەڵکی کورد میللەتێکی جودایە لەوانی تر، مەزهەبیان لەگەڵ مەزهەبی تردا جودایە و یاساوڕەسمیشیان جودایە، سەرۆک و فەرمانڕەواکانی کوردستان چ سەر بە عوسمانییەکان و چ سەر بە ئێران بن دانیشتوانی کوردستان هەموویان لەوەدا یەکدەنگن کە لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە هەڵناکات و دەبێت کارێکیان بۆ بکرێت، دەبێت دەوڵەتانی ئەوروپایی لەمە بگەن و لە بارودۆخی ئێمە بکۆڵنەوە. ئێمە میللەتێکی جوداین و دەمانەوێت کاروباری خۆمان بەدەست خۆمانەوە بێت.پێدەچێت دیبلۆماتەکانی بریتانیا لە ئێران و دەوڵەتی عوسمانیدا ئەم قسەیان بەهەند وەرنەگرتبێت و ئێرانییەکانیش واپێدەچێت گومانیان لەم وتانە هەبووبێت، بۆیە هیچ کارێک بەو نامەیە نەکرا.
هۆکارە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ شێخ یامەتیدەر بوون، چونکە شۆڕشەکە لەلایەن خدێوی میسر و شەریفی مەککە پشتیوانی لێدەکرا. شێخ کەوتە دروستکردنی پەیوەندی دروستکردن لە ڕێگەی نامە نووسینەوە بۆ ژمارەیەک لێپرسراوی دەوڵەتانی ناوچەکە و نوێنەرانی هەندێ لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ئەو زوڵم و زۆرەی بۆ ڕوونکردونەتەوە کە کورد لەسەر دەستی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانیدا چەشتوویەتی، داوای لەو لێپرسراوانە کرد کە ئەم کێشەیە بۆ بەرپرسەکانیان باسبکەن و ئەوە بە گەلانیان بناسێن کە گەلێک هەیە بەناوی گەلی کورد کە هەوڵدەدات ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت.لەم سەروبەندەدا شێخ چەند هەنگاوێکی نا بۆ یەکپارچەکردنی کورد و یەکخستنی یەکهەڵوێستییان و لەم بوارەدا کۆمەڵەی کوردی پێکهات.
جیاوازن:
1-بۆ یەکەمینجار شۆڕشەکەی وەک شۆڕشی نەتەوەیی وسنوور بەزێن بەرپاکرد.
2-لە دیدی هەندێک لە مێژوونووساندا شێخ عوبەیدوڵڵا یەکەمین و دیارترین ناسیۆنالیستی گەورەی کوردە، بەڵام لە دیدی (دیڤید ماکداوڵ) کە یەکێکە لە ناسۆنالیستەکانی کورد.
شێخ عوبەبیدوڵا لاپەڕەیەکی پاکی پەیوەندی نێوان مسوڵمانانی کورد و تایفییە ئایینیەکانی تری کردەوە
ئامانجەکانی شۆڕش:
1-دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەگکرتووبۆ کورد.
2-مافەئاینیەکانی مەسیحی و کەمینەکانی دیکەی ناو کوردستان دابینبکات.
3-کێشەی کورد لە قاوغی ناوچەیی بباتەدەرەوە و دیدێکی نەتەوەیی بۆشۆڕش دیاری بکات.
4-بە یەکچاو سەیری گەلی کوردی دەکرد با لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانییشدا بووبن.
5-لەشکرێکی دامەزراند و ڕێکیخست و بەهەر بەشێک ئەرکێکی تایبەتی سپارد.
6-لاپەڕەیەکی پاکی پەیوەندی نێوان مسوڵمانانی کورد و تایفییە ئایینیەکانی تری کردەوە.
7-شۆڕشەکەی شێخ گوزارشتی لە حەز و ئارەزووی گەلی کورد دەکرد کە دەیەویست بار و ژیانی چاک بێت و کورد لە ئێران و دەوڵەتی عوسمانی یەکبگرێتەوە.
کاریگەریی مەزهەب:
دەوڵەتی عوسمانی لەڕووی مەزهەبییەوە –سوونە- توانی کوردەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێت و سوود لە کورد ببینێت، ئەویش کەم تازۆر قازانج بە کورد بگەیەنێت بۆ نموونە: تەواوی میرنشینە کوردەکان لەژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانیدا بوون، لە چوارچێوەی فیدراڵەیەتیدا دەژیان وەک شەرەفخان دەنوسێت: سوڵتانە خاوەنشکۆکان هەرگیز دەستدرێژییان نەدەکردە سەر نیشتیمان و خاکی کوردان. د.جەلیلی جلیل دەڵێت: شێخ عوبەیدوڵڵا بیری ئامانجی کوردستانێکی سەربەخۆیی کەوتەسەر بیروباوەڕە سیاسییەکانی خۆی لەسەر بناغەیەکی ئایینی داڕشت، موریدەکان لە تەکیەی شێخدا کۆدەبوونەوە، خەلیفە و نوێنەرە ئایینییەکان بەناوی ئەم تەکییەدا دەگەڕان کە شێخ لەڕێی ئەمانەوە دەسەڵاتی ئایینی خۆی بەسەر ژمارەیەکی زۆری کوردا هەبێت و خەڵکانێکی زۆر لە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوە.
