قەڵای وان، نموونەیەکی پڕشکۆی سەردەمی ئورارتی یه
قەڵای وان، لە کۆنترین و گرنگترین قەڵا مێژووییەکانی باکووری کوردستانە، لە ڕووی تەمەن و سەردمە مێژووییەکانی گرنگییەکی تایبەتیی هەیە. ئەم قەڵایە بە دووری پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە ناوەندی پارێزگای وان و لەسەر چیایەکی بەرز بنیاد نراوە، هەر بۆیە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.
بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان، ئەم قەڵایە یەکەمجار لە سەردەمی ئورارتییەکان (پاشا ساردوری) ، واتا نزیکەی 900 ساڵ پێش زایین درووستکراوە، بەڵام لە سەردەمەکانی دواتر (واتا میدی، ئەخمینی، ساسانی و سەلجووقی) وەک بنکەیەکی گرنگی چاودێری و پاراستن بەکارهاتووە. بە تێپەڕینی کات و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە، قەڵای وان کەوتۆتە ژێر ئاو و نوقومبووە، دواتر لەلایەن پسپۆرانی مێژوو و شوێنەوارناسانی تایبەت بە شوێنەوارناسی ژێر ئاو، دۆزراوەتەوە و پاش کنە و پشکنین وەک شوێنەوارێکی گرنگ ناسێندراوە.
ئەم قەڵا سەخت و بەهێزە، بە قەڵای (توشیپا) ش ناسراوە و لە گەورەترین قەڵاکانی دەڤەری ئاناتۆلییە. پێکهاتە بیناسازییەکەی قەڵای وان لە تاشەبەردی گەورەی بازاڵت پێکهاتووە و بەشی سەرەوەشی لە خشتی قوڕین درووستکراوە.
ئەو شاخەی قەڵای وان لەسەری بنیادنراوە نزیکەی 100 مەتر بەرزە و دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کەناری دەریاچەی وان. قەڵاکە 1250 مەتر درێژە و پانییەکەی لەنێوان 70 بۆ 80 مەتر دەبێت.
جۆری بیناسازییەکەی قەڵای وان تایبەتە بە سەردەمی ئورارتییەکان، ئەمیش بەهۆی بەکارهێنانی پلیکان و تەختکردنی بەشێک لە زەوییەکە بۆ درووستکردنی بینا و باڵەخانەی تر سەلمێنراوە. ئەم قەڵایە لە چەند بەشێکی جیاواز پێکهاتووە وەک ژووری ناشتنی تەرم (کە تایبەت بووە بە خانەوادەی پاشاکان) ، هەروەها چەندین ستوونی بەردینی نووسراو لە دیوی ژوورەوە و دەرەوی بیناکان هەیە باس لە مێژوو و چۆنییەتی درووستکردنی ئەم قەڵایە دەکەن.
قەڵا مەزنەکەی وان لە دوو بەشی سەرەکی، واتا بەشی دەرەوە و ناوەوە پێکهاتووە. بەشی ناوەوەی قەڵاکە، لەسەر شاخێک بەشێوازێکی ستراتیژی درووستکراوە، بەشی دەرەوەشی لە چل بنکەی پاسەوانی پێکهاتووە.
لە شوێنەوارە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی ناو ئەم قەڵایە، دەکرێ ئاماژە بە هەبوونی گۆڕێکی کۆن و مزگەوتێک بکەین کە تێکەڵەیەک لە مێژوو و کولتووری ئایینی سەردەمە جیاوازەکانمان پیشان دەدات. ئەم قەڵایە بەهۆی ژێر ئاو کەوتنەکەی، هەروەها تێکچوونی ڕەوشی پاراستنی بە هۆکاری مرۆیی و سرووشتی، تا ئێستا چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و لە ئێستادا یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی باکووری کوردستانه.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]