چاو وەک خوازەی زمانی
(چاو)، ئەندامێکی جەستەی مرۆڤە و هۆکارێکی پەیوەندیکردنە، بەبێ زمان و ئاخاوتن و گفتوگۆکردن، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی جوانی دەموچاوە و ڕەنگی چاویش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، دەگۆڕێت و جیاوازە، هەروەها شێوەکەشی، جیاوازە.
لەبەر ئەوەی (چاو) ئەندامێکی گرینگی ڕۆشنایی و سەرچاوەی بینینە و بەهۆی چاوەوە مرۆڤ درک بە جیهانی دەروروبەر دەکات و پەی بە شتەکان دەبات، سەرچاوەیەکی گرنگی جوانیشە، بۆیە یەکێکە له و ئەندامانەی جەستە، کە زۆرترین پێداهەڵگوتنی پێدا هەڵگوتراوە، لە لایەن شاعیرانەوە، زۆرترین وەسفی کراوە، هەندێکیان بە شێوەکەیان هەڵگوتووە، هەندێکی دیکەیان بە ڕەنگ و قەبارەکەیان دا هەڵگوتووە، بەهەمان شێوە برژانگ و ئەبرۆش کە پەیوەستن بە چاوەوە، پێداهەڵگوتنیان بۆ کراوە.
(چاو)، لە شیعر و پەندو ئیدیۆمیشدا، دەربڕینی بۆ کراوە، زۆرجار چاو، وەک دەربڕینی خۆشەویستی باسکراوە، یان وەک دەربڕینێک بۆ ڕق و کینە، یان وەک ترس و ماتەمینی و خەمۆکی دەربڕینی بۆ کراوە، چونکە، مرۆڤ دوچاری هەر بارودۆخێک بێتەوە، لە چاوەکانیدا، ڕەنگدانەوەی دەبێت، هەربۆیەش زۆرجار لە دادگاکان و زانستی پزیشکیشدا، سود لە سەیرکردنی چاوەکان دەبیندرێت، بۆ دەستنیشانکردنی درۆ و ڕاستگۆیی و تاوان و جۆری نەخۆشییەکان، لەبەر ئەوەی زمان ڕەنگدانەوەی بیرە، بۆیە دەبینین، ئەم ئەندامە گرینگە، لە پەند و ئیدیۆمیشدا، ڕەنگی داوەتەوە، کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
چاوی زەرد بووە:
1 خەریکە دەمرێت.
2 زۆر ترساو و شپرزە بووە.
چاوتان ڕوون بۆوە:
واتە: دڵیان کرایەوە، شادبوون، بە بینینی یەکێک یان وەرگرتنی ئەنجامی باش و سەرکەوتوو.
چاوی تێرە:
بەکەسێک دەگوترێت، کە بە تەماع نەبێت و هەڵپە بۆ شتێک نەکات.
چاو بر سییە:
واتە: بە تەماع و چاوچنۆکە.
چاویان لەسەر:
واتە : خەڵک زۆر چاودێرییان دەکات، وەک ترسێک بۆ چاو و زاریش بەکاردێت.
چاوی سوور بووە:
واتە: غرور بووە، یان زۆر توڕەیە.
چاویان لە دەستی خەڵکییە:
واتە: هەژارن، یان تەمبەڵ و کار نەکەرن، دەبێ خەڵک بەخێویان بکات و کاریان بۆ بکات.
چاوشۆڕە:
چاو بەره و ژێرە، بەهۆی قەرزارییەوە، منەتبارە.
چاوپیسە:
حەسودە، ناوی خەڵک دەهێنێت، هەمیشە چاوی لەسەر ڕزق و سامانی خەڵکییە و بە زمان باسیان دەکات، بۆیە خەڵکیش لە چاوی دەترسن و بە چاو پیس ناوی دەبەن. [1]