هەنگاوەکان:
شێخ ئەو ئامانجەی گرتبووەبەر بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێکی نا لەوانەش:
1-یەکیەتی و یەکڕیزی و برایەتی سەرۆک خێڵە کوردەکانی دەستپێکرد و سەرەتا هەستا بە یەکخستنی خێڵەکان. چوون شێخ لەوە گەیشتبوو کە تا سەرۆکە کوردەکان یەکنەگرن، ئەوا کورد سەربەخۆیی بەخۆوەنابینێت.
2-بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی چەکدارانە لە دژی دەوڵەتی ئێرانی. تا کۆتایی بە ستەمکاری سەرانەسەندن لەلایەن فەرمانبەرانی ئێرانی بەتایبەتی فەرمانبەرانی تورک لە ئازەربایجان بهێنێت.
3-راپەڕینی وەک هەلێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی میرنشینێکی کوردیسەربەخۆ، دوور لە دەمارگرژی ئایینی و ورووژاندنی ناڕەزایی و هەڵکشانی چینی زەویداری کورد.
گرنگترین لایەنەکان:
لەڕێگەی تاوتوێکردنی کردەوەی سەرکردە هاوپەیمانەکان لەگەڵ شێخدا، دەکرێت بڵێن کە گرنگترین لایەنی ئەوشۆڕشە بریتی بوون لە:
1-دەربرینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو ستەمکاریانەی کە لەلایەن فەرمانبەرە نێردراوەکانی ناوەند یان تەورێزەوە دژی سەرکردە و پیاوماقوڵانی باکووری کوردستان سەپێندرابوو کاردانەوەی توندی ئەوان بەرامبەر بەم بارودۆخە مانای خستنە ژێر پرسیاری شەرعییەت و کارایی دامودەزگای بەڕێوبەرایەتی ئێران بوو.
2-وەستانی شێخ لەئاست ستەمکاری و گەندەڵکاری فەرمانبەران و پیاوانی دەوڵەتی قاجاری، شێخ عوبەیدوڵڵا لە ناوجە سنوورییەکانی عوسمانی – ئێرانیدا نفوزی زۆربوو دەسەڵاتی باشی هەبوو لەنامەیەکدا مەیجەر ترۆتەر بۆ مستر گۆشن دا هاتووە:
شێخ بە نفوزترین کەسە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەروەها شەخسی خۆی و دەسەڵاتی لەناو کوردەکانی سنووردا زۆر لە هی سوڵتان پیرۆزترە، ئامانجی ئەم پیاوە ڕزگارکردنی وڵاتەکەیە لەدەسەڵاتی عوسمانی. لەبارەی ڕاپەڕینەکەی شێخ بە سەرەتای خەمڵێنی هۆشی نەتەوەی کورد دادەنێ و دەڵێت: خەباتی گەلی کورد بەهۆی شێخی نەهری چووە قۆناغێکی نوێوە کە دەگونجێت بە سەرەتای گۆڕانی هەستی نەتەوایەتی کورد بۆ هۆشی نەتەوەیی و دانانی بناغەی سەرەتایی گشتییەکانی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابنرێت.
3-لە بەڵگیەکی تردا هاتووە پرۆژەی شێخ ئەوەیە خۆی وەک سەرۆکی کورد دابنێت و هەموو کوردستانیش لە تورکیا و ئێراندا بلکێنێت بەیەکەوە. شێخ هەردوو پارچەکەی کوردستان ڕزگاربکات و ڕیزەکانی کورد یەکبخات و سەرۆک هۆزەکانی کوردیش لە یەک ڕێخراودا کۆبکاتەوە، وێڕای دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئایین و نەتەوە جیاوازەکان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەوڵەتە گەورەکانی ئەوکاتەی ئەوروپا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش شێوازی جیاجیای خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی بەکارهێناوە.
4-هەر لە سەردەمی شێخدا یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی لە مێژووی کوردا دامەزرێنرا کە خۆی سەرۆکی بوو (بەحری بەگ)یش کارگێڕی بوو کە ڕێخراوێکی یەکیەتی کوردان بوو.
بایەخەکانی شۆڕش:
ڕاپەڕینی کوردەکان لە ساڵی 1880 بە سەرکردایەتی شێخ عوبەیدوڵڵا بایەخێکی مێژووی گرنگی هەبوو. لەڕاستیدا هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشچوون. ئەگەر چی سەرکەوتوونەبوو لەوەی کە کۆتایی بهێنێت بە قۆناغی جیاخوازی- دەرەبەگایەتی لە مێژووی جموجووڵەکانی کورد و گۆڕینی بە کوردایەتی سەرانسەری، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ڕاپەڕینە لەهەموو جموجووڵ و بزووتنەوەکانی پێشووی کورد بەتواناتربوو لەهەردوو لایەنی سیاسی و ڕێکخستنەوە و کپکردن و دامرکانەوەی ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا نەبووە مایەی ئارامی لەکوردستاندا.
بەڵکو بەپێچەوانەوە بەرگری و بەرهەڵستییەکانی کورد بەردەوامبوو، بەڵام ئەمجارەیان بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر ناوچەکانی تورکیا. هەرچەندە لە چوارچێوەیەکی تەسکدابوو، بۆیە هەردوو دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران زەنگی ترسناکییان لێدا و هەستان بە کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی گەورە بۆ شەڕ لەگەڵ شێخدا.
پیلان و دوورخستنەوە:
لەڕاستیدا ئەم هێزانە گەلێک بەتواناتربوون لە هێزەکەی شێخ و شێخ خۆی ڕاگرت لە قەڵای (هەورامار) تا ناوەڕاستی ئەیلول، دوای ئەوەی بەدیلگیرا تورکەکان بردیان بۆ شاری موسڵ، بەڵام لەوێش بەردەوامبوو لە بانگەشە و بانگەوازەکانی لەنێو خێڵە کوردەکان، بۆیە دەسەڵاتدارانی تورکیا خوازیاربوون دووریبخەنەوە بۆ جێگایەکی دوورتر، دواجار تورکەکان توانیان دووریبخەنەوە بۆ مەککە. بەمجۆرەش گرژی و ئاڵۆزییەکان تاماوەیەک لە باشووری خۆرئاوای کوردستان هێوربووەوە هەروەها حکومەتی ئێران نەیتوانی خێڵە کوردەکان هێوربکاتەوە هەتا پۆستە ئیدارییەکانی ناوچەکانی خۆیان دا بەدەست سەرکردەکانیان. هەستان بە گۆڕینی ئەو فەرمانبەرانەی کە ڕق وکینەیان بەرامبەر کورد هەبووە بە فەرمانبەرانی دیکە.
جیاوازیی لە شۆڕشەکانی تری کورد:
1-گوڕوتینێکی ئەوتۆی بەخۆوە بینیوە کە توانی زۆربەی کوردەکان لەخۆی کۆبکاتەوە.
2-سوپایەکی بەهێز دروستبکات.
3-ئامانج و ستراتیجییەتی ئەوە بووە کە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنێت و کورد ڕزگاربکات لەژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی.
4-لەلایەن عوسمانییەوە هەوڵدراوە شەڕی ئەرمەنەکانی پێبکەن، بەڵام ئەمەی نەکردووە ورەتی کردووەتووە.
5-باوەڕی بە لۆبی دروستکردن هەبووە بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدا بنرێت بۆیە تا توانیویەتی لە ڕیگەی نامەکانیەوە ئاگاداریان بکاتەوە.
لەلایەن عوسمانییەوە هەوڵدراوە شەڕی ئەرمەنەکانی پێبکەن، بەڵام ئەمەی نەکردووە ورەتی کردووەتووە
کۆتاییە تراژیدیەکان:
ئەگەر سەیری کورد بکەین لەمێژوودا هەمیشە کورد وەکو داردەستێک بەکارهێنراوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان یەکێک بەناوی ئایین و یەکێک بەناوی مرۆڤایەتی ئازادیی پێدانەوە کە گوایە لەژێر دەستی عوسمانییەکان دەچەوسێندرێنەوە و مافیاندەدەنێ. کوردیان لەپێشەوەی بەرەی جەنگ داناوە وباجیان لێوەرگرتووە، بەڵام تائەوکاتەی کاریان پێی بووە دواتر فەرامۆشیانکردوون.
دوای چەندین شەڕو کێش شێخ قەڵاتی ئۆرمارو خۆی قایم کرد. ئینجا عوسمانییەکان بەپەلە هێزەکانی خۆیان گەیاندە قەڵاکە و ئابڵووقەیان دا. شێخیش بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوە دا. ئەوە بوو گرتیان و نەفیان کرد بۆ شاری مەککە، لە تشرینی یەکەمی 1883دا بەنەفیکراوی لەوێ کۆچی دوایی کرد.
تێبینی:
سوود لە گۆڤاری کۆچ، وەرگیراوە، بابەتی (ستراتیجیەتی شێغ عوبەیدوڵڵای نەهری لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆدا، خالید دۆستی).[1]